بنیاتنانى مرۆڤــ پڕۆژه‌یه‌كى نیشتمانییه
July 8, 2019
وتار و بیروڕا
نوسه‌ری به‌ناوبانگى ئه‌مریكى دیل كارینجی ده‌لێ" یه‌كه‌مجار ئه‌ركه قورسه‌كان جێ به‌جێ بكه، ئاسانه‌كان هه‌ر له‌خۆیانه‌وه جێ به‌جێ ده‌بن".
بێگومان قورسترین ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى له هه‌ر كۆمه‌ڵگه و ووڵاتێك له په‌روه‌رده‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، بۆیه پێویسته له په‌روه‌رده‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، قورسترین ئه‌رك له په‌روه‌رده بنیاتنانى مرۆڤـــه، پێویسته مرۆڤی كوردستانى بنیات بنێین له په‌روه‌رده.
لێره‌وه ده‌پرسین ئایا دیدگای په‌روه‌رده‌ییمان هه‌بووه بۆ بنیاتنانى مرۆڤـــى كوردستانى و نه‌خشه‌رێگاى بنیاتنان كامه بووه ؟ یان توانیومانه سوود له ئه‌زموون و شاره‌زایی ووڵاتانى پێشكه‌وتوو له بواری بنیاتنان وه‌ربگرین؟ بێگومان وه‌ڵامه‌كان روونه.
ئه‌وه‌ى گرنگه پێویسته له داهاتوودا دیدگا و نه‌خشه رێگاى بنیاتنانى مرۆڤـــى كوردستانى رابگه‌یه‌نرێت له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمى كوردستان كه وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ئه‌رك وبه‌رپرسیاریه‌تى بگرێته ئه‌ستۆ به هاوكاری وه‌زاره‌ته‌كانى تری په‌یوه‌ندیدار، به‌ڵام ئه‌ركی سه‌ره‌كى له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌یه، وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كى نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تى ته‌ماشا بكرێ و كارى له‌سه‌ر بكرێ و به چه‌ند قۆناغ له نێوان (10-15) ساڵ به ووردی بۆ هه‌ر قۆناغێك ئاماده سازى ته‌واو بكرێ تا بتوانین له ئاینده‌دا نه‌وه‌یه‌كى كوردستانى به‌هێز بێنینه به‌رهه‌م نه‌وه‌یه‌ك كه هه‌ستێكى به‌رزی هه‌بێت له به‌رپرسیاریه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و كارگێڕى و نیشتمانى و ووشیاری رامیاری هه‌بێت و مه‌ودا دووره‌كان ببینێت و كه‌سێكى هه‌ڵ په‌رست و لاواز وخۆپه‌رست نه‌بێت، بتوانین له‌و مه‌ودایه‌ى دیارى كراوه كه‌سانى نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز و چاڵاك ئاماده بكه‌ین، كه‌سانى سه‌ركرده له ناخ كه‌سانێك بڕوایان به شكست و سه‌ركه‌وتن هه‌بێت و لایان ئاسایی بێت و كه‌سانێك بتوانن كه‌سانى ناخ به‌رز دروست بكه‌ن، نه‌ك كه‌سانی ناخ لاواز و شوێنكه‌وتوو به‌رده‌وام بۆ هه‌موو هه‌وڵه شكست خواردوو و سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كان بیانوو پاساویان هه‌بێت، به‌ڵكو كوردستان پێویستى به كه‌سانى بوێر و دڵسۆز و خاوه‌ن پڕه‌نسیپ و راستگۆ هه‌یه، كه‌سانێك كه له‌داهاتوودا بتوانرێ چاره‌نووسى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى به‌رێوه‌ببه‌ن له سه‌رجه‌م بواره‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر توانیمان كه‌سانێك بنیات بنێین كه سوود و قازانجى گشتى نیشتمان و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى هه‌رده‌م له پێش قازانج و به‌رژوه‌ندییه‌كانى خودى خۆى بێت، ئه‌وا بێگومان كه‌سانى به‌رهه‌م هێن هاتوونه‌ته به‌رهه‌م كه خۆشه‌ویستى و به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان له سه‌رووى هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان ده‌بێت.ئه‌وكات تا هه‌تایه كوردستان ئارام و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو خۆشگوزه‌ران و به‌هێز ده‌بێت و نموونه‌یه‌كى هه‌ره به‌رزی پێشكه‌وتوو ده‌بێت له ناوچه‌كه به‌گشتى.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی