ڕەفتارەكانی ئێستای عێراق بۆنی دەسەڵاتدارانی بەعسی گرتووە

ڕەفتارەكانی ئێستای عێراق بۆنی دەسەڵاتدارانی بەعسی گرتووە

دوای تێپەڕبوونی 16ساڵ بەسەر لەناوچوونی دەسەڵاتی حزبی بەعس. خۆ ئەگەر ئێستا ئەوانە گەڕابێتنەوە سەر گەرای بەعس و فكر و هزری بەعس، بە دڵنیاییەوە دەبێ بڵێین ئەوە هونەری بەعس نییە كە ئەوانەی گێڕاوەتەوە، بەڵكو ئەو پاشاگەردانییەو ئەو فرەدەسەڵات و فرەجەمسەرەییەیە كەلە عێراق درووست بووە، كە بەجۆرێ هیچ كەس و لایەنێك كار بە دەستوور و یاسا ناكات، بەڵكو هێز بەسەر سەدان گرووپ و تاقمدا دابەش بووە، ئەمەش وایكردووە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانیش كەمبێتەوە یان هەرنەمێنێ.
هەر بۆیە ئێستا لەهەموو ڕێگایەكەوە دژایەتی گەلی كورد دەكرێت و دۆخەكە بۆنی سەردەمی بەعسی گرتووە، بەداخەوە سەرەڕای هەبوونی نۆێنەرانی كورد لەبەغداد و بوونی سەرۆك كۆمارێكی كورد، لەبەرچاوی ڕاوێژكارەكانی و لە سەماوە لەسەر ڕووفاتی پیرۆزی ئازیزانمان ئەفسەرێكی پلەنزم سووكایەتی بەئاڵای كوردستان دەكات و ڕێگری لەوە دەكات لەملی كەسوكاری ئەنفالكراوەكاندا بێت، بەداخەوە هیچ دەسەڵاتێك و هیچ جۆرە هەڵوێستێك لەلایەن ڕاوێژكارەكانی سەرۆك كۆمارەوە نەنرا، ئەوان دەستەوەستان بوونە تەماشاكەری ئەو دیمەنە كەدوای 16ساڵ لەڕووخانی بەعس هەمان گەرای بیری شۆڤێنی درووست بووە، كە هەرجارەو بەشێوازێك دەرهەق ئەم گەلە ئەنجام دەدرێت.

كە دەگوترێت بەعس، مەسەلەكە ئەوە نییە رژێمەكانی پێش بەعس و توركیای كەمالیست و شاهەنشا و دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، كەمتر لە بەعس بە فكر و ئایدیاكانیان و ستەمكاری و زەبر و زەنگ كاریان لەسەر هەڵتەكاندنی ژێرخانی فكری خەڵكی كوردستان كردووە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە بەعس و سەدام حسێن دەستیان لە هیچ نەپاراست، تا ئەو جێگایە نەك بە فكر و ستەمكاری، بەڵكو بەكردەوە دەستیان دایە لەناوبردنی بەكۆمەڵ و كیمیاباران، ئەگەریش زەمەن دەرفەتی بدابایە تا لەناوبردنی یەكجاری كورد دەرۆیشتن.

پرسیاری جەوهەری لەم پرسەدا ئەوەیە بەعس چ رێگایەكی گرتبەر تا لەڕەگەوە كۆمەڵگەی كوردستانی هەڵتەكێنێت؟ بۆچی لەستەمكاری هیچ بنەمایەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی لەبەرچاو نەگرت؟ بێگومان بەعس بە سەپاندنی هێز دەستی پێكرد، هاوكات لەپەنای ستەم و زوڵمەوە لە رووی كرداریشەوە هەوڵیدا كە تاكی كورد بەجۆرێك ملكەچ بكات، ئەگەر رۆژگارێك ئەو تاكە رووبەڕووی بۆوە نەتوانێت بە فكر و بیر دژایەتی بكات، بەڵكو پەنا بۆ هەمان ئەو توندوتیژییە بەرێت كە بەعس خۆی بەرهەمی هێنا.

لێرەدا مەبەستە سەرەكییەكەم رێك ئەو خاڵەیەكە حزبی كوردی حكومەتی كوردستان بەوردی كار لەسەر بیركردنەوەكانی ئێستای عێراق بكات و بۆ لێكدانەوەیەكی زانستیانە لەرووداو و دیاردەكان، هەمیشە لێكۆڵەران دەگەڕێنەوە بۆ هۆكانی بەدیهاتنی ئەو رووداوانە، لەبواری كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیشدا (كلتوریی) كە سیاسەت بەشێكی گرنگ‌و بڕیاردەرە، بۆ رووداو دیاردەیەك، بێ چوون‌و چرا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژوو. لێكۆڵینەوە لەمێژوو زەمینەیەكی دروستمان بۆ دەڕەخسێنێ، تا لەبڕیارە سیاسییەكانی حزب یا كەسایەتییە سیاسییەكانی بڕیار بەدەست تێبگەین، بەوردی خۆێندنەوەی بۆ ئەو رووداوانە هەبێت كە لەدوای16 ئۆكتۆبەرەوە روودەدەن پێویستە یەك هەڵوێستی و یەك وتاری لەهەرێمی كوردستان دروست بێت، بۆ رووبەروو بوونەوەی بیری نەژادپەرستی و هەڵ هێنانەوەی گەرای بیری بەعس بۆ نێو خاك و گەلی عێراق، چونكە سەرەنجام گەلی كوردستان و تاكی كورد ژێردەستەیی و بێ ڕێزیكردن بەرامبەر بەخاك و ئاڵاكەی قبوڵ ناكات.
Top