دەستووری عێڕاق مینووی مەطعەمە ..!

دەستووری عێڕاق مینووی مەطعەمە ..!
لە هەڕەمی یاسادا دەستوور باڵاترین دەقی یاسایی نووسراوە و بە دایکی یاساکانیش دەناسرێ ، چونکە دەستوور سیستەمی حوکمڕانی وڵات و پەیوەندی دەسەڵات بە هاوڵاتیانەوە رێکدەخات ، بەمەش یەکێک لە پێداویستیە فرە گرنگەکانی هەر رێکخراو و دەوڵەت و حزب و هەرێمێک بریتیە لە دەستوور و لەغیابی ئەودا وڵات تووشی کێشە و فەوزا دەبێت ، تەنانەت ئەگەر یاسای جۆراوجۆریش هەبن ، چونکە یاساکان نەشێن شوێنی دەستوور بگرنەوە ، ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی تریشەوە نەبوونی دەستوور رێگە بۆ حزبە حوکمڕانەکان خۆشدەکات تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان و بە گوێرەی ویست و بەرژەوەندیەکانیان یاساکان هەموار بکەنەوە .
کوردستان ، وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئاین ، کە سەرجەم بنەماکانی ناسنامەی رۆشنبیری و نەتەوەیی و سیاسی سەربەخۆیی تێدایە و زیاتر لەسەدان ساڵە لەسەر ئەم نیشتیمانەی کە کوردستانە بوونن و شووناس و ناسنامەی خۆیان پاراستووە ، بەڵام لەگشت سەردەم و شۆرشێکیدا بە ئێستەیشەوە ، کوردستان چەقی ناکۆکی بووە لەنێوان دەوڵەتانی زلهێز و ئەمەش هەمووی لەبەر ناکۆکی بووە لەسەر ئیرادەکەی و بەپیتی و بەرەکەتی خاکەکەی ، هەر لەبەر ئەمەشە کە سەرجەم تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەبەرامبەردا بەکارهێنراوە و روبەرووی سەرکوتکردن بۆتەوە لەلایەن حکومەتەکانی عێڕاق و ماف و ئازادیەکانی پێشێڵکراوە و هەروەها کەوتۆتە بەر کۆمەڵکوژی و ئەنفاڵ و چەکی کیمیایی قەدەغەکراویشی لە دژدا بەکارهێنراوە و تووشی کۆچ و کۆچپێکردنی زۆرەملێ کراوەتەوە ، تەنانەت لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیشەوە بە زۆرە ملێ بە عێراقەوە گرێ دراوە ، لە ئێستاشدا دەستووری عێراقی ساڵی 2005 ، ئەو دەستوورەی کە مافی سەرجەم ئاین و نەتەوە و پێکهاتەکانی ، بە نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانیشەوە تێدا باسکراوە ، لێ بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستوورەکە سەراو ژێر دەگرن ، ئەو ماددانەی کە لەباسی کوردستان دان دەکەونە خوارەوە و جێبەجێ ناکرێن .
باسکردنی ماددە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە گەلی کوردستانیش جگە لە مورەکەبی سەر کاغەز هیچی دیکە نییە ، لە ئێستادا ئەو دەستوورەی کە شیعارێکی جوانی هەبوو و ئەگوترا (دەستوور چەترمانە) ، وەک مینووی مەطعەمی لێهاتووە و هەر شتێک کە گەورە بەرپرسانی بەغدا حەزیان لێبێت و دڵیان بیخوازێت ، داوای دەکەن و جێبەجێ دەکرێت و لەباسی کوردیشدا مەطعەمەکە دادەخرێت !.
حکومەتی عێراقی پێشێلی دەیان ماددەی دەستووری کردووە بەسەرجەم بڕگەکانیەوە ، لەسەرووی هەمووشیان ماددەی 140ی پەیوەندیدار بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سووتاندن و لەناوبردنی سەدان دۆنم گەنم و بەرووبومی جوتیارە کوردەکانی پەو گوندانەی کە دەکەونە ژێر رکێفی ماددەی 140 ، لە هۆکاری ناسەروەری و غیابی دەستوورەوەیە ، بۆیە دەڵێم دەستووری عێراق نەک شایەنی شارەزابوون نییە ، بەڵکو خوێندنەوەیشی لێ خەسارە ! ، پێچەوانەی واقیع ، رام وایە کە پێویست بوو عێراق لەژێر دەستووری هەرێمی کوردستان گوزەری بکردبا ، چونکە کوردستان و خەباتی کورد بەر لە عێراق بوونی هەبووە و بەڵگەشم بۆ ئەو قسانەم ئەوەیە کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 1918 مێکزەر نۆیەر حاکمی ئەوکاتی بەریتانیا ، نامەیەک دەداتە دەست شێخ محمود و پێیڕادەگەینێت کە بە احترافی دەوڵەتی بەریتانیا حوکمڕانی ئەو ناوچەیەی لیوای سلێمانی دەکات بەناوی حوکمڕانی شێخ محمود و تەنانەت ئاڵا و پوولیشی هەبووە ، لەکاتێکدا شتێک نەبووە بەناوی عێڕاق ، بەڵکو عێڕاق لە 23 ی ئابی 1920 درووست بوو و تا مانگی 12 ی ساڵی 1925 کوردستانی پێوە نالکێنرێت ، جێگای ئاماژەیە کاتێک عێراق دروست دەبێ هەم خاک هەمیش یەکەم پاشای بۆ قەرز دەکەن ، جا دەوڵەتێک خاک و مەلیکی بۆ قەرز کەن چۆن دەوڵەتێکە ! ، چونکە ئەو خاکەی عێراقی لەسەر بنیادنراوە بەشێک بووە لەو زەویەی کەوتۆتە ناو جوگرافیای ویلایەتی موصل و ویلایەتی موصلیش لەوکاتدا زۆرینەی خاکی هەرێمی کوردستان بووە و بەشێک بووە لە کوردستانی کوردی نەک لەعێراقی عەڕەبی ، هەربۆیەش بەهۆی نەبوونی خاکی پێویست دەوڵەتی عێڕاق دێت و خاکی کوردستان وەک خاکی عێڕاق دەناسێنێت و یەکەم پاشاشی لە دەرەوەی عێڕاق دێنن بە ناوی مەلیک فەیسەڵی یەکەم ، کە هەر فڕی بەسەر عێڕاقەوە نییە و لە بنەماڵەی هاشمیەکانە و حوکمڕانی دەوڵەتی عێڕاق دەکات و دەبێتە یەکەم پاشای عێڕاق .
Top