خەبات و قوربانیدانی دوێنێی باڵەکایەتی لە پێناو ئەمرۆماندا....

خەبات و قوربانیدانی دوێنێی باڵەکایەتی لە پێناو ئەمرۆماندا....
باڵەکایەتی لەماوەی دەیان ساڵی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان زۆرترین قوربانی داوە بە بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان، چ لە سەردەمی شۆرشی ئەیلولی مەزن، چ لە شۆرشی نوێی گوڵانی پێشکەوتن خوازەوە بگرە، تا دەگاتە ئەمڕۆ بە بەردەوام باجی نیشتیمانپەروەری خۆی دەدات، لە کوێش کوردستان پێویستی بە بەرگری لێکردن هەبووبێت باڵەکایەتی بێ دوودڵی ڕۆڵەکانی خۆی گیانفیدایی کردووە، وە خوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدان و وەفاو بە ئەمەکی دوێنێ و ئەمڕۆی خەڵکی تێکۆشەری باڵەکایەتی وایكرد سەرۆک و مەرجەعی باڵای کورد دووەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی قوربان لەگەڵ خەڵکی دەڤەرەکە پیرۆزو ڕازاوەتر بکات...
مامۆستایانی ئایینی و گەنجانی باڵەکایەتیش وێڕای پێشوازی گەرم و دڵخۆشیان بەهاتنی سەرۆک، هەروەها سەرەڕای ڕەخنە و نیگەرانی لە سەر زۆرێک لە سێکتەرەکان لە دەڤەرەکە، بە گەشبینیەوە دەڕواننە هەنگاوەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی تاوەکو لە کابینەی نۆیەمی حوکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژیەکان لە ئاستی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی دەڤەرەکەدا بێت، وەکو خەڵکی باڵەکایەتیش پشتیوانی هەر هەنگاوێك دەكەین بە ئاراستەی چاكسازی و گۆڕانكاری ڕیشەیی، هیواخوازین هەمووانیش بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لە گەڵ کارو هەنگاوەکانی کابینەی نوێ بكەن و كۆتایی بە بەرژەوەندییە تایبەتەكان بهێنن و لە پێناو خزمەت و بەرژەوەندی گشتیدا کاربکەین...
پێشم وایە کابینەی نۆ ئەرکی قورسترو قورسترە لە ئەرکی کابینەکانی پێشووتر، چون دەبێت ئەركی لە پێشینەی دابینكردن و باشترکردنی بژێوی خەڵك و كۆتایی هێنان بە گەندەڵی بێت و لە ئاست چاوەڕوانی هاوڵاتیان وتێپەڕاندنی قەیرانەكاندا بێت، چیتر قەیران بە قەیران چارەسەرنەكرێت و كۆتایی بە مشەخۆری و بەرژەوەند تەسکە شەخصیەکان بهێنرێت، وە پێكەوە كار بۆ ئارامی و پێشكەوتن و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بكەین، لەو پێناوشدا ئاوڕێکی جددیتر لە دەڤەری باڵەکایەتی بدرێتەوە، چون ئەو قوربانییەی خەڵکەکە داویەتی و ئەو فەرهەنگە بەرزەی لە هەردووک شۆرش و دڵسۆزیەی بۆ ڕێبازی کوردایەتی هەمانبووە و ئەو قارەمانێتییەی ڕیشسپی و مامۆستایان و ئافرەتان و ڕۆڵەکانمان چ وەک دوێنێ و چ وەک ئەمڕۆ تۆماریان كردووە، لەچاوی قیادەی پارتیمان شاراوە نییە و ئێستاش جەنابی سەرۆک بارزانی لە دەیان وتاری بە شانازی باس لە خەبات و ڕۆڵی خەڵکی ناوچەکە لە تێکۆشانی شاخ و شارو ژیانی پێشمەرگایەتیدا دەكات.
بە شاهێدی جەنابی سەرۆک و ئێوەی خوێنەریش: باڵەکایەتی بە دێژایی مێژوو یەکیک بووە لە دەڤەرە هەرە ستراتیژیەکانی کوردستان لە ڕووی خەباتی سییاسی، مەدەنی، چەکداری، ئابووریی کشتوکاڵی، مەڕوماڵداری، وە گەشتوگوزاری... لەو ڕوانگەیەوە سوودێکی باشی هەبووەو هاوکارو تەواوکاری بزوتنەوەی ڕزگاریدەری کورد بووە، لەڕووی سیاسییشه‌وه‌ ئەو دەڤەرە هەمیشە لانکەی خەبات و شۆرش گێری بووە هەموو جارەکان شۆرش لەم ناوچەیەوە دەستى پێکردوەو بەدرێژایى سەدەى رابردوو خاوەنی چەندین داستان و شەهیدوکارەساتە هاوشانی ناوچە کانی تری کوردستان دەیان پێشمەرگەى ئازاو نەبەردی تێداهەڵکەوتوە بۆتەنیاساتێکیش سەریان بۆهچ ڕژێمێک شۆرنەکردووە،
باڵەکایەتی لەپێناو ئازادی و سەرفرازى و سەربەخۆیى بۆخەڵکی کوردستان هەرچی لەسەر ئەو دەڤەرە بنووسی هێشتا کەمە. دوو دەیە لە پێش ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991 ی گەلەکەمانەوەو لەدواتریشەوە لانکەى سەرکردایەتى شۆرشی ئەیلولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتنخواز بووە. خزمەت و خزمەتگوزاری زۆر باش کراوە بەڵام وەک پێوویست گرنگى نەدراوە بە دەڤەرەکە لە زۆر ڕوەوە وەک گەشت و گوزار ئاوەدانکردنەوە تاپۆکردنى دەڤەرەکە و نەکردنەوەى زانکۆو پەیمانگای پێویست لەسنورەکەدا و نەبوونی کارگەو نەهێنانی کەرتی تایبەت بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان کە دەکرێت ئەمانەو چەندین شتى تریش وەک کەم و کورى سەیر بکرێن و کابینەی نۆی حوکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە خەڵکی دەڤەرەکەمان بکات .
لە ئیستاشدا دەڤەری باڵەکایەتی بوەتە جێگایەکی پڕ بایەخ، لە چوار وەرزدا خەڵکێکى زۆر ڕوو دەکەنە ناوچەکە بەمەبەستى بەسەربردنی کاتێکی خۆش، وە خەڵکێکی زۆریش دەستی کردووە بە دروستکردنى خانوو باخ و کۆشک و ڤێلای گەشتیاری جوان، هەرچەندە بەهۆى نەبوونى تاپۆوە کەس نازانێت ئایندەى دەڤەرەکە چى لێدێت، بۆیە دەبینى بێ پرس کردن بەلایەنە بەرپرسەکان خانوو دروست دەکرێت و...هتد ، واتە مەبەستمە بڵێم بە شێوەیەکی ستانداردو ڕێکخراو کاری بۆ ناکرێت کە جێی داخە !.



Top