گرنگی پرۆگرام لە پرۆسەی پەروەردە

گرنگی پرۆگرام لە پرۆسەی پەروەردە
نوسەر و رۆژنامەنوسی میسری جەلال عامر دەلێ " کشتوکال برسیەتی ناھێلێ، پیشەسازی پێداویستییەکان فەراھەم دەکات، بەڵام فێرکردن نیشتمانێک دەچێنی و دروستی دەکات و دێنێتە بەرھەم".
پرۆگرامەکانی خوێندن بنچینەی پەروەردە و فێرکردنن، لە ھەمان کاتدا ئامراز و ھۆکاری سەرەکییە بۆ جێ بەجێ کردن و بەدەستھێنانی ئامانجەکان کە لە پێناویدا ھەوڵدەدەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە، کە سەرەتا دەبێ تاکەکان بنیات نرابن کە قوتابین لە قوتابخانەکان بنیات دەنرێن لە رێگای پرۆگرامی خوێندن و پەرتووکی قوتابخانەکان، لەو رێگەیەوە قوتابی رەفتار وکرداری دەگۆرێت بەرەو باشتر دەبێتە تاکێکی سوودبەخش بۆکۆمەڵگە، کەواتە پرۆگرامەکانی خوێندن بنچینەیەکن لە بنچینە ھەرە گرنگ و لە پێشەکانی پەروەردە و فێرکردن، پێویست بەوە ناکات ھەموو جار دووپات و جەخت و پشت راستی ئەوە بکەینەوە کە پرۆگرامەکانی خوێندن زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەن لە گۆڕینی ژیانی کۆمەڵگە بەھۆی ئەو رۆڵە گرنگەی کە ھەیەتی لە دروست کردن و دامەزراندنی بیرو ھزری میللەتان، ھەروەھا لە سەر سۆزو ویژدان و ھەست و رۆشنبیری و کەسایەتیان، واتە پرۆگرام پەیوەندی بە ھەموو شتێک ھەیە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و ھەموو شتێکی گرنگ پێک دەھێنێت کە پەیوەندی بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ھەیە.
بۆیە پێویستە زۆر بە ووریایی و بەرپرسیاریەتییەوە ھەڵس وکەوت لەگەڵ پرۆگرامەکان بکەین، بزانین کام پرۆگرام ھەڵدەبژێرین و گرنگە پێوەر و بنەمای زانستی پێویست دابنێین بۆ دەست نیشان کردن و ھەڵبژاردنی پرۆگرامی راست و دروست بۆ قوتابییەکانمان بە پێی ھزر و بیرو قۆناخە گونجاوەکان، بە پێویستی دەزانم دووبارە چاوخشاندنەوە بە کۆی پرۆگرامەکانی خوێندن دا بکرێت بە سەرجەم قۆناخەکان لە زۆربەی ھەرە زۆری پرۆگرام و پەرتووکەکانی خوێندن لە چۆنیەتی چاپ کردن و کۆمپانیاکان و پاراستنی سەروەتی نیشتمانی کوردستان و بەھێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی کوردستان، گرنگە نوێنەرانی کۆمەڵگە لە مامۆستایان و قوتابیان و شارەزایانی ئەو بوارە بەشداری بکەن لە دەست نیشان کردنی پرۆگرامەکان و کەسانی شارەزا و بە ئەزموون لە پرۆگرامەکانی خوێندن رۆڵیان ھەبێت، کە بیرو ھزری قوتابی بناسن و ئەزموونیان ھەبێت لە قوتابخانە و ژینگەی خوێندن، پێویستە پرۆگرامەکان ئامراز و ھۆکاری دڵخۆشی و بەختەوەری قوتابی و مامۆستا و خێزان بن، چونکە ئەو پرۆگرامە لە زۆربەی شوێن زیانی بە ژیانی خێزان گەیاندووە جێگیری و ئاسودەیی لێ تاڵ کردوون. وای لە قوتابی کردووە رق و کینەی ھەبێت بەرامبەر بە قوتابخانە و خوێندن و چ لە رووی قورسایی بابەتەکە و یانیش زۆری و گەورەیی قەبارەی پەرتوکەکانی کە بوونەتە بارێکی گران لە سەر مێشک و بیرو جەستەی قوتابی و دوو دڵی خێزان، ھەروەھا لەلایەن مامۆستایانی پسپۆریش تووشی دۆش و داماوی و واق ورماوی بوونە، کە ھەندێکیان ناتوانن بابەتەکان ھەرس بکەن. بە شێوەی راست و دروست بیگەینێتە مێشکی قوتابی، جگە لە چڕی و زۆری بابەتەکان، لە ھەمان کاتیشدا قوتابی ناتوانێ وەریبگرێ و لێی تێبگات، زۆر جاران پەنا بۆ بابەتی تایبەت و مامۆستایی تایبەت دەبەن و ھەموو خێزان پێیەوە سەرقاڵ دەبن، بۆیە گرنگە چاکسازی لە پرۆگرامەکان بکرێ لە ھەموو روویەکەوە بە ووردی بابەت و پرۆگرامی پێویست بۆ قوتابی دەست نیشان بکرێ و ھەڵبژێردرێت و لەلایەن کەسانی پەروەردەیی و بە ئەزموون و شارەزا کار لەو پرسە گرنگ و چارەنووسسازە بکرێ، ھەر تەنھا ھێمن کەرەوە و ئارام بەخشی نەبێت، بەڵکو لە رەگەکەوە کار لە سەر پرۆگرامەکان بکرێ لە ناوەڕۆکی فێرکردن و زانستی پەرتوکەکان بکرێ، تەنھا ھێنانی نموونە و ئەزموونی وولاتان و فۆتۆکۆپی نەبێت بە رەنگی جوان و کاغەزی گران بەھا مەسروف و خەرجی زۆر و لە رادەبەدەر لە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵکو پرۆگرامێک بێت مرۆڤی کوردستانی تاکی کوردستانی بنیات بێنێت لە ھەموو روویەکەوە و تاکێکی پۆڵا و شاخ بێنێتە بەرھەم بۆ نیشتمان، نەک تاکێکی لەرۆزک و شەرمن و دەستەمۆو بێ زانیاری زانست.
چونکە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ھەروەکو مامۆستای پەروەردەیی ئەمریکی بەناوبانگ "کونانت" لە پەرتوکی (پەروەردەی ئازاد) دەلێ " پرۆگرام نە کڕین و فرۆشتنە و نەکەلوپەل و شت ومەکە بھێنرێت، بۆیە ئەمریکا لە سەردەمێک لە مێژوو زیاتر زیانی بەرکەوت لەوەی قازانج بکات، کاتێک بیردۆزەکانی فێرکردنی ھێنا لە بەریتانیا و ئەوروپا، بەلێ پێویستی زۆرمان بە گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی پەروەردە و فێرکردن ھەیە، بە شێوەیەک کاریگەری ئەرێنی نەبێت لەسەر دڵخۆشی و ئاسودەیی قوتابی و خێزان. لە ھەمان کاتدا ئامانج و مەبەست بنیاتنانی تاکێکی بە سوود و قازانج بەخش لە ھەموو روویەکەوە بۆ کۆمەڵگە بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی کوردستان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی


Top