مافی مرۆڤ مەڕحەبا

مافی مرۆڤ مەڕحەبا
بە ناساندنی مافی مرۆڤ دەست پێدەکەم و دەڵێم ، مافی مرۆڤ ئەو یاسا و رێسایانەن کە لەسایەیدا دەوڵەت هەڵسوکەوت لەگەڵ تاک و گروپەکانی نێو کۆمەڵگەدا دەکات.
بەر لە جەنگی دووەمی جیهانی ، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوو چین بوو ، چینێک پاشابوون و چینەکەی تریش کۆیلەی ئەوان بوون ، هەڵدانەوە و سەرنجدان لە لاپەڕەکانی مێژووش گەواهیدەری ئەو راستیەن ، لێ دوای جەنگی دووەمی جیهانی مافی مرۆڤ دانران ، کە بەهۆیەوە ماف و ئیمتیازاتەکانی مرۆڤی تێدا دیاریکرا و ئیدی لەو کاتەوە کەمێک حیساب بۆ چینی دووەم کرا ، کە هیچ نەبێت لانی کەم وەک مرۆڤ بژین ، مخابن ، دوای ئەو هەموو ساڵە و لەم سەردەمەدا ، کە سەردەمی عەولەمە و پێشکەتنە ، مافی مرۆڤ ، بۆتە ووشەیەکی بریقەدار ، کە سیاسەت مەدار ، یان خاوەن دەسەڵات ، یان رۆشنبیر یان کۆمەڵگەی مەدەنییەکان یان هەتا تاکێکیش ، تەنها بۆ جوانکردن و رەنگ بەخشین بە ووتە و قسەکانیان ئاماژەی پێدەکەن ..!
کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانان ، بە رابەرایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003 رژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسێنیان رووخاند ، ئیدی لەوکاتەوە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ، باس لە شتێک دەکەن کە بە عێڕاقی نوێ ناوی دەهێنن و گەر دەمیان بکەنەوە سەری زمان و بنی زمانییان بریتیە لە پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی راگەیاندن و کۆڕ و بۆبوونەوە و رادەربڕین و یەکسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان و سەروەری یاسا و ئازادی ئاینی و زۆر شتی تر ..
واتە ئەو شتانەی بەر لە رووخانی رژێمی بەعس و لە کاتی حاکمداری رژێمی بەعس بوونی نەبوو و قسەکردنیش لەسەری بڤە و هێڵی سوور بوو و بەجۆرێک زمان بڕین و مردنی بەدوا دەهات ، دوای رووخانی رژێمی بەعس ، بوون بە خەونێکی جوان و ئاڵ و واڵی عێڕاق .
تاوانەکانی بەعس ، وێڕای ئەوەی کە ناسنامەیەکی گەلێک ناشرین و قێزەونی هەبوو ، کە بریتی بوو لە خوێن رشتن و ئەشکەنجەدان و ئەنفاڵ و زیندانی بەکۆمەڵ و کۆمەڵکوژی ، تەنانەت درووشمێکی دانابوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کە دروشمی ( بکوژە ، ئینجا بڕیار بدە ) بوو ، بەو مانایەی گەر گومانت لە کەسێک هەبوو ، بیکوژە ، ئەوجا دابنیشە و بڕیار بدە ، ئاخۆ کارێکی باشت کرد یاخود نا ! ، هەر بۆیەش کوردیان بێ سەروشوێن دەکرد و مافی هاوڵاتی بوونیان لێدەسەندەوە ، تەنانەت کورد لەو کاتدا بە هاوڵاتیەکی پلە سێش دانەدەنرا .
مامۆستای مەزن مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەربارەی مافی مرۆڤ زۆر جوان فەرموویەتی " مافی مرۆڤ
درۆیەك بوو ، رۆژێ له رۆژان ، له دەمی هەڵوەریوی مێژوو دەرچوو ..! " ، un یش گەرچی رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە دانانی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ ، بەڵام کەمتەرخەمیێکی زۆری پێوەدیارە لە جێبەجێ کردنی دا ، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە مافی مرۆڤ ببێت بەو وشەیەی کە محلی لە ئیعرابدا نەبێت !
Top