قۆناغی پۆست سولەیمانی

قۆناغی پۆست  سولەیمانی
لە دوای ٣ـی ١ـی ٢٠٢٠ رۆژھەلاتی ناوەراست بەبێ قاسمی سولەیمانی گوزەر دەکات. ئەو بوو بە بەشێک لە رابردوو ئێستا قوناغێکی تری ململانێکان و پەیوەندییەکان ھەم لە ئاستی ئێران و ئەمریکا لەلایەک ھەم ئێران و ولاتانی ناوچەکە لە لایەکی ترەوە دەست پێدەکات . قۆناغی دوای قاسمی سولەیمانی قۆناغێکی جیاواز دەبێت چونکە کوژرانی کەسایەتیەکی وەک قاسم سولەیمانی زیاتر کاریگەرییەکەی لە نێو پانتایی ولاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست و بەتایبەت ولاتانی دۆست و نزیک لە ئێران دەردەکەوێت , چونکە مەلەفی جێبەجێکردنی سیاسەتی ھەرێمی لە ولاتانی ناوچەکە لە دەست قاسمی سولەیمانی دابوو بەمەش رووداوی کوژرانەکەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی داھاتووی ئێران دەبێت لە ناوچەکە.
ئەگەری روودانی شەر:
لە دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی ئەگەری روودانی شەر یەکێک لەو ئەگەرانەیە کەە زۆرترین قسەی لە بارەیەوە دەکرێت لە ئاستی بالای ولاتان تا دەگاتە ئاستی شەقامی ولاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست و بە تایبەتیش شەقامی عێراقی بە ھۆی لێدوانە ھەرەشە ئامێزەکانی ئەمریکا و ئێران. بەلام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو دەبینین کە ھەلوێستی ئێران ھەمیشە ھەلوێستێکی ھەرەشەئامێزی توند بووە بەرامبەر بە ئەمریکا پێشتریش دروشمی (مرگ بر امریکا) ھەمیشە دروشمی شەقامی شیعی بووە لە ئێران و ناوچەکانی تری ژێر نفوزی ئێران. بۆیە شتێکی ئاساییە کە ئێستا لە دوای کوژرانی فەرماندەیەکی سەربازی خۆیان کە لە ناوخۆی ئێران خاوەن پێگەیەکی گەورەیە ئاستی حەماسەتی ئێران بگاتە ئاستێکی توندتر, بەلام لە ھەمان کاتیشدا ئەگەر روودانی شەرَێکی راستەوخۆ ئەگەرێکی دوورە چونکە ئێران زۆر باش ھەست بەوە دەکات کە روودانی شەر لە بەرژەوەندی خۆی دا نیە.ئەو مووشەکانەی کە ئێران ئاراستەی کۆمەلێک بنکەی سەربازی ئەمەریکاشی کرد لە عێراق وەک پەیامێک بوو بۆ ئەو کاردانەوانەی کە ماوەی چەند رۆژێکە بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆی ئێران دروستیان کردووە ویستیان وەک پەیامێک بە خەلکی خۆیان بلێن ئێمە وەلاممان دایەوە و پابەندی ئەو بەلێنانە بووین کە بە ئێوەمان دا و بەردەوامیش دەبین. ئەمریکاش نایەوێت لەم کاتەدا بالانسی ھێز لە ناوچەکە تێکبچێت لە نێوان ئێران و ولاتانی سوونی مەزھەب چونکە گوتارەکانی بەرپرسانی ئێران و کردارەکانیان لە یەک ئاست نەبوون ئەمریکاش تەنھا دەیویست وەلام دانەوەکانی ئێران لەم چوارچێوەیەدا بن. چونکە بەلای ئەمریکاوە ئەوە گرنگە کە ئێران وەک ھەرەشەیەک لەلایەن ولاتانی کەنداوەوە لە قەلەم بدرێت گوتارەکانیان ھەمیشە لەو چوارچێوەیەدا بن, چونکە بەم گوتارەی ولاتانی کەنداو ئەمریکا سوودمەندی یەکەمی کرینی چەک و تەکنەلوجیای سەربازییە لەلایەن ئەو ولاتانەوە بۆیە ئەگەری شەری راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا مەحالە.
ناوخۆی ئێران:
ئەوانەی کە شارەزان لە( سیستەمی ویلایەتی فەقیە) باش دەزانن کە پێگەی قاسمی سولەیمانی لە نێو ئەو سیستەمە لە کوێ و چ پێگەیەک دابوو, لە ماوەی رابردوودا ناوی قاسم سولێمانی لە پال خامەنەیی چەند بەرپرسێکی تری ئێران لە زۆرترین ئەو ناوانە بوو کە لە ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا دەھات و کاریگەری خۆیان نواندبوو. کوشتنی قاسم سولەیمانی لێدان بوو لە شکۆی ئێران و رەمزێکی دیاری ئەو ولاتە شۆکێکی گەورەی لە ناوخۆی ئێران دروستکرد. چونکە بەھێزی قاسمی سولەیمانی تەنھا پەیوەندی بە بەھێزی ئێرانەوە نەبوو لە ناوچەکە, بەلکو بەشێکیشی پەیوەندی بە کارێزمایی کەسایەتی سولەیمانی خۆیەوە ھەبوو بەھۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆربوو وەک کەسایەتیەکی دیاری ئێرانی لەو پۆستەدا بوو. چاوەروان ناکرێت دەسەلاتی ویلایەتی فەقیە ھەمان ئەو دەسەلاتانە بدات بە ئیسماعیل قائانی شوێنگرەوەی قاسمی سولەیمانی وە ھەمان رۆل و کاریگەری ھەبێت لە ناوچەکە.ھەروەھا ھەمان ئەو جموجۆلانەشی نابێت وەک قاسمی سولەیمانی لە ناوچەکە چونکە مادام ئەمریکا کەسایەتیەکی وەک سولەیمانی کردە ئامانج ئەوا کەسێکی وەک قائانی بە ئاسانتر دەکاتە ئامانج بۆیە لەوانەیە ئازادییەکانی ھەتا لەلایەن ئێرانیشەوە سنوردار بکرێن ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تر لە میانەی مەراسیمی بەرێکردن و ناشتنی تەرمی قاسمی سولێمانی بەھۆی ئامادەبوونی سەدان ھەزار کەس لەو مەراسیەدا ئێران توانی ئەو پەیامە بە رۆژئاوا بگەینێت کە سەرەرای ئەو گەمارۆیە ئابوری و سیاسەی کە ماوەی سالێکە خراوەتە سەرمان تا ئێستاش گەلی ئێران لە ئاستێکی بەرزدا دژی ئەو گەمارۆیانەیە و پشتیوانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لە ناوچەکە.
عێراق بەرەو کوێ؟
لە ماوەی رابردوو لە مەلەفی عێراق ھەرکاتێک کێشەیەک روویدابایە قاسمی سولەیمانی دەھات و بە یەک سەردان چارەسەری دەکرد بەلام لە دوای دەست پێکردنی خوپیشاندان کە بەشێکی زوری پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە, یەکێک لە داواکارییەکانی خوپیشاندەران چوونە دەرەوەی ئێران بوو لە عێراق, تەنانەت خودی سولەیمانیش نەیتوانی ئەو خوپیشاندانانە دابمرکێنێتەوە و ھەموو ھەولەکانی بێ ئەنجام بوون. بەلام دوای کوژرانی ئەوەی لە بەرژەوەندی ئێران بووە ئەوەیە کە فۆکسی شەقامی نارازی عێراقی لەسەر ئەو خالە تارادەیەک کالبووتەوە. تەنانەت ئێران زۆر زیرەکانە لەرێگای بریارەکەی پەرلەمانی عێراق ھەموو ئەو نارەزاییانەی کە لە سەر خۆی ھەبوو لە نێو خوپیشاندەران دا بە ئاراستەی کرانە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکادا گۆری. ھەربۆیە لە دوای بریارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی ھێزە بیانیەکان لە خاکی عێراق بە تایبەتیش ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر رای گشتی عێراقی بەسەر دووبەرەی دژ بە یەک دا دابەشکرد لە داھاتوودا ئەگەرێکی دوور نیە ئێران و ئەمریکاش لەسەر ئەو بنەمایە مامەلە لەگەل پێکھاتەکانی عێراق بکەن بە تایبەت ئەمریکا کە بەتەواوی بێ ئومێد بوو لە شیعەکان بۆی دەرکەوت کە شیعەکان ئەو ھێزە نین کە جێی متمانە بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

رای گشتی ئەمریکا:
ئەمریکا سەرکەوتووی یارییەکە بوو دوایین لێدوانەکانی ترامپیش ئەو راستیە دەردەخەن.بە کوشتنی قاسمی سولێمانی جارێکی تر ئەمریکا ئەو پەیامەی گەیاند کە کە ئەمریکا ھێشتا ھێزێکی کاریگەری ئامادەبوویە لە رۆژھەلاتی ناوەراست. بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە تەنھا پەیوەست نیە بە رێگریکردنی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە بەلکو پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و نەوت و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر ئەو ئەرکانەن کە ھێشتا ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت لەو ناوچەیە بمێنێتەوە. لە ناوخۆی ئەمریکاش تا ئێستا ھەلوێستێکی وا دژ نەبووە کە دژی کوشتنی سولێمانی بێت چونکە ماوەی چەندین سالە قاسمی سولەیمانی وا ناسراوە کە دژی بەەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کاردەکات. دۆنالد ترامپیش رایگەیاند کە دەبووایە چەند سالێک پێش ئێستا سولەیمانی بکوژرایە. بۆیە کوشتنی قاسمی سولەیمانی لە کاتێک دایە کە لە چەند مانگی داھاتوودا ئەەمریکا دەچێتە نێو پروسەی ھەلبژاردنەکانی سەرۆکایەتیەوە ئەستەمە ئەمریکا خۆی بخزێنێتە شەرێکی ناوچەیی لەگەل ئێران ئەوەی تا ئێستا ئەمریکا کردوویەتی بەسە بۆ ئەوەی ترامپ لە بانگەشەی ھەلبژاردن لە پاڵ ناوی ئەبوبەکر بەغدادی ناوی سولەیمانیش بھێنێت وەک یەکێک لە کەسایەتیانەی کە ھەرەشە بوو لەسەر بەررژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ھەلوێستی کورد ئایندەی لە ناوچەکە: ھەلوێستی کورد:
ھەلوێستی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دەست پێکردنی ئەم ململانێیانە ھەلوێستێکی مەنتقی بووە کاتێک خۆی خستە نێو ئەو چوارچێوە یاساییەی کە بە حوکمی ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق بۆیە ھەلوێستی خۆیشی بەستەوە بە ھەلوێستی عێراق لەسەر ئاستی نێودەولەتیش ئەمریکا کاردانەوەیەکی ئئەوتۆی بەرامبەر بەم ھەلوێستە نەبوو. دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانییش ھەلوێستی ھەرێمی کوردستان ھەلوێستتێکی چاوەروان کراوبوو چونکە سەرکردایەتی کورد گەیشتووتە ئەو باوەرەی کە خۆ یەکلاییکردنەوەی لە بەرژەوەندی یەکێک لەو لایەنانە بە زیانی خۆی تەواو دەبێت لە بەرامبەر بەرەکەی تر چونکە لە کۆتاییدا ئەگەر ئەمریکا زلھێزێکی جیھانی بێت ئەوا ئێرانیش دراوسێ و زلھێزێکی ھەرێمیە. کورد ناتوانێت بە رەھایی پشتگیری یاخود پشت لە ھیچ کامیان بکات. لە دوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر کورد ھێشتا ئازاری رووداوەکانی دوای ریفراندۆمی لە بیر نەکردووە کاتێک ئەمریکا و ئێران لە یەک بەرەدا دژی ریفراندۆم و ئەنجامەکانی وەستان و لە دەرئەنجام دا رووداوەکانی ١٦ ئوکتوبەری بە دوای خۆیدا ھێنا. ئەمریکا و ئێران باش لە ئازار و ھەلوێستی کورد تێدەگەن دەزانن ھەلوێستی ئێستای ھەرێمی کوردستانیش دەرھاوێشتەی ئەو سیاسەتە بوو کە لە رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەمریکا و ئێران بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستانیان پیشاندا. بەلام لای ئەمریکا ھێشتا ھەلوێستی ھەرێمی کوردستان گرنگە چونکە لە عێراق دا ئێستا ئەو ھێزەی کە ئەمریکا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت کوردە. سوونەکان بێ سەرکردە و خاوەن کاریگەرییەکی زۆر نین لە ئێستای پروسەی سیاسی دا. بۆیە ئەو یەکریزیەی کە دوێنێش لە کوبونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیەکان و کوبونەوەی حیزبە سیاسیەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا, رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بە دوور بگرێت لە زیانەکانی ئەو ململانێیەی کە ئێستا بوونی ھەیە و ھەرێمی کوردستان بە کەمترین زیان لەو ململانێیە دەربچێت لە ئەگەری ھەر گۆرانکارییەک لە ناوچەکەدا کورد ئامادەییەکی کاریگەری ھەبێت.
Top