ماددەیەکی قانونی عێراقی هۆکارە بۆ زۆربوونی زینا ..!

ماددەیەکی قانونی عێراقی هۆکارە بۆ زۆربوونی زینا ..!
بەگوێرەی دەستووری ساڵی 2005 ، هەرێمی کوردستان سەر بە کۆماری عێڕاقی فیدڕالە ، هەر بۆیەش یاساکانی عێراق لەسەر تەواوی هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراقی جێبەجێ دەکرێت ، ئەوەی لەسەر ئێمەش وەک فێرخوازانی بەشی یاسا پێویستە ، تەنها خوێندنەوە و لەبەرکردنی ماددەکان نییە ، بەڵکو پێویستە دیووی دووەم و فراوانتر لە دەقەکان لێکدانەوەی ماددەکان بکەین و گومانیش لەوەدانیە کە کۆمەڵێک ماددە هەن لەگەڵ ئێستای کۆمەڵگە ناگونجێن و هەمووارکردنەوەیان دەوێت ، لەم نوسینەمدا ، باس لە یاسای سزادانی عێڕاقی دەکەم کە بە ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەرچووە ،
ماددەی 405 ی ئەو یاسایە باس لە کوشتنی بە مەبەست ( بە ئەنقەست ) دەکات و دەقی ماددەکەش دەڵێت "من قتل نفسا عمدا يعاقب بالسجن المؤبد او المؤقت " .
واتە ، هەر کەسێک ، کەسێک بە ئەنقەست بکوژێت ، سزا دەدرێت بە بەندکردنێکی هەتایی یان کاتی .
لێ ، یاسادانەری عێراقی بۆ ئەو ماددەیە ، لەهەندێک بارودۆخ ، سزاکەی توندتر کردووە بە گوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ، بە جۆرێک سزاکە گەیشتۆتە لەسێدارەدان ، لە هەندێک بارودۆخیش سزاکەی کەمتر کردۆتەوە ، بە گوێرەی ماددەی 407 لە یاسای سزادانی عێراقی ، وەک ئەو حاڵەتەی کە ئەگەر ئافرەتێک بە شێوەی ناشەرعی ( لە حالەتی زینا ) منداڵێکی پەیدابێت ، دەکرێ منداڵەکەی خۆی بکوژێ و سزاکەی کەمتر دەکرێت ..! ، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ماددەی 407یش پێویستی بە چەند مەرجێک هەیە کە ئەمانەن :
یەکەم ، پێویستە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست هەبێت ، بۆ نمونە دایکەکە ئیمتیناع بکات لە پێدانی شیر بە منداڵەکەی ،بۆ ئەوەی لەبرسان بمرێت و ئابڕووی خۆیشی نەچێت .
دووەم ، پێویستە دایکەکە خۆی منداڵەکە بکوژێت . سێیەم ، پێویستە منداڵەکە لەدایک بووبێت بۆئەوەی جیابکرێتەوە لە کۆرپەلە .
چوارەم ، دووگیان بوونی ئافرەتەکە پێویستە بە رێگەی ناشەرعی و داوێن پیسی بووبێت ، جا هاوسەری هەبێت یاخود نا .
پێنجەم ، ئامانج لە کوشتنی منداڵە تازە لەدایک بووەکە ، پێویستە خۆپاراستن بێت لە ئابڕووچون .
رام وایە لە جیاتی کەمکردنەوەی سزا ، پێویست بوو سزاکە توندتر بکرێت ، چونکە ئافرەتەکە لێرەدا دوو تاوان ئەنجامدەدات لەیەک کاتدا ، یەکەمیان ، زینا ، کە بەهۆیەوە منداڵێک پەیدابووە ، دووەمیشیان ، کوشتنی منداڵەکە تەنها لەپێناو ئەوەی ئابڕووی خۆی بپارێزێت ، کە بێگومانیش کوشتن و لەناوبردنی منداڵە لەدایکبووەکە ئابڕووی ئافرەتەکەی پێ ناپارێزرێت ، بەمەش ئەکرێ هەندێ لە ئافرەتان ئەو کارە بکەن و ترسی سزاکەشیان نەبێت ، چونکە بۆیان سوککراوە ..! واتە ئەکرێ بڵێم ئەم ماددەیەی یاسای سزادانی عێراقی هۆکارێکە بۆ زۆربوونی زینا و کەمکردنی ئاداب و رەوشت لە نێو کۆمەڵگەدا و منداڵە تازە لەدایکبووە فڕێدراوەکانی سەر شەقامیش ئەگەری هەیە پەیوەندیەکیان بەو ماددەیەوە هەبێت ..!
ئەو ماددەیە و کۆمەڵێک ماددەی تر هەم لە یاسای سزادان و هەمیش لە یاساکانی تر قابیلی هەمووارکردنەوەن ، گوتنی دەوێت ، تاکو نها ، گەلێک گۆڕانکاری بەسەر کوردستان و عێڕاقیش دا هاتوون ، ناکرێ یاساکانی رژێمی بەعس لە ئێستاشدا جێبەجێ بکرێن ..!.

یاسای سزادانی عێراقی بە ژمارە 111 لە بەرواری
1/ 1 / 1969 دەرچووە و لە 506 ماددە پێکدێت و کۆتا هەموارکردنەوەشی لە ساڵی 2005 بووە .
Top