خۆ پاراستن لە ڤایرۆسی كورونا لە رووی شەرعەوە

خۆ پاراستن لە ڤایرۆسی كورونا لە رووی شەرعەوە

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی اله وصحبه ومن والاه

هەڵبەتە ئەم نەخۆشییەی كە ئێستا بەربڵاوە، زیاتر لە30 وڵاتی گرتۆتەوە، بێجگە لە شاری (ووهان )ی چین لە چەند ولاتێكی ئەوروپییش تەشەنەی سەندووە (فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەلجیكا، سوید، – فینلەندا و بەریتانیا) هەروەها لە ئەمریكا و رووسیا، لە وڵاتە عەربییەكانیش (عێراق، كوەیت، بەحرەین و میسر) لە وڵاتانی دیكەی ئاسیاش (ئوسترالیا، پاكستان، كۆریای باشوور، هیندستان، تایوان، سریلانكا، ڤێتنام، فلیپین، تایلاند، مالیزیا، سەنگافورا، نیپاڵ و – كامبودیا)، واتە لەم تەشەنەسەندنە ترسی ئەوە هەیە كە زیاتر بڵاو ببێتەوە، بۆیە پێویستە زوو بە زوو رێی لێ بگیرێت و هەر رێگایەك هەیە، بیگرینە بەر بۆ ئەوەی تووشی نەبین، نابێت ئەم پرسە گرنگە پشتگوێ بخەین.
ئێمەی موسڵمان دەبێت ئاگادار بین و سەبارەت بە رێنماییەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەدكانی پێغەمبەر(دخ) بۆ دەربازبوون لە نەخۆشی و پەتا كوشندەكان تەماشا بكەین كە چییان فەرمووە، سەرنج بدەن خودا چ دەفەرموێت: ﴿وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ﴾1، واتە: خۆتان مەخەنە ناو بارودۆخێكەوە بفەوتێن و ژیان لە دەست بدەن، ئەم ئایەتە فێری ئەوەمان دەكات كە خۆمان بپارێزین و دووربكەوینەوە بەتایبەت لەو شوێن و جێگەیانەی كە بزانین كۆتایی بە ژیانمان دێت، هەڵبەتە ئێمە واتا گشتگیرەكەی ئەم ئایەتەمان وەرگرتووە، بە پێی ئەو قاعدە ئوسووڵییە: [العبرة بعموم النص لا بخصوص السبب]2.
كەواتە ناكرێت راستەوخۆ لە كەسی تووشبوو نزیك ببینەوە، یان بچینە ئەو شوێنەی كە نەخۆشییەكەی تێدا بڵاو بووەتەوە، چونكە خۆمان دەبینە هۆكاری ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە بین، لەوانەشە تیا بچین و ئەوەش كارێكی ناشەرعییە، بە پێی ئەو فەرمانەی خودا كە دەفەرموێت : ﴿وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ﴾.
راستییەك هەیە، دەبێت ئاماژەی پێ بكەین، كە ئەو نەخۆشییە بە پێی قسەی پسپۆڕ و شارەزایانی تەندروستی تاوەكو 15 رۆژ كەسی تووشبوو هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەی لێ دەرناكەوێت، ئەمە مانای وایە دووركەوتنەوە لە شوێنە گشتییەكان واجبە بەتایبەت لە سەرەتای ئاگاداربوونەوەمان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە خوانەخواستە لە شارەكەمان، دەبێت باوەڕمان بە پسپۆڕ و شارەزایانی تەندروستی هەبێت، بڕوانن خودا لەم بارەیەوە چ دەفەرموێت: ﴿فاسألوا أهل الذكر إن كنتم لا تعلمون﴾3.
دیارە یەكێك لە ئامانجە خوداییەكان ﴿المقاصد الشریعة﴾ پاراستنی بەرژەوەندییە پێویستییەكانە ﴿الضروریات الخمس﴾ كە بریتین لە ﴿پاراستنی ئایین و نەفس و نامووس و سامان و ژیریی﴾4.
ئەوەی مەبەستمانە ئاماژەی پێ بكەین، پاراستنی نەفسە، دەبێت ئەوەی پێویستە بۆ مانەوەی ژیان و بەردەوامبوونی درێغی و كەمتەرخەمیی لێ نەكەین، وەك: گرنگیدان بە تەندروستی لە رووی خواردنی پاك و چۆنیەتی دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی گومانی لێ دەكرێت، لێوەی تووشی پەتای كوشندە بین، خۆپاراستن لە نەخۆشییە كوشندەكان، بە چوونە لای پزیشك بۆ چارەسەركردن و وەرگرتنی عیلاج و بەكارهێنانی داودەرمان.
سەبارەت بەو نەخۆشییە وچۆنیەتی خۆپاراستن لێی موسڵمانان دەبێت گوێڕایەڵی رێنمایی پزیشكە بەڕێزەكان بن، چونكە ئەو پرسە پەیوەستە بە مان ونەمانەوەو، لەو رووەوە بە هەر كەمتەرخەمییەك لە بەرامبەر خودای گەورە لە قیامەتدا بەرپرسیار دەبین.
پێغەمبەر (دخ) هۆشیاریی پێ داوین كە دەفەرموێت: ﴿إذَا سمِعْتُمْ بالطَّاعُونَ في أَرْضٍ، فَلاَ تَدْخُلُوهَا، وَإذَا وقَعَ بِأَرْضٍ، وَأَنْتمْ بهَا، فَلاَ تَخْرُجُوا مِنْهَا﴾5، واتە: ئەگەر بیستان نەخۆشیەكی كوشندە لە خاكێكدا بڵاوبۆتەوە، مەچنە ئەوێ، ئەگەر لە خاكی ئێوەدا ئەو نەخوشییە كوشندەیە پەیدا بوو، دەرمەچن لێی.
بۆیە بە پێویستی دەزانین، سەرجەم موسڵمانان پێشوەخت لە ئامادەباشییەكی تەواودا بن، بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لەو نەخۆشییە كوشندەیە، بەوەی بێ جیاوازی خۆیان لە شوێنە گشتییەكان بە دوور بگرن، بۆ ئەوەی ژیانیان لە مردن بپارێزن، چونكە ئەوەی جێی مەترسییە لە سەرەتاوە كەسی تووشبوو تاوەكو 15 رۆژ هیچ نیشانەیەكی پەتاكەی لێ دەرناكەوێت، دەكرێت دوو هەفتە موسڵمانان نەچن بۆ نوێژی جومعە، یان دەتوانن نوێژی جەماعەت نەكەن، هەر بۆ ئەوەی ئامانجە خواییەكە ﴿المقاصد الشریعة﴾ بپێكن، كە بریتییە لە (پاراستنی نەفس)، كە لە بەرژەوەندییە پێویستییەكان ﴿المصالح الضروریة﴾ هەژمار دەكرێت، گرنگ ئەوەیە لە سەرەتاوە بەربەستێك دروست بكرێت، چونكە لەو دوو هەفتەیەدا نیشانەكان دەردەكەون، ئەگینا كەسی تووشبوو لە سەرەتاوە بچێتە جومعە و جەماعەتیش زۆر ئاساییە هیچ نیشانەیەكی لێ دەرناكەوێت، بەوەش خەڵكێكی زۆر دەبنە هەڵگری ڤایروسەكە و كار لە كار دەترازێت، داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی دەكەم، كە زۆر بوێرانەتر لەسەر ئەم بابەتە هەڵوەستە بكەن، چونكە مان و نەمانی ژیانمانی لە سەرە.
داواكارم لە خودای باڵادەست وڵاتمان و سەرجەم هاونیشتمانییانی هەموو جیهان لە بەڵاو موسیبەت و نەخۆشییە كوشندەكان بپارێزێت.

1- سورة البقرة الاية 195 .
2- الكامل في الشريعة والقانون للزلمي ج4 ص255
3- سورة النحل الاية 43 .
4- الموافقات / الشاطبي / ج2 ص 8 .
5- فتح الباري شرح صحيح البخاري رقم الحديث 5728 ج10 ص 220 .
Top