ئۆن لاین ، درێژەپێدەر یان فەوتێنەری خوێندن ؟

ئۆن لاین ، درێژەپێدەر یان فەوتێنەری خوێندن ؟

درێژەکێشانی پشووی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ، بۆتە هۆی ئەوەی کە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپێناو هەستکردنیان بە بەرپرسیارەتی و بەفیڕۆ نەچوونی ساڵێکی خوێندنی قوتابیانیان ، بیر لە رێگەچارەیەک بکەنەوە بۆ درێژەپێدانی خوێندن ، کە ئەمەش سوپاس و دەست خۆشی دەوێت ، سەرەڕای ئەوەی ئەرکی خۆیانە .
لەئێستادا سیستەمی بە ئۆن لاین کردنی خوێندن گەنکەشە دەکرێ و بۆتە قسە و باسی کەناڵە راگەیاندنەکان و بەجارێک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی داگیرکردووە ، لێ خراپی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەنانەت نەبوونیشی لە هەندێک شوێن و خراپی توانای دارایی بەشێک لە قوتابیان ، نیشانەی پرسی خستۆتە سەر جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە و ئەندامێکی ئەنجومەنی وەزیران لە وڵامی ئەوەی کە پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەو قوتابییانە بدۆزرێتەوە ، فەرموویەتی " راستە قوتابی واشمان هەیە کە توانای داراییان وەک پێویست نییە ، یان هێڵی ئینتەرنێتیان خراپە ، بەڵام ئەوانە کەمینەن " .
لە وڵامیدا من دەڵێم ، ئەگەرچی کەمینەشبن ، ئەوانیش مافی خوێندنیان هەیە و نادادیە گەر ساڵێکی خوێندیان لێ بە فیڕۆ بڕوات ، هیوادارم تەواوی وەزارەت وەک ئەو ئەندامەی ئەنجومەن بیریان نەکردبێتەوە و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ ئەو بابەتە دۆزیبێتەوە .
دەبێت هەردوو وەزارەت رەچاوی ئەوەیان کردبێت کە بە ئۆن لاین کردنی خوێندن كۆمەڵێك پێداویستی وەک ، ئینتەرنێتی خێرا و بەردەوام ، ئیمەیڵی تایبەت بە قوتابییان ، ئامێرێك وەك لاپتۆپ یان مۆبایلێكی زیرەكی پێشكەوتووی پێویستە ، بەڵام هیچ كام لەم پێداویستییانە بەبەردوامی لەبەردەستی تەواوی قوتابییان دانین .
پێویستە ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە خێرایی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەو شێوەیە نییە کە خوێندن بەو سیستەمە سەربگرێت ، هەڵبەت سەرەڕای گرانی نرخیان ، وە پێویستە وڵامی ئەو پرسیارەشمان دەست بکەوێ ، کە ئایە تەواوی کۆمەڵگەکەمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە خێزانەکان رێگە بە کچەکانیان بدەن ئەو سیستەمە بەکاربێنن ؟! ، چونکە بەداخەوە کە ئەوەش دەڵێم بەڵام تا ئێستاش کۆمەڵگەی کوردی گیرۆدەی کێشەی کۆمەڵایەتییە و بەدەستیەوە دەناڵێنێت .
لە کاتێکدا کە ژمارەی قوتابیان لە هەر پۆڵێکی خوێندن سەرووی 25 قوتابییە و لەهەندێک کۆلێژ و زانکۆش رێژەکە دوو هێندەیە لە هەر پۆڵێکدا ، دەپرسین ، چۆن ئۆن لاین سەردەگرێت ؟! ، تاقیکردنەوەکان بە چ شێوازێک دەبن ؟ ، ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە کە پێویستە وەزارەت بەر لە بە ئۆن لاین کردنی خوێندن وڵامیان بداتەوە .
رام وایە لە ئێستا درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن گونجاوترین بڕیارە ، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی خوێندنی وەرزی ئەمساڵ ، لەگەڵ ساڵی رابردوو جیاوازیەکی زۆری هەیە ، چونکە گەر بێنینەوە بیرمان ، ساڵی رابردوو بەهۆی پێنەدانی ماف و مووچەکانیان ، مامۆستایان لە شار و شارۆکە جیاوازەکانی کوردستان ، بایکۆتی خوێندنیان کرد و ژمارەی رۆژەکانی پشوو لە وەرزی ئەمساڵ بەراورد بەو پشوانەی کە ساڵی رابردوو هەن زۆر کەمترە ، وێڕای زۆری ژمارەی پشووەکانی ساڵی رابردوو ،کەچی خوێندنی ساڵەکەی نەخستە ژێر نیشانەی پرس و بەسەرکەوتوویی ساڵی خوێندن بەڕێکرا .
بۆیە تەنها جیاوازی لەنێوان پشووی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو ئەوەیە کە پشوو لەمساڵدا بە بڕیاری حکومەتە و ساڵی رابردوو ئۆکەی حکومەتی لەسەر نەبوو .
بۆیە پێویستە وەزارەت لەحاڵەتی درێژەکێشانی ئەو نەخۆشیەی کە تەنگی بەهەموو جیهان هەڵچنیووە ، زیاتر بابەتی درێژکردنەوەی خوێندن باسبکات ، بەڵام لەو کاتیشدا پێویستە ووردتر و زیرەکانەتر باسی ئەو بابەتە بکرێت ، بەشێوەیەک کە کێشە بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو دروست نەکات .
Top