١٤/٤ لەکەڕەنتینەدا

١٤/٤ لەکەڕەنتینەدا

١٤/٤ رۆژێکی خەماوی و کارەساتبار لەھەناوی مێژووی گەلی کوردداو پەڵەیەیەکی ڕەش بەنێوچەوانی ڕژێمی بەعس و حکومەتی عێراق وکۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کەتێیدا ھەوڵی سڕینەوەو لەناوبردنی نەتەوەی کورد درا.

بۆیە ھەمو ساڵێک لە ١٤/٤ دا لەھەرێمی کوردستان مەراسیمی پڕ شکۆ بۆیادی جینۆسایدی گەلی کورد لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێکدەخرێت، چالاکی جۆراو لەسەر ئاستی ئەم تاوانە گەورەیە ڕێکدەخرێت، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناو مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان ئەم یادە وەک ھەموو بۆنەکانی دیکە ئەنجام نادرێت.

ئەمەش خەمێکی گەورەیە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان چونکە ھەموو ساڵێک لەمڕۆژەدا کەسوکار و خانەوادەی ئەنفالکراوان بەشداری ئەم یادە کارەساتبارە دەکەن و لەسەر بەشێک لەگڵکۆ پیرۆزەکانی ئازیزانیان فرمێسک دەڕێژن، ئەمساڵ دەبێت لەناوەندی چوار دیواردا و بەدیار تیڤییەکانەوە کارەساتی ئەنفال بۆ نەوەکانمان بگێڕنەوە، نەتوانن لەو یادەدا بەشداری بکەن، بۆیە دڵنیام کەسوکار و خانەوادەی ئەنفالکراوان لەھەموو کەس زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان دەبن، چونکە ئەوان لەھەموو کەس زیاتر لەخەمی لەدەستدانی ئازیزانیان تێدەگەن.

لەساڵی ١٩٨٨ لە پاش کۆتایی ھاتنی شەڕی ھەشت ساڵەی عیراق ئێران دەزگا سەربازی و سیخوڕی و ھەواڵگری و ئاسایشییەکانی رژیمی بەعس بە ھەموو ھێزو توانای سەربازی خۆیانەوە ھەڵیان کوتایە سەر کوردستان و لە ھەشت قۆناغدا کەوتنە وێرانکردن و کاولکردنی کوردستان.

لەم ھەشت ھێرشە سەربازییەدا رژیمی بەعس زیاتر لە چوار ھەزار گوندی کوردستان و زیاتر لە ھەزاران شارو شارۆچکەی کوردستانی وێرانکرد ولەگەڵ خاک یەکسانیکرد. سەرەڕای ئەم کاولکاری و وێرانییەی کە بەدەستی بەعسییەکان لەکوردستاندا روویدا، سەرپاکی ژیان و ژینگەی کوردستان کەوتە بەرشاڵاوێکی وێرانکەر، سەرەڕای ھەڵتەکانی ژێرخانی ئابووری کوردستان ولەناوبردنی ئابووری کوردستان ژینگە بەتەواوی بارگاوی شیمیاوی کرا، کورد وەک گەلێکی لەمێژینەی نیشتەجێ لەکوردستان لە زێدی باوباپیرانی خۆی راگوێزراو لە سنوورەکانی کوردستانی رۆژھەڵات و باکوور ورۆژئاوا دوور خرایەوە ودابڕا.

ڕوونە ئەم دابڕانە بە مەبەست و بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد و تواندنەوەی بوو، لە کولتوری عەرەبی ئێراقیدا و داگیرکردنی یەکجاری نیشتمان وزێدەکەی بوو. کە ئەگەر تەمەنی حکومەتی بەعس مەودای بدایە وەک کەرکووک و شوێنەکانی دیکە ئەم ناوچانەش تەعریب دەکران و عەرەبی خوارووی ئێراقیان تیادا نیشتەجێ دەکرا.
لە راستیدا سەرەڕای ھەموو ئەمانە لە ئەنفال دا ماڵ و سامان و ژین و ھەموو بوونی گەلێک بە پاڵپشتی دەقێکی دینی حەڵاڵ کرابوو، زیاتر لە ١٨٢ ھەزار کەس لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کوژران و دەیان ھەزار مرۆڤی بێتاوانی دیکەش بێ سەروشوێنکران و ژنان و کچان و ئافرەتانی کوردستان بەئەسیری رەوانەی شارەکانی عەرەبستان کران، سەرەڕای ئەوەی کە دەنگۆی فرۆشتنی کچان و ژنانی کورد بە وڵاتانی دیکەی عەرەبی ھەیە.
Top