داواکاری یان شۆڕشگێڕی !

داواکاری یان شۆڕشگێڕی !
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە خێرایی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا چەند بڕیارێکی ناچاری دەرکرد و داخستنی دەرگای مزگەوتەکانیش لە چوارچێوەی بڕیارە ناچاریەکانی حکومەت بوو .
دوای گرتنەبەری رێوشوێنی توند لە پێناو تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە و بەهۆی پابەندبوونی خەڵک بە رێنماییەکان و سیاسەتی حەکیمانەی حکومەتی هەرێم ، قۆناغە مەترسیدارەکەی ئەو نەخۆشیەمان تێپەڕاند ، لێ مانای ئەوە نییە کە ڤایرۆسەکە نەماوە !.
دوای ئەو قۆناغە ، حکومەت لەپێناو گوزەرانی خەڵک بە بڕیارەکانی ، دۆخەکەی تا رادەییەک ئاسایی کردەووە ، بەڵام هێشتنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بە داخراوی نیگەرانی بەشێک لە خەڵکی موسڵمان و بەشێکی مامۆستایانی ئاینیش لێکەوتۆتەوە و ئەوان دەڵێن " نەکردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان سیاسەتە ! " ، کەئەم گۆتنەیان هیچ رەوا نییە ، با بڵێین نەکردنەوەی دەرگای مزگەوت سیاسەتە ، ئەی هێشتنەوەی دەرگای باڕ و شوێنە گشتییەکانی دیکە بە داخراوی چ ناوێکی لێ دەنرێت ؟ ، لە راستیدا ئەوەی من چاوەڕێم دەکرد لەو بەشەی موسڵمانان و مامۆستایانی ئاینی ئەوەبوو کە بە خەڵکی دیکە بڵێن " رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و گوێڕایەلی حکومەتەکەتان بن ، ئارامبگرن و دوعابکەن ، گەر خودا حەزکات ئەو نەخۆشیەمان لەسەر لادەبات و لەنێو مزگەوتەکاندا بە دیداری یەکتر شاد دەبینەوە " ، نەک خەڵکی هان بدەن و داواکاریەکەیان پەل بهاوێژێت بۆ شۆڕشگێڕی !.
گەلێک سەیرە کاتێک باسی پارە و خزمەتکردن دەکرێت دەڵێن " حکومەت باوکی خەڵکە ، نابێت ماندووبێت لە خزمەتکردن " ، باشە ، منیش دەڵێم راستە و حکومەت وەک باوکە ، بەڵام جوان نییە و عەیبەیە مرۆڤ لەقسەی باوکی خۆی دەربچێت و قسەی باوکی بە درۆ و گاڵتە بزانێت ! .
نایشارمەوە و بە ئاشکرا ئەوە دەڵێم گەر لەجێی حکومەت بوومایە..
هەر کەسێک باوەڕی بەو ڤایرۆسە نەبووایە کە تەنگی بە هەموو جیهان هەڵچنیووە ، خۆم پێیەوە سەرقاڵ و ماندوو نەدەکرد ، بەڵکو بەڵێننامەیەکم پێی پڕدەکردەوە و دوای بەڵێننامەکە ، با بڕواتە دەرەوە و سەردانی مزگەوت ، بازاڕ ، پێشانگە ، مۆڵ ، میوانخانە و چێشتخانە و .. شوێنەکانی دیکە بکات و چی دەوێ با بیکات ، بەڵام ..
گەر تووشی نەخۆشی بووایە نەمدەهێشت لەو نەخۆشخانە حکومیانە چارەسەر بکرێت کە چارەسەرەکان بێ بەرامبەرن و شەو و رۆژیان بۆ پاراستنی ئەو کوردستانیانە خستۆتە سەریەک کە گوێڕایەلی ئەو بڕیار و رێنماییانەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەردەکرێن ، وە لەکاتی تووشبوونیان بە نەخۆشی پێم دەگوتن " بێزەحمەت ، لەکوێ تووشبووی بڕۆرەوە ئەو شوێنە تا لەوێ چارەسەری گونجاوت بکەن !" ، یان گەر چارەسەریشم بکردبا بڕە پارەیەکی باشم لێوەردەگرتن ، لۆ ئەوەی لەسەر قەڵەوێرەکەی بەدەم بیرکردنەوە لە چۆنیەتی واصڵکردنی بڕی پارەی چارەسەرکردنەکە بڵێت " خۆزگە نەچووبامە دەرەوە و بە قسەی حکومەتم بکردبا " بەڵام ئەوکات پەشیمانی دادت نادا ..
ئاخر هیچ رەوا نییە کە پێشت بڵێن ئەوە باشە ئەوە خراپە کەچی خوو بە خراپەوە بگریت .
دڵگرانم کە دەبینم دەرگای مزگەوتەکان داخراون ، بەڵام دەبێت خۆمان تێبگەینین لەوەی کە ئەمە پێویستیەکە و بڕیارێکی ناچاریە و بڕێکجاریش لەپێناو لادانی زەرەرێکی گەورە ، ئاساییە گەر زەرەرێکی بچوکیش درووست بێت ، سەرەڕای ئەوەش پشتیوان بەخودا دڵنیام کە بەشێکی مانگی رەمەزان لەنێو مزگەوتەکان بەڕێدەکەین .
بێ بڕوا نیم ، تەنانەت لەبەشێکی ئەوانەی داوای کردنەوەی مزگەوت دەکەن خۆم بە بڕوادارتر دەزانم و دێشێم بێژم قورئان و فەرموودەشم زیاتر لەوان لەبەرە ، بەڵام گەر پێم بڵێن لەنێوان بازاڕ و مزگەوت دەبێت یەک شوێن هەڵبژێردرێت بۆ کردنەوە ، ئەوا بە دڵنیایەوە من بازاڕ هەڵدەبژێرم ! ، چونکە بازاڕ شوێنی پێداویستی رۆژانەی خەڵک دابین دەکات ، لەبەرامبەردا هەمان ئەو نزا و بەندایەتیەی لە مزگەوت دەکرێت ، گەلێک ئاساییە بەتایبەت لە دۆخێکی وادا کە لەماڵەوە ئەنجامبدرێن ، هەر کارێکیش کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات بە نیەتە و تەنها خودای مەزنە کە لەنیەتی بەندەکانی تێدەگات ، ئەوەش بزانن کە کاتی داخستنی مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستان گەلێک کەمترە بەراورد بە عێڕاق و سعودیە و وڵاتانی دیکە .
Top