باری قوڕسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند قوڕس بوو قوڕستریان کرد

باری قوڕسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند قوڕس بوو قوڕستریان کرد

دوا بە دوای ئەم ھەموو گیرو گرفت و قەیرانانەی بە تایبەت لە ساڵی (٢٠١٤) وە تاکو ئێستا بەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان بەرنەداوە، کە ھەندێکیان ھۆکارەکەی خودی خۆمانین و ھەندێکی تریش لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمەدان، شەڕی داعش ھاتنی ئاوارە بە لێشاو پەلاماری حەشدی شەعبی بڕینی بودجەو و مووچەی خەڵکی کوردستان و لەدوا جاریشدا سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە سەر ئاستی مرۆڤایەتی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کە ھەتاکو ئێستاش مرۆڤایەتی بە گشتی نەیتوانیوە لێی ڕزگار ببێت و لە ھەرێمەکەشمان بە داخەوە لە کاتی ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە.

شایانی باسە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک حکومەتێکی ئیئتلافی واتە فرە حزبی زۆربەی ھەرە زۆری حزبەکانی کوردستان تیێدا بەشدارن، ھەر یەک لەمانە بە قەبارەی خۆیان لە نێو پروسەی سیاسی دا بەرپرسیارن لە ھەمبەر میللەت و وڵاتدا، بەڵام بە داخەوە نەک ھەر خۆیان بە بەرپرسیار نەزانی
بەڵکو بوونە بەشێک لە دژبەرانی ئەزموونی فیدڕاڵی ھەرێمی کوردستان کە مولکی گشت کوردو کوردستانیانە، باری قوڕسی حکومەتی ھەرێم ھەر چەند قوڕس بوو قوڕستریان کرد و لە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی ڕایانکرد.
پارتی و بارزانی لە ھەموو ئان و ساتێکدا ملی داوەتە بەر پاراستنی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان جا چ لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوبێت، یان پەلامارەکانی حەشد و قەیرانە مرۆیی و دارایی و ئابوورییەکان دا
حاڵی حازریش ھەموو ھێزو توانایەکی خۆی وەگەڕ خستووە لەم بارودوخە دژوارو قەیراناویەدا بۆ پاڕاستنی سەلامەتی ھاوڵاتیان و ڕزگار کردنیان لە پەتایەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا، کە دووبارە بە داخەوە ھەمان حزبە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسی ھاوشانی ھەندێک لایەن و کەسی نابەرپرس کۆرۆناشیان بە سیاسی کردو، ڕاگەیاندنە بینراو، بیسراو، نووسراو بە سوشیال میدیاوە کەوتنە ھەوڵدان بۆ بە درۆ خستنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەم شێوەیە خەڵکیان چەواشەکرد بە بیانووی جوراوجور..

لە کاتی ئێستاشدا وا دەبینین کە چۆن و تا چ ڕادەیەک کۆرۆنا بووە بە ھەڕەشە و خەڵکێکی زۆریش بە دەست پەتاکەوە دەناڵێنن، ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی دژایەتی کردنی گەل و حکومەتە چونکە لە لایەک بە دەنگی گەل گەیشتونەتە دەسەڵات و دەبوایە ڕێزیان لە دەنگی گەلەکەی خۆیان بگرتبوایە، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوە بووایە باری سەرشانی حکومەت سووک بکەن و بەرژەوەندی گەل بە ھەند وەربگرن کە ڕێک پێچەوانەکەی ڕەنگی دایەوە لە ئەداو ڕەفتاری سیاسیان دا.

پارتی و بارزانی قۆناغەکانی خەباتی چەکداری و شارستانی گەواھیدەرن کە ھەموو کات وەک دیوارێکی پوڵایین بەرگریان لە کوردو کوردستان کردووە، ئەمە بیرو باوەڕو ستراتیژی پارتی و بارزانییە، بۆیەش دۆستان و دوژمنان بە سەرچاوەی کوردایەتی لە قەڵەم دەدەن و ھەرچی ھەڕەشەو گوڕەشەی دووژمنانیشە ڕوویان لە پارتی و بارزانییە، گەلێ ھەوڵیشیان داوە و بەردەوامن بۆ ھەڵگرتنی سەرچاوەی کوردایەتی لە سەر ڕێی خۆیان کە ئامانجیشیان وەک رۆژی ڕووناک لە ھەموان دیارە.

سوکایەتی کردن و ھەوڵدان بۆ ناشیرین کردنی پارتی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ھەروەھا ھەوڵدان بۆ لاواز کردنی پێگەی حکومەتی ھەرێم کە پارتی تێیدا حزبی سەرەکییە، پیلانگێڕی بەردەوامیان دژی ھەرێمی کوردستان و ھاندانی خەڵک بۆ خوپێشاندان و زۆری تر...
لە کاتێکدا ھەروەک گوتم بەشداریشن لە نێو حکومەت ئەمانە ھەمویان ھەوڵێک بوونە و ھەوڵێکن بۆ شکاندنی شکۆ ز ئیڕادەی سیاسی ھەرێم، کەواتە جیاوازیان لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان چییە!؟

لە ئەنجامی ئەم نووسینەمدا ئەوەمان دەست دەکەوێت، ڕاکردن و ھەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی ھەندێ کەس و لایەنی سیاسی قەیرانەکانیان قوڵتر کردەوە و بوونە ھۆی دروستبوونی بۆشایی سیاسی، کە ئەمەش ویست و خواستی دوژمنە داگیرکارەکانی کوردستانە.
Top