ھۆشیاری گشتی وەک پرەنسیپێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی وڵاتان

ھۆشیاری گشتی وەک پرەنسیپێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی وڵاتان

بێگومان ھەر گەلێک پێویستی بە ھوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی وھتد... ھەیە، ئەمەش پڕۆسەیەکە بە شەو و ڕۆژێک ناھێتەدی، بەڵکو بە ساڵانێکی دوورو درێژدا و قۆناغ بە قۆناغ دەبێ تێیدا گوزەر بکات، چونکە ھۆشیاری بە شێوەیەکی گشتی گرێ دراوە بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا لە نێو دواکەوتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی نقوم ببوون، دواکەوتوویی ببووە ڤایرۆسێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگەکانیان، ھەر بۆیەش لە دەستپێکی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان دا یەکەم شت کە دەبووایە بنبڕ بکرێت دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی بوو، ھەر ئەمەش ڕوویدا لە پڕۆسەیەکی دوور مەودادا تا ئەمڕۆ توانیان پرەنسیپی ھۆشیاری سیاسی کۆمەڵایەتی بەرەو پێشەوە ببەن، ئەم پێشکەوتنە پەل بھاوێژێت بەرەوە گەشەسەندن و پێشفەچوونی گشت سێکتەرەکانی وڵاتەکانیان، کەواتە ھۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ ھەر وڵاتێک گەر بیەوێت بۆ پێشەوە ھەنگاو بنێت دەبێت بەم پڕۆسەیەدا گوزەربکات.

شایانی ئاماژە پێدانە ئەو لایەنەی کە پەیوەندیان بەم بوارە گرنگەوە ھەیە لە حزبە سیاسییەکانەوە بگرە تاکو سیستمی گشتی پەروەردەی وڵات کە پێکھاتووە لە وەزارەتی پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان، ڕاگەیاندن بە ھەموو جورەکانیەوە (بینراو ، نووسراو ، بیسراو ، ئەلکترۆنی) ھتد.. ھەموو ئەمانە دەبێت وەکو یەک تیم واتە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەم ئەرکە ھەستن بە باشترین شێوە و بە چەشنێک لە دواجاردا بکەوێتە خزمەت بەرژەوەندی گشتی وڵات لە چوارچێوەی ئەو پلان و ستراتیژیەی کە پڕۆسەی سیاسی بۆی دارشتووە.

پرەنسیپی ھۆشیاری و پێگەیاندنی تاکەکان بایەخێکی یەکجار زۆری ھەیە بە تایبەت بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ھێشتا لە قۆناغی سوننەتی دا چەقیان بەستوە و نەپەریونەتەوە قۆناغی مودێرن، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە ھۆشیاری تاکەکان بۆ ھەر کۆمەڵگایەک گرنگیەکەی لەوەدایە کە لە گشت بوارەکاندا و لە ھەموو قۆناغەکاندا دەتوانێت.

رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ھۆی ئەوەی کە رژێمە سیاسیەکانیان دیکتاتوری و تۆتالیتارین ھیچکات دەستیان نەبردووە بۆ پێشکەوتنی وڵاتەکانیان چونکە ھزری دیکتاتۆری و شومولی ھزرێکە بۆ مانەوەی خۆیان و لە دەستەڵاتی سیاسی دا ھەوڵی پێشخستنی ھزری تاک نادەن بە پێچەوانەی کلتوری دیموکراسی، لە دیموکراسیەت دا پڕۆسەی گەشەسەندن و پێشکەوتن بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ھیچ شوینێک وەستانی نییە، چونکە ھەر خودی ژیانی مرۆڤ پرۆسەیەکی دینامیکیە و لە گۆڕان دایە، بۆیە ھزری تاکیش بەو پێیەی خزمەت بە گەل و کۆمەڵگەکەی بکات دەبێ بگۆڕدرێت و گۆڕانکاریەکەی بەردەوام بێت.

ئەوەی کە ئەمڕۆش لە ھەرێمی کوردستان دەبینرێت بێگومان ھەولێکی زۆر دراوە لە پێناو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی ، بەڵام یەکەم شت سەربەخۆیی وڵاتێک زۆر گرنگە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە جوگرافیای ھەرێمی کوردستان گەمارۆ دراوە بە ھزری ڕەگەز پەرەستی کە دەیان ساڵە لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە دوژمنایەتی دۆزی نەتەوەیی کورد دەکەن، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەر شوینێکی تر ئەمڕۆ پێویستی بە ھۆشیاری نەتەوەیی و سیاسی ...ھتد ھەیە، بۆ ئەوەی ھەستی پرەنسیپی بەرپرسیارەتی نیشتمانی تێدا زاڵ بێت، لە بەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بە تەنھا بەرپرسیار نییە لە دۆخە نەخوازراوەکان، بەڵکو کۆمەڵگە بەگشتی بەرپرسیارە، و کاتێک کە ھۆشیاری لە ئارادا نەبێت سێکتەرەکانی وڵات لە ھەموو ڕوویەکەوە لە ئاراستەی ئاسایی دەچنە دەرەوە، تاک بەگشتی ھەست بە بەرپرسیارەتی ناکات وەکو پێویست جا چ بە ھۆی ھەوڵی دوژمنان بۆ کاڵکردنەوەی بیری نەتەوایەتی تاکی کورد بێت، یانیش لە بەرامبەر سەرەوەری یاسادا ملکەچ نەبێت.

بە زەرور دەزانم بڵێم کە ھێژا "بارزانی " ھەر لە سەرەتای پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەت و دادوەری جەختی لە مومارەسەکردنی کلتوری دیموکراسی کردەوە، لە یەکەم پڕۆسەی ھەڵبژرادنی ۱۹۹۲/٥/١٩ و دەیان جاریش بەڕێزیان جەختی لە جێگیرکردنی سەرەوەری یاسا کردووە، پڕۆسەی چاکسازی ئێستای حکومەتیش درێژەپێدانی ستراتیژی "سەرۆک بارزانییە" چونکە ریفۆرم تەنھا لایەنی مادی ناگرێتەوە بەڵکو زیاتر لایەنی مەعریفی و مەعنەوی لە خۆ دەگرێت، کۆمەڵێک پرەنسیپ بوونیان ھەیە پراکتیزەکردنیان بە شێوەیەکی رێک و پێک دەبێتە ھۆی دروستبوونی سەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بەبێ ھۆشیاری و ھەستی بەرپرسیارەتی ناکرێ و نابێت، بوونی ھۆشیاری گشتی یەکسانە بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەتوو و بەھێز.
Top