جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ئەنفالکردنی کوردستان

جینۆسایدکردنی بارزانییەکان  ئەنفالکردنی کوردستان

٣٧ ساڵ بەر لەرۆژێکی وەکو ئەمرۆ ولە ٣١-٨-١٩٨٣دا بارزانییەکان لە قوشتەپە جینۆسایدکران . ئەو رۆژە کە لای ئەنجامدەرانی حزبی بەعسی عەرەبی ، رۆژی پیرۆزی شۆفینیانەی کودەتاچیانە ولەکەلتوورەکەیاندا بە ‌ھێمای (١٧-٣١ی تەمموز) ئاماژەی پێدەدرێت ،پرۆسە کە کارێکی نەخشە بۆدارێژرابوو.
ئەم پرۆسە بەدناوە قێزەونە وەحشیگەراییە بە نەخشە و پلانی وورد ولە فەرھەنگ و ھزری نامەردانەو دیکتاتۆریانەی بەغدا دا بەسێ قۆناغ ولە ماوەی (١٠- ١٢ رۆژ) دا پیادەکرا . سەرەنجام ھەشت ھەزار (٨ ھەزار پیاووخوورتی بارزانییان ) جینۆسایدکران .
پرۆسەی بەدناوی ( جینۆسایدکردنی بارزانییەکان) لە کۆمەڵگا زۆرە ملێیەکانی سنووری پارێزگای ھەولێرودەوروبەری کە لە (قوشتەپە ،بەحرکە ،ھەریر، دیانا ) ئەنجامدرا، لەمێژووی کارەساتباری نامرۆڤانە وھۆلۆکۆست وئەنفال وجینۆساید کردنی کوردستاندا لەسەردەمی جەمسەرگیری رۆژھەڵات و رۆژئاوادا لەم دووروانگەیەی خوارەوەدا پێگەوبەھاو تایبەتمەندیەتی خۆی ھەیە :
یەکەم : ھەڵقەناندن وڕاگوێزانی بارزانییەکان بەخاووخێزانەوە لەزێد و ئاوایی وشارو شارەدێییەکانی خۆیان وراگواستنی زۆرەملێییان بۆ کۆمەڵگا زۆرە ملێییەکانی (قوشتەپە ، بەحرکە ، ھەریر و باتاس ، دیانا ) لە دوای ساڵی ١٩٧٥ و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولدا روویدا خودی پرۆسەی راگوستنەکە لەگەڵ وێرانکردن وسووتماک کردنی دەفەری بارزان ، لە یاسایی نێودەوڵەتی تایبەت بە جینۆساید بە یەکەمین پرۆسەی جینۆسایدکردن ھەژماردەکرێت .
دواتر رەشبگیری پیاوو زەلام و نێرینەی خوورت وجیاکردنەوەیان لە خێزان وخوشک و کچ و ئافرەت و ژن و ماڵو منداڵیان لە کۆمەڵگە زۆرە ملێییەکاندا لە شەوانی ( ٣١ی تەمووز تا ١١ی ئەیلوولی سالی ١٩٨٣ ) دابە پرۆسەی دووەمی جینۆسایدکردن ھەژماردەکرێت .
دووەم : ئەم پرۆسەیە ‌و سەرکەوتنی بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە ئەنفالچی و جینۆسایدچییەکانی بەغدا دایانڕشت بوو ، بووە دەسپێک و سەرەتایەک بۆ دارشتنی پلانێکی گەورە ی گشتگیربەمەبەستی پاکتاوکردن و ئەنفالکردن و کیمابارانکردنی
تەواوی کوردستان .
پرۆسەکە ھەروا کەوتەوە ، دوای جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ، بۆردوومان و جینۆسایدکردنی کۆمەڵگای ( زێوە ) لەودیووی سنوور لە ٩-٦-١٩٨٥ دەستی پێکرد ودرێژەی کێشا، لەدۆڵی خۆشناوەتی وشێخ وەسان وبالیسانەوە تا کیمیا بارانی ھەلەبجەو ئەنفالکردن بە ھەر( ٨) قۆناغەکەی و تەواو بوونی بە پرۆسەی ( خاتیمە الاەنفال ) دا .
ئەوانە ، ئەو زنجیرە تاوانە نامرۆڤانە وەحشیگەرییانەن لەدوای جینۆسایدی بارزانییەکانی قوشتەپەوە لە مێژووی تازەدا بوونەتە پەڵەیەکی دیکەی قێزەونی ڕەشی چڵکنن بە نێوچەوانی بەغداوە لکاون .
لە یادی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان چی بکەین باشە ..؟ بۆلەمەودوا
چۆن مامەلە لەگەڵ ئەم کەیسە و تەواوی کەیسە زۆرو زەوەندەکانی دیکەی ئەنفالدا بکەین ..؟
ئایا ھەر ساڵانەو مانگانە و رۆژانە داوای قەرەبووی یاسایی و ماددی لە حکومەتی بەغداوە بکەین ..؟ بە حکومەتی ئێستای کازمیەوەش ..؟ ئایا ھەر چاوەڕوانی قسەو بەڵێنی بێ کرداری بەغدابین تا ئەم کەیسە تۆز لێنیشتوانەی سەر رەفەکانی بەغدا دەجولێندرێن ..؟
ئەی ئێمە ،لە کوردستاندا بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وخەڵکە تێکۆشەرە قوربانی دەرەکەیەوە ، بە کەسوکارە سەربەزەکانی ئەنفالکراواوجینۆسایدکراوەکان ھەر تاڵاو و مەرگەمووش بچێژین یا دەبێ زیاتر بە ئاراستەی نێو دەوڵەتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کەیسەکان بجولێنین ..؟
ئەی وا باشتر نییە ، کە وەفدێ لە بەغداوە دێ ، یا لەدەرەوە دێ ، لە ھەر ئاستێ دابێ لە گەڵ تاجەگوڵینەی سەرمێز، سەبەتەیەکی قوربانی پڕواوپڕلە ئێسک و پرووسک و جەمەدانی وکەلوپەل و ناسنامەی ئەنفال و جینۆساید کراوانیشیان لەبەدەم دابێ و وەک مۆنۆمێنتێکی بچووکراوەی ھێماو رەمز بەخشی لەبیر نەکراو
وابێت ، تا چاو وگوێچکەیان پڕکەین لەوێنە قێزە ونە ناشیرینە وەحشیگەراییەکانی بەغدا بۆ مافە یاسییە نێودەوڵەتییەکانمان رایانچڵەکێنین .
ئەرێ ئەنفال وجینۆسایدکردنی کوردستان چییان لە ھۆلۆکۆست کەمترە ..؟



Top