١٦ی ئابی ١٩٤٦ وەرچەرخانێکی سیاسی گەورە بوو

١٦ی ئابی ١٩٤٦ وەرچەرخانێکی سیاسی گەورە بوو

بەر لەوەی باس لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی وەک پارتی دیموکراتی کورد_کوردستان بکەین لە ڕێکەوتی ١٦ۍ ئابی ١٩٤٦ دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە پێش ئەم بەروارە بارودۆخی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی چۆن بووە؟

ڕەوشی کورد گەیشتبووە ئەو پەڕی ئاڵوزی و ناھەمواری، نائومێدی، و بێ ھیوایی باڵی بەسەر کورد دا کێشابوو بە جورێک کە بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوییمان ھیچ تروسکاییەک بە دی نەدەکرا، چونکە ھەرچی شۆڕش و ڕاپەڕینی نەتەوەکەمان بوون بە گەلەکۆمەکی دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان کپ کرابوون، بێ ئومێدی تاکی کورد گەیشتبووە لوتکەی خۆی.

شایانی باسە لە نێو ئەو دوخە ھەستیارو دژوارەدا بارزانی باوک سەرەڕای بەرپاکردنی کردنی شۆڕشی ١٩٤٣ز بارزان وەک شۆڕشێکی چەکداری توانی لە ڕووی سیاسی و مەعنەویشەوە زەمینەسازی بکات، ڕێکخراوێکی سیاسی وەک پارتی دیموکراتی کورد_کوردستان دامەزرێنێت.

دامەزراندنی پارتی لەو ئان وساتەدا پەیامێک بوو ئاراستەی نەیارانی دۆزی کورد کرا، بە دوژمنانی کوردستانی ڕاگەیاند کە شۆڕشەکانی کورد کۆتاییان نەھاتووەو و بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی دان بە مافە ڕەواکانی کورد دەنێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی باوک توانی لە ماوەیەکی کەم دا ھەر لە زاخۆ تا خانەقین کوردو کوردستانیان لە ژێر یەک ئاڵادا بە ئامانجی بەرگریکرن لە کەڕامەت و ناسنامە نەتەوەییمان کورد وکوردستانیان کۆبکاتەوە، جارێکی تر ئومێد بگەڕێنێتەوە بۆ تاکی کورد و ئینتمای نەتەوەیی و نیشتیمانیش لە لایان بەھێز بکات.

ھەرچەند کە قۆناغەکە گەلێ سەخت و دژوار بوو، کورد بێجگە لە چیاکان ھیچ دۆستێکی تری نەبوو، ئەوەی کە پارتی و بارزانی پشتیان پێ بەستبوو گەلی کوردستان بوو.

چونکە یەکڕیزی و تەبایی سەرتاسەری کوردستانی داپوشی بوو لە پێناو یەک ئامانجی پیرۆز دا کە ئەویش یان کوردستان یان نەمان بوو.

شۆڕشی مەزنی ئەیلول ڕەنگدانەوەی ئەو زمینە سازیە بوو کە پێش بەرپا کردنی شۆڕش لە ساڵی١٩٦١ کرابوو، بۆیەش شۆڕشی کورد نزیکەی ١٤ ساڵ بەردەوام بوو، توانی دۆزی کورد لە باشوری کوردستان لە قوناغێکەوە بگوازێتەوە بۆ قوناغێکی تر و چۆک بە دوژمنان دابنێت و مافەڕەواکانی کورد لە ژێر گوشاری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٧٠ لە دەستووری کاتی ئەوسای عێراقدا بچەسپێنن.
کەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە یەکڕیزی و یەکدەنگی کورد لە گشت قۆناغەکاندا سەرکەوتنی بە دوای خۆیدا ھێناوە و دەھێنێت.
لە کوتاییدا ئەمڕۆش کورد پێویستی بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی ھەیە، تاوەکو یەک دەنگ و یەکگرتوو نەبین و دوور نەکەوینەوە لە یەکترازانی سیاسی لە داھاتوودا چارەنوسێکی باشمان نابێت ھەڕەشەو مەترسیەکانیش زیاترو زیاتر دەبن.
١٦ۍ ئابی ١٩٤٦ ڕۆژی لە دایک بوونی سەرۆک "مەسعود بارزانی" و دامەزراندنی "پارتی دیموکراتی کورد_کوردستان" پیرۆز بێت لە گشت کادیرو ئەندام و لایەنگران و خانەوادەی شەھیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەر کوردێکی دڵسوز و وڵاتپارێز لە ھەر شوێنێک بن.
Top