ھاوشان لەگەڵ (زاخۆ) پێویستە (سۆران )یش بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ

ھاوشان لەگەڵ (زاخۆ) پێویستە (سۆران )یش بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ


شاری سۆران لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و ده‌كه‌وێته‌ باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 200 هەزار كەسە. سۆران ئێستە ناوەندی كارگێڕی قه‌زاكانى چۆمان، مێرگەسۆر و ڕەواندزە، تەنیا لە سەنتەری سۆران 65 فەرمانگەی حكوومی هەیە كە زیاتر لە 45 فەرمانگەیان كارەكانی هەرچوار قەزای "سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و رواندز" بەڕێوە دەبەن. هه‌روه‌ها بەھۆی ھەبوونی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پێگەیەكی گرنگی ئابووریشی ھەیە، وێرای ئەوەی به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى و بوونى سروشتێكى جوان، ده‌ڤه‌رى سۆران له‌ سه‌دا ٣٠% كەرتی گەشتیاری سنوری پارێزگای ھەولێر پێك دەھێنێت.
لەگەڵ ڕۆڵی دیاری دەڤەرەكە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە ھەمیشە پاڵپشت وپشتیوانی شۆرش و راپەرینەكان بووە، بەتایبەت لەشۆرشی ئەیلوولی مەزن وگولانی پێشكەوتنخوازدالە قۆناغەكانی تریشداھەمیشە ڕۆڵەكانی خۆی پێشكەشی كوردستان كردووە، ئەمەش وادەكات بەقەد خەبات و قوربانیدانی خزمەتی دەڤەرەكە بكرێت.
نەخاسمە ساڵانێكە خەڵكی تێكۆشەری دەڤەرەكە لە چاوەڕوانی كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆدان، كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە 1650 لە (8)ی مانگی (2)ی ساڵی 2011 بڕیاریدا بە كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاكو مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ بكرێت، كەچی تائێستا بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە، ئەوەش نیگەرانی دانیشتووانی دەڤەرەكەی لێكەوتۆتەوەو بە بەردەوامی ئەم داواكاریە رووبەروومان دەكەنەوەو داوادەكەن لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان هەوڵی پێویست بدرێت بۆ ئەوەی بڕیارەكە بەشێوەی كردەیی جێبەجێ‌ بكرێت.
وێرای ئەوەی لە پێشووتریشدا پەرلەمانی كوردستان بەبریاری ژمارە (11) لە22-9-1999 بڕیاری ھێنانەكایەی بەپارێزگابوونی سۆرانی داوە، بەڵام تاكۆئێستا ئەم بریارەش نەچۆتە واری جێبەجێكردنه‌وه‌.
بەتێروانینی ھەمووان، ئەمە بڕیارێكی گرنگ و پێویست و لە جێی خۆیەتی كە سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، چونكە دەڤەرێكی بەرفراوانەوە وناوەندێكی گرینگیشە لە ڕووی ئابووری و دەروازە سنوورییەكان، هەروەها ڕێژەی دانیشتووانیشی ڕۆژبەرۆژلە زیادبووندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ رایكردنی ئیش و كاری هاووڵاتیان، شوێنەكە دوورە دەستە تا سەردانی شاری هەولێر دەكەن بۆیان ئاستەم دەبێت، بەڵام ئەگەر ئیدارەیەكی سەربەخۆ هەبێت، ئەوە دەتوانرێ سەرجەم كارەكانی هاووڵاتیانیش لەبری هەولێر، لە سۆران ئەنجام بدرێن. ھەر چەندە ئێمە وەك نوێنەرانی دەڤەرەكە لە پەرلەمانی كوردستان بە نووسراوی فەرمی لە رێگای سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە داوامان لە لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە بۆ كاراكردنی بڕیارەكە و سۆران بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، له‌ داهاتووشدا هەموو هەوڵێكمان لەم پێناوەیەدا دەخەینەگەر.
گرنگە كابینەی نۆیەمی حكوومەت ئەم بریارەیە بخاته‌ وارى جێبەجێكردنه‌وه‌ لەپێناو خزمه‌تكردنى زياترى هاوڵاتيان و كەمكردنەوەی رۆتینیاتى ئيدارى، بە تایبەتیش دواى سەردانه‌كەی بەرێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ قەزای زاخۆ و جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر خێراتركردنی ھەنگاوەكانی بە ئیدارەكردنی شارەكە، ئەمەش كارێكی گرنگ و پێویسته‌، به‌هۆى بوونى پێگەی جوگرافیى تایبەتمەندیی قه‌زاكە، بەڵام لەگەڵ بە ئیدارەكرنی زاخۆ، پێویستە تەیبەتمەندی دەڤەری سۆرانیش لەبەرچاوبگیرێت بۆئەوەی بكرێته‌ ئيدارى سه‌ربه‌خۆ ھەم ببێتە دیاری كابینەی نۆیەم بۆخەلكی تێكۆشەری سنورەكە و ھەمیش ئەو بارگرانییەی لەسەر ئیدارەی پارێزگای ھەولێر ھەیە كەمتر ببیتەوە.ھەروەھاراستەوخۆكاریگەری دەبێت لەسەر بەھێزكردنی ژێرخانی ئابووری وزیادكردنی سەرچاوەكانی داھات كەئەمەش وادەكات خەلكی سنورەكە لەبەكارھێنەرەوەببیتە بەرھەم ھێنەر.
چاوەروانی ھیمەتی ھەموولایەكین .
،ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
Top