نیعمەتی ژینگە

نیعمەتی ژینگە


بەشی یەكەم

ژینگە بریتییە لەو دەورووبەرە سرووشتی و كۆمەڵایەتییەی كە مرۆڤ و زیندەوەرانی دیكە تێیدا پێكەوە ژیان بەسەر دەبەن، كەواتە پاراستن و پارێزگاریكردنی ئەو ژینگەیە لە ئەستۆی هەمووانە، چونكە بە پیسبوونی ئەو ژینگەیە، هەمووان زەرەرمەند دەبن .
بڕوانە خودا چ دەفەرموێت: (هو أنشأكم من الأرض واستعمركم فيها)1 واتە: ئەو خودایە خەڵقی كردووین لە خاك و تیایدا نیشتەجێی كردووین، هەروەها داوای لێكردووین بە بیناكردنی خانووبەرە و گرنگیدان بە كشتوكاڵ و ناشتنی دار و درەخت و پیشەسازیكردن ئاوەرانی بكەینەوە، بۆ ئەوەی دانیشتووانی سەر گۆی ئەم زەمینە لێی سوودمەند بن، گەر ئەم فەرمانەی جێیبەجێ نەكەین، یان پێچەوانەكەیمان ئەنجامدا، واتە وێرانمان كردووە و، بەرپرسیار دەبین، فەرمانی خودا بۆ جێبەجێكردنە، بە پشتگوێ خستنی رووبەڕووی سزای خودا دەبینەوە.
خودا هەموو كەرەستەیەكی ژیانی بۆ ئامادە كردووین لەسەر گۆی ئەو زەوییە، بڕوانە چ دەفەرمووێت: «والأرض مددناها وألقينا فيها رواسي وأنبتنا فيها من كل شيء موزون * وجعلنا لكم فيها معايش ومن لستم له برازقين* وإن من شيء إلا عندنا خزائنه وماننزله إلا بقدر معلوم»2.
ئێمە ئەو زەوییەمان بە شێوازێك بۆ رەخساندوون كە ژیانتان بەرنە سەر تیایدا، تەنانەت ئەو شاخ و داخانەشمان جێگیر كردوە لەسەر ئەو زەوییە بۆ ئەوەی لانەدات و نەترازێت لەو شوێنەی كە بۆمان رەخساندووە، سەوزایی و دار و درەختی بەردار و میوەمان تیایدا ناشتووە و پێوانە كراوە و بە پێی پێویست زۆر بە حیكمەت دانراوە، بە جۆرێك ئەوەی پێویستی ژیانتان بێت لە خواردن وخواردنەوە، بۆتان دابین كراوە لەسەر گۆی ئەو زەوییە، بۆ خۆتان و ماڵ و منداڵ و ئاژەڵ و گیاندار و پەلەوەركانیش، تەنانەت ئەوانەی كە ئێوەش لێی بەرپرسیار نین لە دابینكردنی رزق بۆیان، هەرچی هەیە لەو دونیایە لە خەزێنەی ئێمەدایە و بە پێوانە و دیاریكراوی دابەشی هەموو ڕۆح لە بەر و زیندەوەرانی دەكەین.
كەواتە تەنیا و تەنیا ئەوەی لە سەر ئێوەی مرۆڤ پێویستە ئەنجامی بدەن لەسەر گۆی ئەم زەوییە، ئاوەدانكردنەوەی ئەو زەوییەیە كە لە سەری دەژین، جا بە بیناكردنی خانووبەرە و گرنگیدان بە كشتوكاڵ و چاندنی دارودرەخت و پیشەسازیكردن، یا هەر شتێكی دیكە بێت، گرنگ چاكسازی و پارێزگاریكردنە لەو ژینگەیەی لەو چەند رۆژەی كە خودا بۆی دیاری كردوون لە دنیا و تیایدا ژیان بەسەر دەبەن، نەك پێچەوانەكەی، بڕوانن خودا سەبارەت بە دووڕووەكان (المنافقین) چ دەفەرموێت: «وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ لَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ قَالُوا إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلحُونَ» 3 دەتوانن بگەڕێنەوە تەفسیرەكان بۆ شیكردنەوەی ئەم بابەتە بە تێروتەسەلی، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسەی لە سەر بكەین، ئەوەیە كاتێك بە دووڕووەكان دەڵێن خراپەكاری و بەدخوویی مەكەن، لە وەڵامدا دەڵێن ئێمە چاكەكارین و بە دوورین لە خراپەكاری، دیارە خراپەكاری و بەدخوویی دوو جۆرن ماددی و مەعنەوی (والإفساد في الأرض يشمل الإفساد المادي، بتخريب العامر، وإماتة الأحياء، وتلويث الطاهرات، وتبديد الطاقات، وإستنزاف الموارد في غير حاجة ولا مصلحة، وتعطيل المنافع وأدواتها، كما تشمل الإفساد المعنوي، كمعصية الله تعالى، ومخالفة أمره ، والكفر بنعمته، والتمرد علي شريعته، والاعتداء على حرماته ، وإشاعة الفواحش ما ظهر منها وما بطن، وترويج الرذائل، ومحاربة الفضائل، وتقديم الأشرار، وتأخير الأخيار، وتجبر الأقوياء على الضعفاء، وقسوة الأغنياء على الفقراء)4.
خودا دەفەرموێت: «مكناكم في الأرض وجعلنا لكم فيها معايش قليلا ما تشكرون»5 واتە توانا و دەستەڵاتمان پێداون لەسەر زەوی بژین، تا ئاوەدانی بكەنەوە لە رووی بیناسازی و كشتوكاڵ و پیشەسازیكردنەوە، بە شێوازێك ئەو زەوییەمان تەرخان و ساز كردووە، كە بژێوی ژیانتانی تیا دابین بكەن، لەگەڵ ئەوەی كەمێكتان سوپاسگوزارن لەسەر ئەو ئەو نیعمەتانەی پێمان داون.
ئەگەر تێبینیی ئایەتەكە بكەن كە خودا دەفەرموێت: «مكناكم في الأرض» دەردەكەوێت ئەم فەرمانەی خودا بۆ پاراستن و پارێزگاریكردنە لە ژینگە بە شێوازێكی تەندروست، واتە بیناكردنی نەك وێرانكردنی، پاكڕاگرتنی، نەك پیسكردنی ژینگە، خودا لەسەر زەوی بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە جێگیر و نیشتەجێی كردووین، خۆ دەبێت ئێمەی مرۆڤیش لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین، واتە ئێمە ئەمێنین لەسەر ئەو زەوییە.
بڕوانن پێغەمبەر(د.خ) چۆن رێنمایی هاوەڵان و شوێنكەوتووانی دەكات بۆ بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لەو زەوییانەی ژێردەست و دەستەڵاتیان، كە دەفەرموێت: «منْ كَانَتْ لَهُ أَرْضٌ فَلْيَزْرَعْهَا ، فَإِنْ لَمْ يَزْرَعْهَا ، فَلْيُزْرِعْهَا أخَاهُ) 6.
واتە ئەوەی زەوی هەیە با بیكێڵێت، ئەگەرنا با بیداتە براكەی، ئینجا برای دایك و باوكی بێت، یان برای بێت لە دین، تا بیكێڵێت و سوودی لێ وەربگرێت، خۆ ئەمە فەرمانی پێغەمبەرە (د.خ) بۆ سوودوەرگرتن لە زەوی ئەویش بە چاندنی دارو درەخت و دانەوێڵە بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمی لێ بەدەست بهێنێت، ئەم رێنماییە ئاگادارییە بۆ گرنگیدان بە زەوی و بەكارهێنانی، ئەویش بە كشتوكاڵ و سەوزایی بێ، یان بە بیناسازی و پیشەسازیكردن بێت .
هەر بۆیە پەیڕەوكردنی بەرنامەی ئیسلام سەبارەت بە ژینگە باشترین رێگەچارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی پیسبوونی ژینگە، كە ئەمڕۆ هەموو جیهانی سەر قاڵ كردووە، بڕواننە ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (د.خ) كە دەفەرموێت: (الْبُصَاقُ فِي الْمَسْجِدِ خَطِيئَةٌ وَ كَفَّارَتُهَا دَفْنُهَا)7.
ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (د.خ) پێمان دەڵیت، دەبێت پارێزگاری لە ژینگەی شوێنە گشتییەكان بكەن، چونكە مزگەوت شوینێكی گشتییە و موسڵمانان بۆ خواپەرستی و یەكتر بینین وئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی دۆست و برادەران و مسوڵمانان رووی تێ دەكەن، ئەو كەسەی تف و بەڵغەم فڕێ بداتە مزگەوتەوە، بەو كردارەی ئازاری موسڵمان دەدات، چونكە دەبێتە هۆی دڵتێكچونی هەندێ كەس كاتێ بەر چاویان دەكەوێت، یان رەنگە نەخۆش بێت، بەو نەخۆشییانەی كە دەگوازرێنەوە بۆ كەسێكیتر، هەر بۆیە پێغەمبەر (د.خ) ئامۆژگاری هاوەڵانی كردووە كە گوناهباردەبن بە فڕێدانی تف و بەڵغەم، بۆ ئەوەی گوناهتان لەسەر نەنووسرێت، دەبێت خێرا دایپۆشن، یان لای ببەن و نەیهێڵن .

1- سورة هود الاية 61 .
2- سورة الحجر الاية 19-21 .
3- سورة البقرة الاية 11 .
4- رعاية البيئة في شريعة الاسلام . د يوسف القرضاوي ص68 .
5- سورة الاعراف الاية 10 .
6- صحيح مسلم رقم الحديث 3894 ج6 ص 44 باب كراء الارض .
7- شرح سنن النسائي المسمى ذخيرة العقبى في شرح المجتبى رقم الحديث 723 ج9 ص 94.
Top