نیعمەتی ژینگە

نیعمەتی ژینگە
بەشی دووەم

ئاشكرایە لە هەرشوێن و كاتێكدا تف و بەڵغەم، یان هەر شتێكی دی فڕێ بدەن، كە كاریگەریی خراپی لەسەر ژینگە هەبێت، ئەوا گوناهبار دەبن، چونكە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، كە ئەمەش پەسەند نییە، بەڵكو تاوان و گوناهبارییە، بڕوانن ئەوە شەریعەتی ئیسلامە كە گرنگییەكی لە راددە بەدەری بە پاراستنی ژینگەی شوێنە گشتییەكان داوە.
«قَالَ النَّبي صَلّی اللهُ عَلَيهِ وسَلَم، عُرِضَتْ عَلَيَّ أعْمالُ أُمَّتي حسَنُهَا وسيِّئُهَا فوجَدْتُ في مَحاسِنِ أعْمالِهَا الأذَي يُماطُ عَنِ الطَّرِيقِ، وَوجَدْتُ في مَساوَيءِ أعْمالِها النُّخَاعَةُ تَكُونُ فِي المَسْجِدِ لاَ تُدْفَنُ»1 لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر(د.خ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە باشترین كردەوەی ئومەتەكەی لابردنی شتە زیانبەخشەكانە لە رێگاوبانەكان، كە مەترسیی لەسەر گیانی خەڵكی هەیە، بەڵام خراپترین كردەوەش پیسكردنی ژینگەی گشتییە، بەتایبەت مزگەوت، بە فڕێدانی تف و بەڵغەم بێ ئەوەی بیشارنەوە، یا بیسڕنەوە، خۆ لەم سەردەمەدا زبڵ و خاشاك فڕێدان لە رێگاوبانەكان و هەروەها خستنە دەرەوەی ئاوەڕۆی ماڵان لەنێو كۆڵان و گەڕەكەكاندا، كە راستەوخۆ دەبنە هۆكاری پیسبوونی ژینگە لە كردەوە هەرە خراپەكان هەژمار دەكرێت و لای خودا، بە تاوان دەنووسرێت، بە سڕینەوە و داپۆشینیشی، ئەو تاوان و گوناهە لەسەرتان لادەچێت.
تەنانەت خواردنی سیر كە حەڵاڵە و حەرام نییە، بۆت نییە بیخۆیت و بچیتە شوێنە گشتییەكان، تۆ بڕوانە پێغەمبەر (د.خ) سەبارەت بە سیرخواردن چ دەفەرموێت: «مَنْ أَكَلَ مِنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ ، فَلَا يَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنَا ، وَلَا يُؤْذِيَنَّا بِرِيحِ الثُّومِ»2 واتا بۆنی سیر ناخۆشە و ژینگەی مزگەوتەكە تێك دەدات و بۆنی ناخۆش دەكات، لە دەرئەنجامدا موسڵمانان ئەزیەت دەخۆن. لە فەرموودەیەكی دیكەدا پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: «من أكل من هذه الشجرة شيئا فلا يأتين المسجد»3 واتە ئەوەی سیری خوارد، با نەچێتە مزگەوتەوە، چۆن لەوەوپێش ئاماژەمان پێ كرد، كە دەستەواژەی مزگەوت تەنیا مەبەست مزگەوت نییە، بەڵكو شوێنە گشتییەكانە، لێرەوە دەردەكەوێت بە هەر هۆكارێك ژینگە پیس بكرێت، دەبێت قەدەغە بكرێت و بوار نەدرێت و رابگیرێت، بۆ نموونە كەسانێك هەن لە ماڵەوە ئاژەڵ بەخێو دەكەن، بەڵام بوونەتە سەرچاوەی هەندێك نەخۆشی و هێنانی مێش و مەگەز و بۆنی ناخۆش و پیسكردنی ژینگەی ئەو گەڕەكە، خۆ ئەمیش هەروەك سیرخواردنەكە وایە، دەبێ ئاگادار بكرێنەوە كە كارێكی ناپەسەندە و قابیلی قبوڵ نییە، بەڵكو گوناهباریش دەبن، چونكە رەچاوكردن و پاراستن و پارێزگاریكردن لە ژینگەی گشتی، پەیامی خودای باڵادەست و پێغەمبەرە (د.خ) .
بڕواننە ئەم ئامۆژگارییەی پێغەمبەر(د.خ) چ دەفەرموێت: «مَمَا مِنْ مُسْلِمٍ يَغْرِسُ غَرْسًا ، إِلَّا كَانَ مَا أُكِلَ مِنْهُ لَهُ صَدَقَةً ، وَمَا سُرِقَ مِنْهُ لَهُ صَدَقَةٌ ، وَمَا أَكَلَ السَّبُعُ مِنْهُ فَهُوَ لَهُ صَدَقَةٌ ، وَمَا أَكَلَتِ الطَّيْرُ فَهُوَ لَهُ صَدَقَةٌ ، وَلَا يَرْزَؤُهُ أَحَدٌ ، إِلَّا كَانَ لَهُ صَدَقَةٌ»4. هەر موسڵمانێك دارێك بچێنیت، ئەوەی لەو درەختە دەخوات، یان لێی دەدزێت، یان هەر ئاژەڵێك و باڵدارێك دەیخوات، یان كەسانێك لێی دەبەن، هەموو ئەمانە دەبنە سەدەقە بۆی، واتە پاداشتەكەی بۆ دەنووسرێت لای خوداوەند، زۆر گرنگە لەم فەرموودەیە تێبگەین، ئەویش پاراستنی ژینگەیە، بە واتایەكی دیكە چاندنی دارێك خۆی لەخۆیدا زیادكردنی رێژەی ئۆكسجین و كەمكردنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە لە هەوادا، لە دەرئەنجامدا خەڵك و گیاندار و باڵندەكان لێی سوودمەند دەبن، (رعاية مصالح العباد) یش یەكێكە لە ئامانجەكانی شەریعەت (مقاصد الشريعة) .
ئەم فەرموودەیە زۆر گرنگە حكومەت بیكاتە مەرجێك بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت بینای باڵەخانە، یان خانوو، یان هەرشتێك دەكەن دەبێت لەپێناو ژینگەدا بڕێك درەخت بچێنن، ئەوەشی درەختێك دەبڕێتەوە، سزا بدرێت، بەتایبەت لە شوێنە گشتییەكان، یان كەسێك كە بە ئۆتۆمبێلەكەی درەختێك دەشوێنێ، دەبێ لە شوێنی ئەو درەختە دانەیەكی دیكە بچێنێت .
عن أبي هريرة رضي الله عنه (أن إمرأة سوداء كانت تقم المسجد ففقدها رسول الله صلی الله عليه وسلم ، فسأل عنها بعد أيام، فقيل له: إنها ماتت، فقال: فهلا آذنتموني؟ فأتي قبرها فصلی عليها)5 كاتێك خوێندنەوەیەكی ورد بۆ ئەم كاردانەوەیەی پێغەمبەر(د.خ) دەكەین كە دەبیستێت ئەو ئافرەتەی كە خۆی تەرخان كردبوو بۆ پاككردنەوەی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) وەفاتی كردووە، حەزرەتی پێغەمبەریان لێ ئاگادار نەكردۆتەوە (د.خ)، هەر بۆیە دەچێتە گۆڕستان نوێژی لەسەر دەكات، دیارە ئەم رۆیشتنەی پێغەمبەر (د.خ) بە ئەمری خودا بووە، هەر لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەتە كە گرنگیی بە پاكوخاوێنی شوێنێكی گشتیی وەك مزگەوت داوە، ئەو رێزە تایبەتییەی لێ گیرا كە خودی پێغەمبەر (د.خ) بێت و نوێژی لەسەر بكات، بە راستی ئەوە شەرەف و رێزێكی گەورەیە.
لێرەوە دەردەكەوێت مامەڵەكردنی ئەم ئافرەتە لەگەڵ ژینگەی گشتی زۆر دروست و پەسەند بووە بەلای پێغەمبەرەوە (د.خ)، هەر بۆیە گرنگە شوێنكەوتووانی پێغەمبەرە(د.خ) بە هەمان شێواز مامەڵە بكەن لەگەڵ ژینگەی گشتیدا، نەك تەنیا بەرامبەر بە مزگەوت، چونكە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) مزگەوت بیمارستانیش بووە، هەروەها شوێنی چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بووە و شوێنی راوێژكاری بووە بۆ پرسە هەنووكوییەكان و كۆبوونەوەی مەجلیسی شورای لێ دەكرا، شوێنی داماو و لێقەوماوان بووە، هەروەها شوێنی پێشوازیكردن بووە لە میوان و ئەو وەفدانەی سەردانی پێغەمبەریان دەكرد (د.خ)، شوێنی عیلم وزانست و فێربوون بووە، مەركەزی ئیعلام بووە و هەروەها كۆمەڵی چالاكیی دیكەی تێدا ئەنجام دەدرا، هەر بۆیە شوێنێكی گشتی بووە.
بڕوانن پێغەمبەرە (د.خ) چۆن هۆشداری دەداتە شوێنكەوتووانی نەبادا میز بكەنە ئاوێكی راوەستاو، واتە ئاوەكە لێی نەڕوات، دەفەرموێت: «لا يبولن أحدكم في الماء الراكد»6 چونكە ئەو ئاوەی ناڕوات كاتێك میزی تێ كرا، پیس دەبێت، ئەو كات بۆ بەكارهێنان ناشێت.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت پێغەمبەر(د.خ) بەردی بناغەی پارێزگاریكردن و پاراستنی ئاوی بۆ داناوین كە پیسی نەكەین، بەهەر شتێك بێت، مەرج نییە میزكردن بێت، هەر شتێك پیس وخراپ بوو، نابێت خێرا فڕێ بدرێتە ئاوەوە، وەكو لەم سەردەمەی ئێستاماندا بە چاوی خۆمان دەیبنین زۆرێك لەو وڵاتانەی دراوسێمانن ئاوی قورس و پاشەڕۆی كارگەكانیان فڕێ دەدەنە ناو ئەو ئاوەی دێتە وڵاتمانەوە، بێ ئەوەی گوێ بدەنە تەندروستی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی و سەرچاوە ئاوییەكانمان، تەنانەت دەستیان نەپاراستووە لە فڕێدانی پاشماوەی مەوادی كیمیاییش بۆ نێو دەریاچەكان، لەگەڵ ئەوەی خۆشیان بە موسڵمان ناوزەند دەكەن و ئاڵای ئیسلامیان بەرزكردۆتەوە، ئینجا هەڕەشەی گرتنەوەی ئاومان لێ دەكەن.
ئا بەو شێوەیە پێغەمبەر(د.خ) پەروەردەی هاوەڵان و شوێنكەوتووانی كردووە، كە چۆن بتوانن خزمەت بكەن بەو كۆمەڵگەیەی تێیدا گەورە بوون و نیشتەجێ بوون، نەبادا كارێك بكەن بەر لەعنەت و نەفرەتی خەڵكی بكەون بە هۆی ئەنجامدانیەوە، كە بریتییە لە پیسیكردنی رێگاوبانی خەڵكی كە رۆژانە هاتوچۆی پیادا دەكەن، یان لەو شوێنانەی كە هاتوچۆكەران تیایدا دەحەوێنەوە، تەماشا بكەن پێغەمبەرمان چ دەفەرموێت: «اتَّقُوا اللَّعَّانَيْنِ قَالُوا: وَمَا اللَّعَّانَانِ يَا رَسُولَ اللّهِ؟ قَالَ: الَّذِي يَتَخَلَّي فِي طَرِيقِ النَّاسِ أَوْ فِي ظِلِّهِمْ»7.
هۆكاری ئەو نەعلەت و نەفرەت لێكردنەش ئەوەیە كە كارێكی ناڕەوات كردووە و هاتووی ژینگەی ئەو خەڵكەت پیس كردووە بە ناحەق.
ئایا ئەو حوكمڕان و دەستەڵاتدارانەی كە شار و شارۆچكە و گوند و لادێكان بە بۆمبا و چەكی كیمیایی و ئەتۆمی وێران دەكەن، وەكو بینیمان رژێمی بەعس ئەنجامی دا دژ بە میللەتی كورد، كە تاكو ئێستاش دانیشتووانەكەی باجی مەینەتیی پیسكردنی ژینگەی كوردستان دەدەنەوەو، تووشی هەزاران نەخۆشیی كوشندە بوون، بەتایبەت هەڵەبجە و گوپتەپە و بادینان و شاروشارۆچكە ولادێكانی دیكە، ئایا ئەو رژێمانە بەر ئەو نەفرەت و لەعنەتە ناكەون كە پێغەمبەر(د.خ) شوێنكەوتووانی لێ ئاگادار كردوونەتەوە؟
نموونەی دیكەمان هەن لەم سەردەمە، ئەوەتا رژێمی توركیا و ئێرانیش هەمان رێچكەی رژێمی بەعسیان گرتۆتە بەر، بێگومان ئەو لەعنەت و نەفرەتە ئەوانیش دەگرێتەوە، چونكە ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر(د.خ) یاسایە و هەر كەسێك بەو شێوە خراپە مامەڵە لەگەڵ خەڵقەندەی خودای باڵادەست بكات، كە ژینگە و شوێنی حەوانەوە و ئیستراحەت و نیشتەجێبوونیان پیس بكات، ئەوە سزاكەیەتی، خودا بە دوورمان بگرێت .
تەنانەت پارێزگاریكردن و پاراستنی باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵ و گیاندارەكانیش دەچنە ریزی ژینگەپارێزییەوە، تۆ بڕوانە خودای گەورە هەموو ئەمانەی بۆ سەرجەم دانیشتووانی سەر گۆی ئەم زەوییە بە پێی پێویست و زۆر بە حیكمەت خولقاندووە، نابێت دەستیان بۆ درێژ بكەن و لەناویان بەرن بە ناحەق، تەنیا كاتێك دەتوانن لەناویان ببەن، كە بزانن زیانتان پێ دەگەیەنن، بۆ ئەم مەبەستە ئاماژە بە دوو فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) دەكەین، سەبارەت بە كوشتنی چولەكەیەك بە ناحەق فەرموویەتی: «من قتل عصفورا عبثا،عج إلى الله يوم القيامة ، يقول يا رب ، إن فلانا قتلني عبثا ، ولم يقتلني منفعة»8 واتە ئەوەی چۆلەكەیەك هەر بۆ خۆشی بكوژێت، ئەو چۆلەكەیە لە رۆژی قیامەت لە حوزوری خودا دەست دەكات بە جریوە جریو و دەڵێت خوادیە پرسیاری لێ بكە بۆ كوشتمی، بێ ئەوەی بمخوات، واتە لێپێچینەوەت لەگەڵ دەكرێت كە دەستدرێژی بكەیتە سەر باڵندەیەك، كە هیچ ئیشێكت پێی نەبێت.9
قال رسول الله صلى الله عليه وسلم : «ما من انسان يقتل عصفورا فما فوقها ، بغير حقها إلا يسأله الله عزوجل عنها يوم القيامة، قيل يا رسول الله ، فما حقها ؟ قال أن تذبحها فتأكلها ، ولا تقطع رأسها فيرمي بها»10 خودا ئەو باڵندانەی بۆ مەبەست و حیكمەتێك خەڵق كردووە، ئێمە نازانین، یان پێی نەگەیشتووین. بە هەمان شێوە سەبارەت بە سەگ، بڕوانن پێغەمبەر(د.خ) چ دەفەرموێت: «لولا أن الكلاب أمة من الامم لأمرت بقتلها فاقتلوا منها الأسود البهيم»11 واتە سەگەكانیش گەلێكن وەك گەلانی دیكە، ئەگینا فەرمانم پێ دەكردن لە ناویان بەرن، بەڵام تەنیا ئەوانەیان بكوژن، كە زیانتان پێ دەگەیەنن، بۆیە بە رەش ناویانی هێناون، واتە زیانبەخشەكانیان، جا هەر رەنگێك بێت مەرج نییە، رەش بێت، ئەم فەرموودەیەش پەیامێكە لە پەیامەكانی پێغەمبەر (د.خ) بۆ هاوەڵان و شوێنكەوتووانی، كە خودای گەورە و میهرەبان بۆ مەبەستێكی دیاریكراو ئەم سەگانەی دروست كردووە، بەڵام لەسەر ئێمەی مرۆڤ پێویستە مامەڵەیەكی دروستیان لە گەڵدا بكەین و ئازاریان نەدەین، خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بكەین وبرسی نەبن، چونكە بەرپرسیاردەبین لە رۆژی قیامەت.
زۆر گرنگە مامۆستایانی ئایینی و بیرمەند و بانگخوازەكان و رۆشنبیران لە سیمینارو كۆڕو كۆبوونەوەكانیان سەبارەت بە چەمكی ژینگەپارێزی ئاماژە بەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێشەوامان پێغەمبەر (د.خ) بكەن، كە ئەوە بەرنامە و ئایینی ئیسلامە كە پەروەردەی شوێنكەوتووانی بەو شێوازە دەكات، چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا بكەن، چونكە پاراستن و پارێزگاریكردن لە ژینگە واجبێكی شەرعییە.

1- صحيح مسلم رقم الحديث 553 ج3 ص360 باب النهي عن البصاق في المسجد .
2- صحيح مسلم رقم الحديث 1251 ج3 ص 367 نهي من اكل ثوما أو بصلا .
3- سنن ابن ماجة رقم الحديث 1016 ج2 144 اسناده صحيح .
4- صحيح مسلم رقم الحديث 1552 ج6 ص 59 باب فضل الغرس والزرع .
5- سنن ابن ماجة رقم الحديث 1527 ج2 ص486 اسناده صحيح / باب ماجاء في الصلاة على القبر .
6- سنن ابن ماجة رقم الحديث 344 ج 1 ص 227 اسناده صحيح / باب النهي عن البول في الماء الراكد .
7- صحيح مسلم رقم الحديث 269 ج 3 ص 59 / باب النهي عن التخلي في الطرق والظلال .
8- شرح سنن النسائي ذخيرة العقبى في شرح المجتبى رقم الحديث 4448 ج34 ص62 .
9- ئەو گروپە توندرەوو لایەن وكەسانەی كە خەڵكی سڤیل و بێتاوان دەكوژن بەناوی ئیسلامەوە دەبێت چۆن موحاسەبەو سزا بدرێن لە لایەن خودا پرسیارەكە ئەوەیە كێ ئەو حەقەی پێداون بەناوی ئیسلامەوە خەڵقی بكوژن؟؟؟ ئەوە چۆلەكەیەكە سكاڵاو داوای مافی خۆی دەكات لە حزوری خودا، جێی خۆیەتی بڵێین ئەو گروپە توندڕەو ولایەنانە هیچ پەیوەندییەكیان لە دوورو نزیكەوە بە ئیسلامەوە با هەر ئیدعای ئیسلامەتی وخواپەرستی وشیعارو ئاڵای لا إلە إلا الله بەرز بكەنەوە .
10- شرح سنن النسائي ذخيرة العقبى في شرح المجتبى رقم الحديث 4447 ج34 ص 62 .
11- سنن ابن ماجة رقم الحديث 3205 ج4 ص364









((مامۆستای ئایینی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق))
Top