فریای زمانی دایک بکەون !

فریای زمانی دایک بکەون !


زمان ئۆقیانوسێکە و بەقەد بینینی چاو مەزن و فراوانە ، زانستەکانی هێندە فراوانن ، مرۆڤ بە ئاسانی ناتوانێ بەسەریدا زاڵبێت ، وە ئامرازێکە بۆ ئاخاوتن و لێکتێگەیشتن و بەدیارخستنی کەلتوور ، پێکهێنەرێکی گرنگی ناسنامە و بوونمانە ، هەموو تاکێکیش پێویستە شانازی بە زمانی دایکییەوە بکات ، لێ مخابن لە کوردستان وای لێهاتووە کە بڵێین ، ئیدی خەڵکی شەرم دەکەن بە زمانی کوردی بئاخڤن .
پێویستی بە گووتنە کە شووناس و ناسنامەی هەر نەتەوەیەک بریتیە لە زمان و هەر هەرێمێکیش کە داوای سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت دەکات ، سەرەتا زمانی خۆی دەخاتە نێو زمانە جیهانیەکان ، نەک زمانە بیانیەکان پەرە پێبدات و بیانکات بە بەرنامەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان ، ئەو زمانە بیانیانەی کە خاوەنەکانیان دەستیان هەبووە لە خوێنی شەهیدەکانمان و تینووی خوێنی نەتەوەی کوردن .
سوێندت بۆ دەخوێنم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، بە زمانی ئینگلیزی پیرۆزبایی رۆژی جیهانی زمانی کوردی دەکەن ..! ، بە جۆرێک زمانی بیانی لە هەندێک زانکۆ و کۆلێژ وەک ئایەتی قورئانی لێهاتووە و گۆڕانکاری تێیدا کوفرە ..!
هەر لۆیە پێتان سەیر نەبێت کە دوای ماوەیەکی دیکە خولی بە بەرامبەر بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ خەڵکی کوردستان بکرێتەوە ! .
مامۆستای مەزن ، مامۆستا شێرکۆ بێکەس ، لە کۆتایی ئەو نامە دوور و درێژەی کە لەپێناو هەڵەبجە بۆ خودا نوسیویەتی ، دەفەرمووێ " باڵندەی ئیلهامی شعرم هەڵفڕی و رۆژی دواتر ، سکرتێری پلە چواری نوسینگەی خودا ، عوبێد ناوێ ، نامەکەی پێدامەوە و گوتی گەوجە ، بیکە بە عەڕەبی ، کەس لێرە کوردی نازانێ و نایبەین بۆ خودا ".
سەیرێکی دەوروبەر بکەن بە خواردن و خواردنەوە و خواردنگەکان ، بە شوێنە گشتی و گەشتیاریەکان بە عەنکاوە ڤاتیکانەکەی سەر بە پایتەختی هەرێمی کوردستان ، دەبینی کە بە چ دەردێکیان بردووین ؟!.
لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا ، زمانی کوردی لەهەرێمدا زمانی فەڕمیە ، بەڵام ئایە لە راستیدا وایە ؟ .
پەڕلەمانی کوردستان ، لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی ، لەدانیشتنی ژمارە 9 دا ، یاسای ژمارە 6ی لە رێکەوتی 29ی تشرینی یەکەمی 2014 بەناوی ( یاسای زمانە فەرمییەکان لەهەرێمی کوردستان ـ عێڕاق ) دەرکرد ، کە لە دە بەش و 27 ماددە پێکهاتووە ، بەڵام بەردەوام تێبینی ئەوە دەکرێ کە یاساکە ئامانج و هۆیەکانی نەهێناوەتەدی و تاکو ئێستاش خەڵک و لایەنەکان یاساکە وەک خۆیی جێبەجێ ناکەن .
بێگومان هەروەک چۆن تێبینی ئەوەمان کردووە کە یاساکە وەک خۆی جێبەجێ نابێت ، هۆکارەکەیشی دەخەینە روو ، بەوەی کێشەی سەرەکی بەکارنەهێنانی زمان وەک خۆی لەئێستادا ، شارەزا و دکتۆر و پرۆفیسۆرەکانی زمان خۆیانن ، کە سەریان لە خۆیان و لەئێمەش تێکداوە ، چونکە ناکۆکیان هەر لە بچوکترین وشەوە تا گەورەترین بابەتی گرتۆتەوە و هەر یەکێکیان خاوەن تەرازووی خۆیانن و بە گوێرەی تەرازووی خۆیان کێش و پێوانەی زمان دەکەن و هەرگیز کۆک و هاوڕانین و نابن .
نوسەران و رۆژنامەوان و پێنووس بەدەستان ، تەنانەت گەورە و بچوکی نیشتمانم ، بیرتانە ئەکادیمیای کوردی چەندین هەزار نامیلکەی لەبارەی رێنووسەوە بڵاوکردەوە و بە خۆڕایی بەسەر خوێنەرانی دابەشیکرد ، ئێ بۆچی پێوەی پابەندنابن ؟ ، بەڵام کورد هەر خویی وایە رقی دونیای لەکاری دروست و رژد دەچێت .
ئەی تۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆچی بەرنامە و پەیڕەوی ئەکادیمیایی کوردی ناکەیتە فەڕمی و واناکەیت تا دەزگاکانی راگەیاندنیش پێوەی پابەندبن ؟ ، گەرنا بۆچی رێگەت دا بە بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی نامیلکەکانیان ؟، ئیدی کاتی هاتووە و دەبێت دەزگاکان پێوەی پابەند بن و حکومەتیش چاودێربێت بەسەریانەوە ، بەجۆرێک گەر سەرپێچیشیان کرد و لە بڕیارەکە لایاندا ، دەبێت سزای توند بدرێن ، بەجۆرێک سزاکە چاپکردنی کتێب بوەستێنێت ، تەنانەت تا داخستنی دەزگاکەش ، گەروانەکەن ئەی حکومەت بۆ حکومەتە ؟ ، کەم شەهیدمان لەپێناو ناو و ئاڵا و زمانمان داوە ؟ ، کەم شەهیدمان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان داپۆشیووە ؟ ، شەرمە بەخوا ، ئێمە لەم چەند شارەی باشوور نەتوانین بەیەک رێنووس بنوسین ، کەچی زۆر بە ئاسایی داوای " زمانی ستاندارد" یش بکەین !.
لۆ چما دامەزراندنی زمانی ستاندارد ، هەوەنتەیە ؟ زمانێک بەو هەموو جیاوازیەی و بوونی ئەو هەموو شێوەزارە بە زار و بنزارەوە و هەمووان بۆچوونە راستەکە پشت گوێ بخەن و کەسیش واز لەبۆچوونە هەڵە و پێوانەکردنی بە تەرازووەکەی نەهێنێت و حکومەتیش کە خۆی بە خاوەنی ئەو پرسە نەزانیووە ، مەگەر چاوەڕوانی ئەو دراوسێیانەبین کە تێنووی خوێنمانن بێن و بۆمان رێکبخەن و چاکی بکەن ؟ ، بەدڵنیایەوە ، ئەوانیش ناهێن ، بۆیە دەبێ بەردەوام چاوەڕێی زمانی بیانی زیاتر بین ، کە لەکوردستان بێنەبەکارئینان .
Top