مەرگی قوتابخانە ... ئازادی مرۆڤ

مەرگی قوتابخانە ... ئازادی مرۆڤ

ژان ژاک رۆسۆ؛ یەکەم کەس بووە کە بانگەشەی بۆ نەھێشتن و دەستھەڵگرتنی لە قوتابخانە کردووە، ئەو لەو بڕوایەدایە کە (منی سرووشتی باشترە، پێویستە لەھەموو شتێک دوور بخرێتەوە کە تێکی بدات). ئەو بیردۆزەکەی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە ھەڵچنیوە بەوەی سرووشت وا دەخوازێت منداڵەکان منداڵ بن بەر لەوەی وەکو پیاو ببیندرێن؛ بە پێچەوانەوە دەست بۆ میوەیەک دەبەین کە ھێشتا پێنەگەییووە.
دوای ژان ژاک رۆسۆ و چەندین نووسەر و توێژەری دیکە لەھەمان روانگەوە بانگیان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قوتابخانەکان کرد و ئەوانیش داکۆکیان لە بیروباوەڕی رۆسۆ کردەوە کە بەپێی یاساکانی سرووشت؛ چاکسازی کۆمەڵایەتی لە چاککردنی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت بێ ئەوەی دامەزراوە پەروەردەیی و جڤاکییەکان دەست بخەنە نێو ئەو بابەتە، ئەوانیش چوونەوە سەر قسەکانی رۆسۆ و رایانگەیاند کە منداڵی ئازاد تەنھا خوازیاری ئەنجامدانی ئەو کارەیە کە دەتوانێت بیکات و ئەوەی ئارەزووی بکات دەیکات، رۆسۆ نەیشاردۆتەوە کە بنچینەی سەرەکی بیرکردنەوەکانی ئەو سەبارەت بە مەسەلەی پەروەردە بریتیە لە دوورخستنەوەی منداڵ لە قوتابخانە و لەمڕووە دەڵێت: (ئەو بنچینەیە بەسەر قۆناغی منداڵێتی دا بچەسپێنن؛ دواجار ھەموو بنەماکانی پەروەردەتان دەست دەکەوێت).
رێبازی دژایەتی کردنی قوتابخانە بە رۆسۆوە کۆتایی نەھاتووە، لەدوای ئەو چەندین نووسەر و توێژەرانی وەکو (جۆن ھۆڵت) بەردەوامیان بەو بیردۆزە دا، چەمکی (بێ قوتابخانە لەلایەن (ھۆڵت)ەوە داھێندرا و چەندان پەرتووک و گۆڤاری سەبارەت بەوە نووسی و لەچاپی دا لەوانە گۆڤاری (پێگەیاندنی بێ قوتابخانە)، و دوای ئەویش (ئیڤان ئیلیتچ)ی نووسەری پەرتووکی (کۆمەڵگای بێ قوتابخانە) و (ئیڤەرت ریمەر)ی نووسەری (پەرتووکی مەرگی قوتابخانە) بە درێژەپێدەری ھەمان رەوت ھەژمار دەکرێ.
جۆن ھۆڵت لە سەرەتاکانی نیوەی دووەمی چەرخی بیست بە بزاڤی دژایەتیکردنی سیستەمی قوتابخانە حکوومیەکان دەستی بە بانگەشەکردن بۆ لابردنی قوتابخانە کرد، ئەو پێیوابوو کە لە دەرەنجامی بەدەمەوەھاتنی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان لەدوای شۆڕشی پیشەسازی دا قوتابخانە دروست بوو، قوتابخانەکان لەسەر بنچینەی (تاکە پێوەرێک بۆ ھەمووان) کرایەوە کە ھەمووان لەڕووی تەمەنەوە ھاوشێوەن و خرانە نێو ھۆبەیەکی خوێندنەوە و یەک پرۆگرامی خوێندنیان خرایە بەردەم و رێگەیان پێنەدرا ئەوە ھەڵبژێرن کە دەیانەوێ فێری ببن. لەم سۆنگەشەوە ھۆڵت دەڵێت: (یاسا و پەیڕەوی توند حەزی ئازادی لەلای تاکەکان دەکوژێت و دواتریش داھێنان... ھەمووان دەبنە کۆپی یەکتری و جیاتاکی لەنێوانیاندا ھەڵدەبزڕکێت).
وەکو جێگرەوە بۆ خوێندنی قوتابخانە ھۆڵت دوو رێگەی باسکردووە کە یەکەمیان لە رێگەی پرۆگرامی خوێندن کە لەلایەن باوانیانەوە چاودێری و بەدواچوونیان بۆ بکرێ و بە (فێرکردنی ماڵ) ناوزەدی کرد، رێگای دووەمیش کە بەلای ئەوەوە ئازادی پتر دەڕەخسێنێت ئەوەیش (بێ قوتابخانە) یان (ئان سکوڵینگ) بێ بوونی ھیچ جۆرە پرۆگرامێکی خوێندن و تەنھا پاڵپشت بۆ فێربوون خواست و غەریزەی سرووشتی مرۆڤەکان بێت بۆ فێربوون.
جیا لەوە ھۆڵت ئاماژە بە شتێکی دیکە دەکات و پێیوایە کە بوونی قوتابخانە تەنھا خزمەت بە سیستەمی ئابووری جیھانی دەکات و ئەو بونیادە ئابوورییە زەبەڵاحەی جیھان پێویستی بە ملیۆنەھا کرێکار و بەڕێوەبەر و ئەندازیار و پزیشکە و رۆڵی قوتابخانە ھاوشان لەگەڵ شۆڕشی ئابووری ئەمریکا و ئەوروپا پەرەی پێدرا و بەپێی ئەو پۆلینکارییە ئابوورییە؛ بەھای مرۆڤ یەکسانە بەو رۆڵەی کە لە سیستەمەکەدا دەیگێڕێت. بەڵگەش بۆ ئەو لێکدانەوەیە دەھێنێتەوە کە ھۆکارەکە ئەوەیە پزیشکان و ئەندازیاران بە چینی باڵا و رێزلێگیراوتر دەبیندرێن و کرێکارەکانیش بە خوارووتر لەوان؛ ئەو دەڵێت :(سیستەمی ئابووری ئەو چوارچێوەیەی بۆ مرۆڤەکان داتاشیوە).
جۆن ھۆڵت ھیچ پاساوێک بۆ خوێندنی پرۆگرامەکانی خوێندن نابینێت و بە تەنزەوە دەڵێت:(ئێمە نازانین لە پاشەڕۆژدا پێویستیمان بە چ جۆرە زانیارییەک دەبێت، بۆیە گەمژەییە پێشوەخت بیانخوێنین).
دوای ھۆڵت؛ ئیڤان ئیلیتچ (نووسەری پەرتووکی کۆمەڵگای بێ قوتابخانە)؛ کە فەیلەسوفێکی نەمساوی و لە بەناوبانگترین بیرمەندە ھاوچەرخەکانی ئەو وڵاتەیە، رەخنەی لە بوونی قوتابخانە گرت و جەختی لە پەروەردەکردنی تاک لەسەر ئازادی کردەوە. ئەو خاوەنی ئەو گوتەیەیە کە دەڵێت: (ئەگەر زانست و زانیاری لەنێوانی دیواری قوتابخانەدا بێت؛ ئەوا پێویستە دیوارەکانی بڕوخێندرێن تاکو زانست و زانیارییەکان بڵاو ببێتەوە... ئەگەریش زانست لە دەرەوەی قوتابخانەکان بێت ئەوا دەبێت منداڵە زیندانیکراوەکانی نێو قوتابخانە ئازاد بکرێن و رێگایان بۆ بکرێتەوە تاکو بەدوایدا بگەڕێن ... ئێمە لە قوتابخانەکاندا زۆر فێر دەبین بەڵام لە ژیانی رۆژانەماندا کەم سوودی لێ دەبینین).




* وەرگێڕ
Top