ئوکراینا .. جارێکی تر پەڕینەوە لە دنێپر یا مانەوە لە قەراغی گڕگرتوو..؟

ئوکراینا .. جارێکی تر پەڕینەوە لە دنێپر  یا مانەوە لە قەراغی گڕگرتوو..؟

ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی تر پرسی شارەکانی دۆڵی دەمباس بەدیوی رۆژهەڵاتی ئوکراینا کە هەردوو کۆماری دانپیانەنراوی (لۆگانسک ودانێسک) ی ژێر دەسەڵاتی جوداخوازەکانن ، لەگەڵ دوورگەی کریم و دەریای رەشی ستراتیژی و وشکاییەکانی سەردەریاکە تا هەردوو شاری ماریۆپۆڵ وئەدێساش
بۆتەوە مژاری گەرمی میدیاکانی جیهان .
چاودێران ، بەتایبەتی ئەوانەی شارەزای بواری گرفتەکانی ئوکرایناو رووسیان لە ساڵی 2014 وە چاودێری ئەو ناوچە گرگرتووەی ئەوروپای رۆژهەڵات دەکەن
لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو جموجۆڵە سەربازییەن کە هەردوولای رووس وئوکراین،
ماوەی دووحەفتەیە ئەو ناوچانە وەک بەرەی شەڕ وهێرش و پەلاماری جەنگێکی تر لە ئامادەباشی دان .
لەکاتێکدا ئەو بارودۆخە شەڕاوییەی لە رۆژهەڵاتی دنێپروباشوورییەوە سەری هەڵداوە ، دەگەرێتەوە بۆ دنەدان و بن هەنگڵ خوراندی فلادیمێرزیلنسکی سەرۆکی ئوکراینا لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆکی تازەی ئەمریکا وسیاسەتی تازەی ئەو وڵاتە، لە ناوچەکەدا.
ئەودنەدان و بن هەنگڵ خوراندنەی ئوکراینا ،لەلایەن ئەمریکاوە جگە لەوەی گەر لە ڕکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمریکاوەش بێیت ، چەند کارتێکی فشاری جۆبایدن وئەمریکییەکانیشی لە هەناودایە وبەڕووی پوتین و رووسەکان لە ئوکرایناو دەریای ڕەش قیتکراونەتەوە بۆ سەوداو سازشکردن لە ناوچەکانی دەریای سپی ورۆژهەڵاتی ناوەراستی پڕلە کێشمەکێش قەیران وئاریشە و گرفتی هەڵپەسێردراو .
وا پێدەچێ گەر هەردوو دەریای ( ڕەش و سپی) لەچەند جومگەو دەرەبەند وکەناڵ و دەریچەیەکەوە برژێنەوە ناو یەکترییەوە، کەچی لەسەرمێزی باگراوەندی پشت ئەکڕانەکان ، لەو دیوباخچەکانی هەردوو( کۆشی سپی وکرملین) دا وابەستەن بە چەندین کارتی هەمەجۆری یاری سیاسیی خۆیان، ئەویارییە جیانگیرییە ، گشتگیرە نەتەوەییەی ( ڕووس وئەمریکا )کە ساڵانێکە لەدوای شەڕی دووەمی گێتییەوە لە ئارادایە وڵاتانی جیهانیان بەخۆیانەوە خەریک کردووە .
لەم کێشمە کێش و جموجۆڵە سەربازی و بینەو بەردەیەدا ، ئەوەی ئێستاکێ لە رۆژهەڵاتی دەمباس و باشووری ئوکراینا دەگوزەرێ ، تا ئێستا بۆ ئەمریکییەکان
بەرهەمی نەبووە ،چونکە وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوای ئەوروپا لەوانەوەش فەرەنسا
و ئەڵمانیا و تا ئاستێک بەریتانییەکانیش نە هاتوونەتە نێو یارییەکەی جۆ بایدن و لەو لاوەش ئوکراینەکان تا ئێستایش بەری رەنج و ماندووبوونی خۆپێشاندانەکانی گۆڕەپانی ( مەیدان ) و شەقامی ( خرێشیات ) ی کییف – یان نەدرویتەوە ، و لەوانەیە ، هەر لە ناو ئوکراینەکاندا زۆربەیان لەوانەی کودەتاچی یا قارەمانی شۆڕشگێری شۆڕشی پرتەقاڵی دووەم بوون لەزستانی 2013 و بەهاری 2014 بۆ دەرپەڕاندن و وڵات بەدەرکردنی( یانیکۆڤیج )کەمتەرخەمیان نەکردو بەفریان لێ گڕدا و دەریان پەڕاندو ڕەوانی مۆسکۆیان کردوە ، ئێستا دۆشداماون ..
دۆشداماو لەنێوان ئوکراینەک بۆ پەڕینەوە لە دنێپر یا مانەوە لە قەراغ و کەنارێکی گڕگرتوودا .
ئەوە حاڵی ئێستای ئوکرایینای سەردەمی زیلینسکیی و بایدن و پوتینە، لە 2014 وە تا رۆژی ئەمرۆی 2021. چاودێرانیش دڵنیان ڕووسیای پوتین ، بواری ئەوە ناداتە ئەمریکا وئەوروپا ،تا وڵاتانی ناتۆ ببێتە دراوسێی هەزاران کیلۆمەتری دیوار بەدیواری دیوی رۆژئاوای کرملین .
مەگەر وورچە سپییەکەی کرملین ، لە شەوەزەنگدا، غەفڵەتگیر بێ، سەرخۆش و بێ هۆش و مەستی ڤۆدگا بێیت ..!!
ئەو بینەو بەردەیە ، لە کاتێکدایە ، ئێستا ئوکراینا بۆتە کانگای تەشەنەسەندنی فایرۆسی کرۆنا کۆڤید 19 و 20 و 21 وکەس نییە ئیرەیی بە کچە چاو کاڵ و قژئاڵ و کوڕە مێرخاسەکانی ببات ، مەگەر بۆتێکدانی لانە ونیشتیمانیان نەبێ .
هەولێر 10-4-2021
Top