توركیا هەڵەیەكی گەورەی بە ئەمر®

توركیا هەڵەیەكی گەورەی بە ئەمر®
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ كە دوارۆژی كۆتایی ئەمساڵە، فڕۆكە شەڕوانەكانی تورك بە یارمەتیدان و پێكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكاو، بە بیانووی بوونی pkk لە ناوچە زۆر شاخاوی و عاسێكانی وەكو قەندیل و خواكوڕك ، بەردەوامن لە بۆردومانكردنی گوند و ناوچە سنوورییەكان و زۆرترین ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان كە تاكە ناوچەی ئارام و جێگیرە لە عێراق ، دروستكردووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی مالیكیش لەو هێرش و بۆردوومانانەی توركیا بە تەواوی خۆی بێدەنگ كردووەو، واپێدەچێ لە ژێرەوە جۆرە لێكتێگەیشتنێكیان لەگەڵ یەكتردا هەبووبێ، سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ مالیكی بووەتە گەورەترین كۆسپ بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و هەروەها بۆ پرسی یاساكانی نەوت و بودجەی پێشمەرگەو ....هتد. وڵاتانی عەرەبیش دوورو نزیك ناڕەزایی خۆیان رانەگەیاند بەرامبەر بەو هێرش و بۆردوومانانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و خەڵكی سڤیلی تێدا شەهید دەكرێ....وەك ئەوەی هەرێمی كوردستان بە پێی دەستووریش بەشێك نەبێت لە عێراقی یەكگرتوو.
ئەوەی كوردی نیگەران كردووە هەڵوێستی ئەمریكایە،چونكە كورد ئەوەی پێیكراوە بۆ هاوكاریكردنی ئەمریكا كردوویەتی، هەر لە كاتی رزگاركردنی عێراق و رووخانی دیكتاتۆرییەت تا ئەمڕۆ،سەرباری ئەوەش ئەمریكا بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسە لە كۆنتڕۆلكردن و پاراستنی خاك و ئاسمانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە .
راستە توركیا هاوپەیمانی دێرینی ئەمریكایە، بەڵام هەر توركیاش بوو رێگای بەو هاوپەیمانەی خۆی نەدا ئاسمانی خۆی بۆئەمریكا بخاتە خزمەتەوە، هەر توركیاشە پەنا بۆ كارتی تر دەبات ئەگەر ئەمریكا بە دەنگ داواكاری توركانەوە نێت. ئەگەر ئەمریكا بەدوای بەرژەوەندی هاوبەشدا دەگەڕێ ، خۆ بەرژەوەندی زۆری لە هەرێمی كوردستان هەیە ، نەدەبوو رێگە بدات دوو دۆستی خۆی (ئەگەر ئەمریكا كورد بە دۆستی حەقیقی خۆی دەزانێت) بكەونە ئەو دۆخەوە.
ئەم سیاسەتە دووفاقییەی ئەمریكا وایكرد كورد ئەمە بڵێتەوە - تا ئێستا كورد هاوپەیمانێكی جیدی وەهای نییە كە بتوانێ لە كاتی تەنگژەكانا پشتی پێ ببەستێ -، نە ئەمریكا، نە شیعەی عەرەب ، زاڵبوونی مەیلی عەرەبچێتیش لای مالیكی ئێستا بە جۆرێك زەق بۆتەوە هەموو هەوڵەكانی بۆ تێكچوونی ئەو ئەزموونەی كوردستانە ، بەمەش دەریانخست كە شیعەی عەرەبی عێراق ناتوانن وڵات بەڕێوە بەرن ،تەنانەت لەنێو خۆشیاندا چەندین گرووپ و رەوتی پێكناكۆكن ، شیعەكان دەریانخست ناتوانن خۆیان لە گیانی تۆڵەسەندنەوەو خۆ فەڕزكردن بەدوور بگرن ، چونكە لەناخیاندا ئەو گیانە موتوربەكراوە و لە بنەڕەتدا بڕوایان بە بنەماكانی پڕۆسەی دیموكراسی نەبووە،هەر بۆیەشە دوای رووخانی بەعس شیعە نەیتوانی كەش و هەوایەكی دیموكراسی و پێكەوە ژیان بۆ عێراق بهێنێتەدی. هەر بە هۆی ئەم عەقڵیەتەوەیە حكومەتی مالیكی لاتەریك كەوتووەو حكومەتەكەی بووەتە لاوازترین حكومەت لە مێژووی عێراقدا،بەجۆرێك لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مالیكی بەهۆی مانەوەی كوردەكان لە حكومەتەكەیدا درێژە بە حكومەتەكەی دەدات ، دەنا حكومەتی مالیكی هەڵوەشاوەتەوە، ئەمڕۆش زیاتر لە هەر كاتێكی تر مالیكی رووبەڕووی ئاستەنگەكان بۆتەوە، ئەوەتا ئەو رێككەوتنە سێ قۆڵییەی نێوان حزبی ئیسلامی و پارتی و یەكێتی ،گوشارێكی جیدی خستە سەر مالیكی و، مالیكی ئەگەر ئاراستەكانی خۆی بۆ بەرژەوەندی رەوای هەرێمی كوردستان وەرنەچەرخێنێ و ئەو گرێیانە نەكاتەوە كە خودی حكومەتەكەی دروستی كردوون ، كورد ئامادەنابێت چیتر ببێتە كۆڵەگەو ئەستوندە بۆ راگرتن و مانەوەی مالیكی ،هەروەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانی دیمانەیەكی لەگەڵ دەیلی تەلگراف رایگەیاند كە ئەگەر بەغدا لەم رەفتارانەیان بەردەوام بن ئەوا كورد لە حكومەتەكەی مالیكی دەكشێتەوەو ئەوكاتە حكومەت پەكی دەكەوێت، ئەم رێككەوتنە سێ قۆڵیەش بوو وای كرد عەللاوی ش بەدوای هاوپەیمانێتییەكی نوێدا بگەڕێ، كە بەجۆرێك لەناو شیعەكانیشدا وەك رەوتی سەدرو حزبی فەزیلەو چەندین كەسایەتی سەربەخۆی ناو پەرلەمان گفتوگۆ بكات بۆ پێكهێنانی بەرەیەك ، هەموو ئەمانە لەگەڵ بەرژەوەندی و مانەوەی مالیكی ناكۆكن و گڵۆپی سوورن بۆئەو حكومەتە لەرزۆكەی مالیكی كە هیچ پەناگەیەكی دیكەی بۆ نەماوەتەوە.
تا ئێستاسەركردایەتی كورد زۆر هێمنانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو پەلامارانەی توركیا كردووە ، لەكاتێكدا ئەوەندەی زیانی بە هاووڵاتیانی بێ دیفاع گەیاندووە ، چارەگی ئەمەندە زیانی بە pkk نەگەیاندووە ، بۆیە بەردەوامبوونی بۆردومانكردنی خەڵكی سڤیلی هەرێمی كوردستان لە لایەن توركیاوە ، سیاسەتی ئیزدیواجییەتی ئەمریكای زیاتر پڕشەرمەزاركرد و ، وردە وردە بیانووەكانی توركیا هیچ نرخێكیان نامێنێ ، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەركردایەتی pkk رایانگەیاند لەم هەموو بۆردومانكردنەی توركیا تەنیا پێنج گەریللایان كوژراوە ، ئەوی تر هەمووی خەڵكی سڤیل بووە .ئەمریكاش تووشی جۆرێك لە سەرلێشێواوی هاتووە ، لە لایەك دۆستێكی جیدی خۆی رەنجاندووە، لە لایەكی تریشەوە ئایندەی حكومەتی بەغدا بەهۆی هاوكاری ئەو دۆستەیەتی ، بۆیە ئەمریكا خەریكە وردە وردە نووكە باس لە نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو بۆردومانانەی تورك بكات.
كۆكردنەوەی ئەم هەموو سەربازەی تورك لەسەر سنوور بەم زستانە ، حكومەتی توركیاشی هەراسان كردووە ، لەكاتێكدا توركیا بەرژەوەندی هاوبەشی زۆری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە ، لە جیاتی ئەم زەرەرو زیانەی لەخۆی دەدات ، باشتر وایە بەدوای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی دا كاربكات و گیانی تەبایی لەگەڵ یەك قووڵبكەینەوە ، ئەو كاتە نە توركیا نە حكومەتی هەرێمیش پێویستیان بە ئەمریكا نابێت ، گلۆپی سەوز یا سووریان بۆ هەڵبكات ، چونكە هەردوولا لە هەموو لایەك باشتر بەرژەوەندی خۆیان دەزانن.
توركیا هەڵەیەكی گەورەی بە بە ئەمریكا كرد ، بەڵام هیچیان سوودمەند نابن.
Top