16 ی ئاب... هەڵسانەوەی نەتەوەیەك

16 ی ئاب... هەڵسانەوەی نەتەوەیەك
دوو رۆژ لەمەوبەر 62 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێپەڕ بوو، ئەو پارتییەی كە هەر لەگەڵ دامەزراندنیدا جۆرێك لە یەكگرتنەوەی بیروڕای جیاوازو چڕكردنەوەی تواناكان لەسەر گرنگیدان بە كێشەی نەتەوەیی و..هتد لەخۆ گرتبوو. وێڕای ئەوەی پارتی لە هەلو مەرجێكی سیاسی ئەوتۆدا هاتە دروستبوون كە هەموو ئەو حزب و رێكخراوە سیاسییە كوردییانەی وەك: شۆڕش، رزگاری كە هەبوون بەم قوڵاییەی پارتی رۆنەچووبوونە ناو خەڵكەوە، بەڵكو زیاتر لە رێكخراوێكی نوخبەوی دەچوون، نەك جەماوەری.
ئیتر پارتی دوای دامەزراندنی و وردە وردە لە پێناو داخوازییەكانی گەلەكەیدا، رووبەڕووی ئازارو ئەشكەنجەش بووەوە، تا وایلێهات دوای 17 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا رووبەڕووی ئەو سیستەمە سیاسییە دیكتاتۆرە بووەوە كە نەتەوەیەكی وەكو كوردی نەك بە تەواوی فەرامۆش كردبوو، بەڵكو رووبەڕووی سیاسەتێكی توندی كردبووەوە كە رێك هەڕەشە بوو بۆ سەری، بۆیە بارزانی نەمر كە لە بنەڕەتدا هەر تەنها سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوو، بەڵكو وەك باوكی كوردو وەك سەرۆكی نەتەوەیەك وابوو، لەڕێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، نەك هەر بە دەنگێكی بەرز بە سیستەمی حوكمی بەغدای وت نا، بەڵكو دروشمی یان كوردستان یان نەمان ی كردە وێردی سەر زاری هەموو خەڵكی كوردستان و داخوازییەكانی گەلی كوردستانیشی رۆژ لەدوای رۆژ تۆكمە ترو زەروورتر كرد.
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دوای 62 ساڵ بەسەر خەباتی نەپساوەی، خاوەنی سەدان و بگرە هەزاران داستانی پڕ لە سەروەری و ئەم هەموو شەهیدە نەمرانەی رێگای سەرفرازی و هەروەها ئەو دەستكەوتانەیشە كە وەدەستهاتوون، بەڵام دەكرێ بگوترێ هێشتا لە قۆناخێكی سەختی خەباتداین و زۆر لەو داخوازییانەی كە پارتی 62 ساڵ بەر لە ئیمڕۆ بەردی بناخەی بۆ داناو دواتر خەباتی سەختی بۆ بەرپاكرد، نەهاتوونەتەدی وهەموو كوردیش چاوو هێزی بڕیوەتە پارتی و سەرۆكەكەی، چونكە وەك دەگوترێ پارتی و كێشەی كورد لەدەست سەرۆكێكی ئەمین دایە، كە ئەویش سەرۆك مەسعود بارزانی یە، بەڵام ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە لە یادی دامەزراندنی پارتیمان، ئیتر پێویستە زیاتر لە جاران بە رۆحێكی ترو بە دیدێكی ترو بە عەقڵێكی تر لەگەڵ كێشەی كورد لە لایەك و لەگەڵ خەڵكی خۆشمان لە لایەكی تر مامەڵە بكەین ؟، چونكە بۆچوونەكانی بارزانی نەمرو تێكۆشانەكەی ئەو خەونە بوو كە ئێستا رێك سەرۆك مەسعود بارزانی هەڵگری ئەو پەیامەیە، بەڵام هێنانەدی پەیامیش بەردەوام پێداچوونەوەو بە خۆداچوونەوەو دیراسەتكردنی وردی دەوێ ، بارزانی نەمر بۆیە بووە باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد، چونكە بە تەنها هەڵگری پەیام نەبوو، بەڵكو بەرلە هەر كەس خۆی پەیامەكەی جێبەجێ دەكرد، پارتی بۆ ئەوە خوڵقاوە تا میللەت لە ژێر دەستەیی و لە ژێر ئازار( ئازار بە هەموو جۆرەكانییەوە) ریشەكێش بكات، ناكرێ پارتی دیموكراتی كوردستان كە مستەفا بارزانی رابەرو تەنانەت باوكی رۆحی نەتەوەیەكیش بووە،سەرۆكی ئەو پارتییە بووبێت و، ئێستاش سەرۆكی كوردستان مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو پارتییە بێت، نەتوانین تەواو تێكەڵ بە خەڵكی خۆمان بین، نەتوانین دیالۆگی بەردەواممان بەرامبەر رەش و رووتی خۆمان هەبێت، چونكە گرفت ئەوەیە كاتێك بەرپرسان خۆیان لە خەڵكی ئاسایی دادەبڕن ، ئەگەر تا ئێستا جۆرێك لە هەستكردن بەم دابڕینەش هەبووبێت، پێویستە لەمەودوا بەتەواوی بنەبڕ بكرێت، چونكە ئێمە بە خەڵكی خۆمان جوانین، لە تەنگانەكانیشدا تەنها خەڵكی خۆمانە ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەكە، دوا ئەزموونیش ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانە بوو ، سەرباری هەموو گلەییەك بەڵام خەڵك بێ منەتانە رژانە سەر شەقام كە ئەوپەڕی دڵسۆزی بوو بۆ كوردو بۆ سەرۆكایەتی كوردستان، ئا لێرەوەیە كە پێویستە بەرنامەمان بۆ خەڵك باشترو باشتر بێت.
راستە هێشتا قۆناخی رزگاری نیشتمانیمان تەواو نەبووە، بەڵام ئێستا سەردەمی شاخ و سەردەمی خەباتی چەكداریش نییە، ئێستا خاوەنی دامەزراوە و خەریكی بونیادنانی نەتەوەیەكین، ئێستا بەرەو بە دەوڵەتبوون دەچین، ئێستا بەرپرسیارێتیمان زۆر زیاتر بووە، بۆیە ئەركەكانیشمان زەحمەتترن، بێگومان كە ئەركەكان زەحمەتبوون، جێبەجێكردنیشیان زەحمەت دەبێت، بەڵام مەحاڵیش نین، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پەیامەكانی بارزانی نەمرو هەڵگری پەیامەكانی بین، بە تایبەتی كە ئەمڕۆش سەرۆك مەسعود بارزانی یەكەمین كەسە كە هەڵگری ئەو پەیامەیەو، سەرۆكی هەڵبژێردراوی گەلەكەمانە، دەتوانین هەندێك لە نەرجسییەتی خۆمان وەلا بنێین و باشتر لە جاران روو لە خەڵك بكەین، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكمان بتوانین گەورەترین دەستكەوت كە ئازادی نەتەوەیەكە لە مێژوودا تۆمار بكەین، تەنها بەمەش باوكی رۆحی نەتەوەییمان بارزانی نەمرو كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو دڵە گەورەكەیان شاد دەبێت. هەر ئەمەش ویستی گەلەكەمانە.
Top