ریفراندۆمی توركیا: ئەنجام و ئاكار

ریفراندۆمی توركیا: ئەنجام و ئاكار
كشانەوەی سێبەری كودەتای عەسكەری
یەكەمین ئامانج و ئاكامی ریفراندۆمی 12ی ئەیلوول لە توركیا دوورخستنەوەی مەترسی كودەتای عەسكەری و نەهێشتنی دەزگای سوپا لە كاروباری سیاسیدایە.
لە هەمان وەختدا ئاكامی ریفراندۆمەكە زەبرێكی قورسی بە پەیكەری سیستەمی كەمالیزم وەشاندووە و دەرگای كردۆتەوە بە رووی چەندین گۆڕانكاریی دیموكراتی، نەخاسمە رۆڵی دەزگای دەستووری و قەزاییش دژ بە چالاكی حزبەكان لاواز بووەوە.
سەركەوتنە بۆ ئوردۆگان و بۆ مەسەلەی كوردیش:
لە ڕووی حزبی و سیاسییەوە پارتی دادوگەشەپێدان و تەیب ئوردۆگان سەرەكیترین براوەی ئەم ریفراندۆمەیە لەسەر ئاستی توركیادا.
لەسەرێكی دیكەشەوە ریفراندۆمەكە بەخێر بۆ كورد و مەسەلەكەی گەڕایەوە هەرچەندە ئەمەیان لە ئامانجەكانیدا نەبووە و ناوی كورد لە ریفراندۆمەكەدا راستەوخۆ نەهاتووە.
لە ئاكامدا هەر زەبرێك بەر سیستەم و كەلەپووری كەمالیزم بكەوێت لە قازانجی پێشكەوتنی مەسەلەی كوردە لەو وڵاتەدا، چونكە كەمالیزم و دەستوورەكەی لە بنچینەوە، لەسەر ئینكار و سڕینەوەی هەبوونی كورد، دامەزراوە. كەواتە ریفراندۆمەكە ئیدانەی سیاسەتی ناڕەوای هەشتا ساڵی رابردووە كە دەرهەقی كورد ئەنجامدراوە.
هەر خودی پرۆسەی ریفراندۆمەكە پیشانیداوە كە ئیتر گەلی كورد پتر ئازاد و دەسكراوەیە لەوەی بەشداری ژیانی سیاسی توركیا ببێت و چارەنووسی خۆی، وردە وردە، دیاریبكات.
باندۆری خورتی كورد:
لەم ریفراندۆمەدا دەنگدەرانی كورد، لە ڕواڵەتدا، دوو بەش بوون و بە دوو ئاراستەی جیادا دەنگیان داوە، چونكە بایكۆتی پارتی ئاشتی و دیموكراتیش شێوەیەكی دەنگدانە، كە نە(ئەرێ) و نە(نەرێ) بووە، بەڵام جۆرە ریفراندۆمێك بووە، بۆ پێگەی ئەم پارتە و خواستی كورد.
پارتی ئاشتی BDP دەیویست خواستی كوردیش بخرێتە ریفراندۆمەوە، واتە: ئەم پارتە دەنگی بەم خواستە داوە، لە هەمان كاتدا توانی بسەلمێنێ كە زۆربەی دەنگدەرانی كورد(نزیكەی 60%) لەگەڵ ئەم پارتەدان.
لەسەرێكی دیكەوە نزیكەی 30 - 35% دەنگدەری كورد، بە پێچەوانەی بانگەوازی BDP چوونە دەنگدان و بە(ئەرێ) پشتگیرییان لە داخوازییەكانی ریفراندۆم دەربڕیووە.
هەندێ چاودێری سیاسی لایان وایە كە دەنگی ئەرێنی ئەم كوردانە هۆیەكی سەركەوتنی ریفرندۆمەكە و ئوردۆگانە.
ئەگەر وەهابێ، ئەویش، جارێكی تر، گرنگی باندۆری دەنگی كورد لە هەر هەڵبژاردن و ریفراندۆمێكی داهاتوو دەسەلمێنی.
واتە: رێژەی بایكۆتی(دەنگنەدان) لەلایەكەوە، رێژەی دەنگدەرانی كورد لەلایەكی دیكەوە، پێكەوە ئەوەیان دەرخستووە كە پێگەی سیاسی كورد لە توركیا ئیدی بووە بە فاكتەرێكی هەرە گرنگ، هیچ حزبێكی توركیا، چ چەپ یان راست، ناتوانێ هێزی دەنگدەرانی كورد لەبەرچاو نەگرێت.
ماوەتەوە كورد بزانێ و بتوانێ چۆن ئەم هێزە تازەیە بەكارببا بۆ پێشخستنی مافەكانی.
دوو باڵی كورد:
لەم ریفراندۆمەدا روونتر بووەوە كە دەنگدەرانی كورد دوو باڵ بوونە: باڵێكی سەر بە سیاسەتی پارتی ئاشتی(BDP) باڵەكەی تر سەر بە سیاسەتی پارتی داد(AKP) بووە، بەپێی بۆچوونی چاودێران چینی ناوەندی (بورجوازی) و شارنشینەكان، بە گشتی سەر بە باڵی دووەم بوونە.
لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا رەنگە ئەم ریزبەندییە هێشتاش بەرجەستە تر بێت، بەڵكو پێشبینی پێشكەوتنی رێژەیی باڵی دووەم دەكرێت، كەواتە دەبێ بەرپرسانی BDP بە هەلومەرج و سیاسەتی خۆیانا بچنەوە.
دەنگنەدەرانی ریفراندۆمەكە، واتە بایكۆتكەران، بە نزیكەی چواردە ملیۆن، لەسەر ئاستی توركیا، گەیشتوونە، كە زۆربەیان كوردی سەر بە BDP بوونە. خۆ ئەگەر ئەم پارتە لە جیاتی بایكۆت(نە ئەرێ و نە نەرێ) بڕیاری نەرێی بدابا و ریفراندۆمەكەی رەتبكردایەوە، ئەوە رەنگە ئوردۆگان شكست بهێنێ، ئەنقەرە ئەمڕۆ حیسابی ئەو ئەگەرەش دەكات، بەڵام كورد چ سوودێكی دەبوو لە فەشەلهێنانی ریفراندۆمەكە؟! ئەوەش پرسیارێكی هەرە گرنگە، پرسیارێكی دیكەی لێدەبێتەوە، كە بەدیلی كورد چیدەبوو؟ كورد چ سوودێكی لە مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی عەسكەردا هەبوو؟ ئایا نەیارانی ریفراندۆمەكە، كە حزبە شۆفینیست و ناسیۆنالیستە توندڕەوەكان، چ بەرنامەیەكی روونیان بۆ مەسەلەی كورد هەیە، ئەوە نەبێ كە هێشتاش دان بە بوونی كوردا نانێن؟!
كەواتە: حیزب و هێزە كوردییەكانی باكوور دەبێ لەمە بەدوا وریاتر و هۆشیارتر ببن و هاوپەیمانی مەسەلەكەیان چاكتر بناسن و خۆیان لە لیستێكی خەتەرناك دوورر بخەنەوە.
تەبایی و ئاشتی:
ئاكامی ریفراندۆمەكە، هەمووی بۆ كورد باشە، تێدا كورد هیچ زیانێكی نەدیووە، قازانج نەبێ، ئەویش قازانجی گەورە، كەوابێ، كورد دەبێ تێبكۆشێ بۆ بەدیهێنانی هەمووارییەكانی دەستوور و، پشتگیریی بكات لە پرۆسەی گەشەسەندووی دیموكراسی لە توركیا.
لەوەش گرنگتر دەبێ هەوڵبدەن بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزی پەكەكە و هێزی سوپای توركیا، ئەم شەڕە دەبێت رابگیرێ.
سەرانی پەكەكە چاكترە بیر لە ئاییندەی دیموكراسی بكەنەوە، بڕیاری درێژكردنەوەی ئاگر بەس تا چەندین مانگ یا ساڵێك وەربگرن، هەروەها حكومەتی توركیاش پێویستە بە دەنگی ئاگر بەسەوە بچێ و هەلومەرجی ئاشتی بڕەخسێنێت، چونكە دوای ریفراندۆم بارودۆخی باشتر هاتووتە كایەوە، بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد.
بەرژەوەندی باڵای كورد (كوردی توركیا و وڵاتانی دیكەش) لە سەقامگیربوونی ئاشتی و پێشكەوتنی پرۆسەی دیموكراتیی توركیایە.
Top