ئەی فایلی گەندەڵی عێراقی؟

ئەی فایلی گەندەڵی عێراقی؟
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كە بەم دواییە بڵاویكردۆتەوە، گوایا وڵاتی عێراق بە یەكێك لە چوار گەندەڵترین وڵات هاتوە لە جیهاندا. ئەو راپۆرتە كە عێراق تیایدا بە پلەی 175ەم وڵات هاتووە بۆ ساڵی 2010 ئامادەكراوە. ئیدی بەپێی راپۆرتەكە عێراق پێش ئەفغانستان و میانمار و سۆماڵ دەكەوێت لە رووی تەشەنەكردنی دیاردەی گەندەڵیەوە.

ئەوەی جێگەی لەبەراوەستان و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزی قەیرانە سیاسیەكان ئاستی گەندەڵی بەرزدەبێتەوە. ئەم حاڵەتە زۆر سەیرەی كە ئەگەر لەگەڵ رابردوویەكی نزیك لەسایەی هەلومەرجی ئەوسا و ئیستای ئەو وڵاتە بەراوردی بكەین ئەوا بەپێی بیردۆزە زانستیەكان دەبوو لە ئیستایدا عێراق كەمترین حاڵەتەكانی گەندەڵی تیا دەركەوتایە.

بەمدواییە لە كاتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەندێك لە لەلایەنەكان هەڕەشەی كشانەوەیان دەكرد لە هاوپەیمانی كوردستان بە بیانووی ئەوەی لایەنەكانی تری ئەو هاوپەیمانیە جیددی نین لە مەسەلەی داڕشتنی ستراتیژیەتێكی پتەو بۆ بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان. ئەم هەڵوێستەی كە لە رووی سیاسیەوە بە پۆزەتیڤ دەبینم، بەڵام لە كاتێكدایە كە لە وەرەقەی دانوستانەكەی هاوپەیمانی كوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكاندا و لەناو ئەو نۆزدەی خاڵانەیاندا پێشنیاری یەك خاڵیشیان نەكردووە بۆ دانانی یاسایەكی پتەو و بێلایەن بۆ بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی لەدامودەزگای بەرز و نزمی ئەو عێراقەی كە بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بەیەكێك لە چوار گەندەڵترین وڵات لە جیهاندا ئەژماركراوە. چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت كوردستان بەشێكە لە عێراق ئەگەر ئاڵاكەشمان جیاواز بێت و، ئەوەی لە كوردستاندایە عێراقیە.

لە وڵاتێكدا كە وەحشیترین و گەندەڵترین دەسەڵات بەڕێوەی دەبرد، كە پێناسەی دیاردەی گەندەڵی بكرابا، بەتەنها لەناو بازنەی دەسەڵاتی بەعس و بەتایبەت خێزانی حوكمدار ئەو پێناسەیە دەگیرسایەوە و، نەبوبووە دیاردەیەكی بەكۆمەڵی كۆمەڵگایەك و، ئەگەر رێكخراوێكی وەكوو رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بەدواداچوونێكی بكردابا، ئەو دەم دەسەڵاتی بەعس بە گەندەڵترین دەسەڵات رەنگە لەقەڵم دەدرا، كەچی ئیستا دیاردەكە بوەتە دیاردەیەكی بەكۆمەڵ، كە لە بەرزترین ئاستی سیاسیەوە بۆ نزمترین ئاستی كۆمەڵایەتی مومارەسە دەكرێت، لە كاتێكدا میللەتی عێراق مێژوویەكی تاڵ و سەختی لەگەڵ ئەو دیاردەیە هەیە لەسەر دەستی شۆڤێنیترین دەسەڵات لە دونیادا.

هەڵبەتە ئەو جۆرە (ئازادی و بەناو دیموكراتیەتە)ی ئیستا لە عێراق لەگۆڕێیە ئەو زەمینە بە پیتەی بۆ ئەو دیاردە ترسناكە سازداوە، كە نەك تەنها سیاسەتمەداران و، حزبەكان و پلە بەرزەكانی دامودەزگا حكومیەكان مومارەسەیەكی بەرچاوی گەندەڵی دەكەن، بەڵكو لە ئاستەكانی بنەوە و ناو خەڵكە سادەكەش ئاماژە زەقەكانی گەندەڵیەكی زۆر ترسناك دەبینرێتەوە.

هەبوونی یاسا شتێكە و رێگریكردن لە دیاردەی گەندەڵی بە یاسای تایبەت شتێكی تر، هەروەك هەبوونی لیژنەی نەزاهە وەكوو قاڵب شتێكە و هوشیاری پابەندبوون و پێداگرتن لەسەر زەروورەتی یاساكانی بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی شتێكی جیاوازە. بەدیوێكی تریشدا لەبەر ئەوەی داهاتی كوردستان بەشێكی باشی لە عێراقەوە دێت، دەبێت هەڵوێستەیەك هەبێت بەرانبەر بە دیاردەیەك كە بە پێی ئەو شەراكەتە نیشتیمانیەی كورد لەگەڵ عەرەب و رەنگەكانی تری عێراق حكومەتەكەی پێ پێكدێنن.

یاسایەكی لەو جۆرە دەبێتە زەمانەتێك بێت بۆ باش جێبەجێكردنی ماددەیەكی وەكوو ماددەی 140 و پرۆژەی یاسای داهاتە ئابووریەكان و پرۆژەی یاسای نەوت و گاز و یاسای پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) و زۆر یاسای تر كە چارەنووسی كوردی پێوە بەستراوەتەوە. ئەگەرنا بەدیوەكەی تردا لێكدانەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە نوێنەرەكانمان لە بەغدا سوودمەندن لەو گەندەڵیەی كە لە سەرتاسەری عێراق هەیە و، تەحسیل حاسڵ هەرگیز ئەو گەندەڵیەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بنبڕ نابێت.
Top