شارێكی پیشەسازیی، نەك ناوچەی پیشەسازیی لەشارەكاندا

شارێكی پیشەسازیی، نەك ناوچەی پیشەسازیی لەشارەكاندا
لەهەر وڵاتێكدا، دوا بەدوای دەرچوون و پەسەندكردنی یاسای وەبەرهێنان، دووكاری دیكە ئەنجام دەدرێن، یەكەمیان دەرچوواندنی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەیە كەدەبێت پێش یاسای وەبەرهێنان بكەوێت، دووەمیان یاسای بنیاتنانی شاری پیشەسازییە كەدەبێت لەدوای یاسای وەبەرهێنان یەكسەر ئامادەبكرێت، چونكە لەگەڵ ئەم پەسندكردنی یاسای وەبەرهێنانەدا یەكسەر كۆمپانیا بیانییەكان و سەرمایەدارانی ناوخۆ دەكەونە خۆ بۆدانان و دامەزراندنی كارگەو دەستكردن بەپڕۆژەكانیان، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت شارێكی پیشەسازیی یان زیاتر بنیات بنرێت لەهەر هەرێم و وڵاتێكدا لەبەر ئەم هۆیانەی لای خوارەوە:-
1- ڕێگرتن لەپەرش و بڵاویی كارگەكان.
2- كەمكردنەوەی پیس بوونی ژینگە، لەڕێگەی كۆكردنەوەی كارگەكان لەشارێكداو، دوورخستنەوەیان لەدانیشتوانی شارەكان.
3- دۆزینەوەی هەلی زیاتری كاركردن بۆ بێكاران.
4- بەئاسانی خزمەتگوزاریی پێویست لەشارێكدا دابین دەكرێت بۆ كارگەكان.
5- كارگە جۆراوجۆرەكان بەهۆی بوونیان لەشارێكی پیشەسازیدا ئاسانتر كاری یەكتر تەواو دەكەن.
6- كەمكردنەوەی تێچووی باركردن و گواستنەوەو هەڵگرتنی بەرهەمی كارگەكان.
7- كەمكردنەوەی تێچوون و زیادكردنی قازانج بەكەمترین تێچوو.
لەشاری پیشەسازیدا كەدەبێت ڕووبەرێكی زۆر گەورەی بۆ دابین بكرێت، پێویستە ئەم خزمەتگوزاریانە هەبن بۆ تەواوی سەدان كرێكارو فەرمانبەرو ئەندازیارانەی كەلەوێدا كاردەكەن، وەك:
دەزگای بەرگری شارستانی، بنكەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی، بانك، بنكەی پۆستەو گەیاندن، چێشتخانە، هۆتێل، بەنزینخانە، مزگەوت و پەرستگا، سەنتەری تاقیگەی ژینگەیی، تۆڕی ڕێگاوبانی باش، خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو، كارەبای بەردەوام، وێستگەی چارەسەركردنی پاشماوەی كارگەكان، ئاوەڕۆ، سەنتەری بازرگانی و شوێنی حەوانەوە، باخچەو پشتێنەی سەوز، سەنتەری كارگێڕیی..هتد
هەروەها جۆری ئەو كارگانەش دەكرێت پۆلێن بكرێن بۆ كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆو مەڕمەڕو سیرامیك و كاشیی و، هەروەها نیكل و مس و كانزاكانی دیكەو، دواتر ماددە كیمیاوییەكان و پلاستیك و نایلۆن. هتد
قەبارەی ئەو كارگانەش دەكرێت لە هەر سێ ئاستی گەورەو مامناوەندیی و بچووكدا بن.
سەبارەت بەشوێنی ئەو شارە پیشەسازییەش پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا بكرێت:
تۆبۆگرافیای ناوچەكە، ئاڕاستەو جوڵەی با، دووریی لەدانیشتوانەوە، كارنەكردنە سەر شوێنەكان، ژێرخانی باش لەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكان، دووری لەزەوی و زارە كشتوكاڵییەكان...هتد
بۆ دامەزراندنی ئەم شاری پیشەسازییەش هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەكانی پیشەسازیی و شارەوانیی و ژینگە، بەلای كەمەوە زۆر پێویستە، چونكە شاری پیشەسازیی پێداویستیەكی سەردەمەو، هەردەبێت بنیات بنرێت و، شارو شارۆچكەكانیش لەناوچەی پیشەسازیی رزگار بكرێن.
ئەمڕۆ زانستی ژینگە دەڵێت بۆئەوەی ژینگەی شارەكان بێ زیان بن پێویستە ژینگەی شارۆچكەو قەزاو ناحیەو گوندەكانیش سەلامەت و بێ زیان بن، چونكە ناكرێت لە پڕۆژەكانی پەرەپێداندا تەنها شارە گەورەكان ڕەچاوبكرێن و، ئەوانی دی پشت گوێ بخرێن، بەتایبەت كە زۆرێك لەو ناوچە پیشەسازییانە دەكەونە نزیك ئەو شارو شارۆچكەكانە .
لەئێستاو ئایندەدا دەستكردن بەدانانی نەخشەی بنچینەیی ئەو شوێنانەو، دیاریكردنی ڕێگەوبان و سنوورە كشتوكاڵیەكان و ڕێڕەوی ئاوەڕۆكان و پێداویستیەكانی ئایندەو ڕێگەی گەشەسەندنی خانووبەرە لە ئەركە لەپێشینەكانن.
زۆرێك لە كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان كە لەكاتی خۆیدا ڕەچاوی پێگەی جوگرافی نەكراوە لەهەڵبژاردنیان بۆ نیشتەجێبوون لە زۆر ڕووی ژینگەیی و تەندروستیەوە، پێویستیی زۆریان بەپاراستن هەیە لەزیانی ئەو كارگەو پڕۆژانەی كە لەنزیك ئەوانەوەن وەك پڕۆژەكانی پەلەوەرو، كارگەكانی قیڕو ڕۆنی كۆن چارەسەركردن و كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بەرد شكاندن و گەچ بەرهەم هێنان.
ئەمە جگە لەپێویستیی پاراستنی شوێنی نیشتەجێبوونیان بەپەرژینی سەوزو زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی و باخچەكان كەكاریگەریی زۆریان دەبێت لەسەر گلدانەوەی تەپ و تۆز لەسەر دانیشتوانی ئەو شوێنانەو شارەكانیش، چونكە پاراستنی ڕاستەقینەی ژینگەی شارە گەورەكان لەپاراستنی ژینگەی قەزاو ناحیەو گوندەكانی دەورووبەرەوە دەست پێدەكات.
Top