پەیامەكانی نوور:شۆڕشی ئیمانیی نەك شۆڕشی ئیسلامیی

پەیامەكانی نوور:شۆڕشی ئیمانیی نەك شۆڕشی ئیسلامیی
ئەم بابەتە كورتكراوەی نامیلكەیەكە لەنووسینی (د. كۆڵن تێرنەر) بەزمانی ئینگلیزی و، دواتریش كراوەتە توركی و عەرەبی، منیش لەساڵی (2009)دا كردوومەتە كوردی و، لەو سیمینارەشدا پێشكەشم كرد كە كۆڕبەندی هزریی ئیسلامیی كوردستان لەساڵی (2010)دا لە هەولێر سازی كرد، بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێخ سەعیدی نوورسیدا .
د. كۆڵن تێرنەر لە ساڵی (1955) لە پێرمەنگهام لە دایك بووەو لەساڵی (1975)دا موسڵمان بووەو، لە زانكۆی مانچستەر مامۆستا بووە، نزیكەی (دە) ساڵیش بە خوێندنەوەی پەیامەكانی نوورەوە خەریك بووە.
فەرموون ئێوەو پوختەیەكی كورتی نامیلكەكەی (د. كۆڵن تێرنەر) لەسەر زمانی خۆیەوە :
( وەك كەسێك كە لە بەریتانیا لەدایك بووم و، هەر لەوێش گەورە بووم، زۆر جار پرسیارێك رووبەڕووم دەكرێتەوە:
ئێوەی موسڵمان چیتان پێیە پێشكەشی رۆژئاوای بكەن؟
بەڵام پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەمەوێت خۆم پرسیارێك بكەم:
ئایا ئێمە موسڵمانین، چونكە باوەڕمان بەخودا هەیە؟
یان ئێمە باوەڕمان بەخودا هەیە، بۆیە ئێمە موسڵمانین؟
ئەم پرسیارە پێش (دە) ساڵ بەخەیاڵمدا هات، كاتێك بەشداریم كرد لەخۆپیشاندانێكدا لەشەقامەكانی (لەندەن) دژ بە لەشكركێشی روسیا بۆسەر ئەفغانستان..
ئەوكات چەند ساڵێك تێپەڕبوو بوو بەسەر موسڵمانبوونمدا، ئەوەش یەكەم خۆپیشاندان نەبوو كەبەشداربووم تیایدا.
خۆپیشاندانەكە چەندین دروشم و لافیتەو هاواری لەخۆگرتبوو لەجۆری (بۆ دەرەوە روسیا) و (مردن بۆ بریجنێف) و هاوارمان دەكرد (الله اكبر) . (لا الە الا الله..).
كاتێك كە خۆپیشاندانەكە بەرەو تەواو بوون دەچوو، گەنجێك بەرەو لای من هات و وەك كەسێكی خەمخۆر بۆ ئیسلام خۆی بەمن ناساندو، پێی گوتم:
_ ببوورە، بەڵام تۆ دەزانیت (لا الە الا الله) مانای چییە؟
منیش بەبێ هیچ دوو دڵییەك وەڵامم دایەوە:
_ مانای ئەوەیە هیچ خودایەك نییە تەنها (الله) نەبێت.
پێی گوتم:
_ من نەمگوت ئەو رستەیەم بۆ وەرگێڕە، من دەمەوێت پرسیاری ئەوەت لێ بكەم: ئەم رستەیە لەڕاستیدا چی دەگەیەنێت؟
كاتێك دەركەوت وەڵامم نییە، بێ دەنگییەكی درێژو شەرمهێنەر دایگرتم!!
لەوانەیە ئێوەش لەدڵی خۆتاندا بڵێن: ئەمە چۆن موسڵمانێكە كە مانای (لا الە الا الله) نازانێت؟!
ئەو شەوە زۆر بیرم لەنەزانیی و كەم زانستیی خۆم كردەوە، ئەوەش دڵی نەدامەوە كە زۆرینەی موسڵمانانیش هەروەكو منی لێدەزانن نەك زیاتر، ئەم راستییەش زیاتر دڵتەنگی دەكردم .
_ كەواتە من چۆم بووم بە موسڵمان؟
بۆ ئەوەی لە وەهمی رووكەشی ژیانم رزگارم بێت، (لەندەن)م جێ هێشت و، رووم لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، لەدوای چەند ساڵێك لەموسڵمان بوونم، كتێبخانەكەم زۆر بەخێرایی فراوان بوو، زۆر شت هەبوون دەبوایە فێریان ببم . زۆر كتێب هەبوون بۆ ئەوەی لێیانەوە فێربم. كتێب هەبوون لەبارەی مێژووی ئیسلامەوە، لەبارەی ئابووری لە ئیسلامدا، لەبارەی دەوڵەت لە ئیسلامدا، زۆر كتێب و نامیلكەی دیكەش لەبارەی یاساو سیستمی مافەكان لەئیسلامدا، لەمانەش گرنگتر كتێب زۆر بوون لەبارەی ئیسلام و شۆڕشەوە بەواتای: چۆن موسڵمانان راپەڕن و حكومەت و كۆماری ئیسلامی بنیات بنێن.
كاتێك كە گەڕامەوە بۆ بەریتانیا بۆ بەدواداچوونی وانەكانم لەزانكۆ، ئەو كاتە خۆم بە ئامادەباش دەزانی بۆ ناساندنی ئیسلام بەرۆژئاواو بانگەواز كردن بۆ ئیسلام.
گەڕامەوە بۆ لای ئەم كتێبانە بۆ زانینی مانای پرسیارەكە (لا الە الا الله) مانای چییە؟
بەڵام تووشی نائومێدی بووم، چونكە ئەم كتێبانە هەموویان لەبارەی (ئیسلام)ەوە بوون نەك لەبارەی (الله)وە.
لەم كتێبانەدا هەرچیت بەخەیاڵدا دێت لەبابەت، دەستت دەكەوێت، بەڵام بابەتە گرنگەكەی تێدا نەبوو.
چوومە لای پێشنوێژی مزگەوتەكەی زانكۆو پرسیاری (لا الە الا الله)م لێكرد، بەڵام ئەو داوای لێبوردنی لێم كردو، بەجێی هێشتم و رۆیشت، بەڵام برایەكی موسڵمان كە گوێی لەقسەكانم بوو، لێم نزیك بووەوەو گوتی:
_من تەفسیری (لا الە الا الله)م هەیە، دەتوانیت، ئەگەر حەز بكەی، پێكەوە دەیخوێنینەوە، كە ئەوەش كۆباسەكانی (پەیامەكانی نوور)ی مامۆستا (سەعیدی نوورسی) بوون.
بۆیە من خۆم زۆر بەقەرزاری پەیامەكانی نوور دەزانم و، ئێستا لەتوانامدایە ئەوە بزانن كە من جاران خودام وا نەناسیبوو، یان خودام وا ناسیبوو كە ئەو كاریگەرو هۆكارە نە ناسراوەیە كەهەر دەبێت لەسەرەتای دروست كردن و خەڵقدا هەبێت بۆ دەربازبوون لە گرفتی زنجیرەی ناكۆتایی.
دەتوانین بڵێین كە ڕوواڵەتە دەرەكییەكانی ئیسلام (واتە شێوازی عیبادەتەكان) نەگۆڕن، بەڵام ئیمان بەردەوام لە جوڵەو حەرەكەتدایە. واتە زیاد دەكات و كەم دەكات، بۆیە پێویستە كە بایەخ پێدانمان چڕ بكەینەوە لەسەر حەقیقەتی ئیمان.
بۆیە دەتوانم بڵێم كە جاران من موسڵمان بووم بەڵام باوەڕدار نەبووم واتە (مسلم) بووم، نەك (مؤمن).
لە چاوانی ناوەندە رۆژئاواییەكانیشدا لەوە جوانترو باشترو خۆشتر نییە كە دیمەنێكیان لە وڵاتێكی دوورەوە بۆ بگوازیتەوە كە تێیدا هەزاران موسڵمانی تووڕە هاوار بكەن:
(مەرگ بۆ ئەمریكا) و، داوای شۆڕش بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ شەریعەت.
ڕۆژئاوا ئێستا پێویستی بەوە نەماوە بە چۆنییەتی شێواندنی وێنەی ئیسلامەوە خۆی سەغڵەت بكات، چونكە ئێمەی موسڵمان ئەم كارەی بۆ دەكەین و ئەوان تەنیا ئەوەندەیان لەسەرە كە دیمەنەكە لەسەر فیلم تۆمار بكەن و، دواتریش پەخشی بكەن، چونكە خۆپیشاندانێكی هاوشێوەم پێش دە ساڵ زیاتر لە وڵاتێكدا بینیبوو، كە ئەمریكا بە (شەیتانی گەورە) وەسف دەكەن، بەڵام ئەوەی تووشی سەرسوڕمانی كردم ئەوە بوو كە نزیكەی (70%)ی ئەو قەرەباڵغییە جل و بەرگیان لەو جۆرە بوو كە ماركەی (لویز) یان (وینستۆن)ی پێوە بوو !!
ئەو شۆڕشگێڕێتییەی كە (بەدیعولزەمان نوورسی) پشتگیریی لێكرد، لە جۆری ئەو شۆڕشگێرێتییە پڕ هاوارو هەرایە نییە كە لە شەقامەكانی تاران و قاهیرەو جەزائیردا دەبینرا.
ئەو شۆڕشگێڕیتییەی كە (پەیامەكانی نوور) وێنای دەكەن شۆڕشێكە لە عەقڵ و دڵ و ڕۆحدا، ئەوە شۆڕشێكی ئیسلامیی نییە، بەڵكو شۆڕشێكی ئیمانییە، بۆ ئەوەی موسڵمان لەخۆپەرستییەوە بۆ خوا پەرستیی بگوازێتەوە.
Top