سیاسەتوانان و نووسینی یادەوەریی

سیاسەتوانان و نووسینی یادەوەریی
سیاسەتوانەکان و لەنێویشیاندا کەسایەتییە دیارەکانیان بۆچی یادەوەرییەکانیان دەنووسنەوە؟ بۆ من خوێندنەوەی یادەوەریی هەر سیاسەتوانێک هەمیشە ئەم پرسیارەی لا ورووژاندووم. داخۆ مەبەستی تۆمارکردنی ئەزموونی سیاسیی خۆیەتی وەک ئەوەی هەبووە، یان تۆمارکردنی شتگەلێک کە لەدەرەوەی ئەو ئەزموونە مەبستێتی پێمانی بڵێت؟ داخۆ مەبەستی لەم نووسینە خودی خۆیەتی یان قسەکردن لەسەر کەسانی تر، ئیدی بەباش بێت یان بە خراپ؟ داخۆ مەبەستی لەم نووسینە مێژووە و بۆ مێژوویەتی یان تەنها بۆ خۆی و خودی خۆی و بەس؟ داخۆ نییەتی ئەم سیاسەتوانە وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکە کە هەست دەکات هەمیشە ئاڕاستەی ئەزموون و ڕۆڵی ئەم کراوە، یان بەشێوەیەکی تر بڵێین: جۆرێک لە گرێی دەروونیی خۆیەتی و دەیەوێ بەم نووسینی یادەوەرییەی ئەو گرێیانە بکاتەوە؟ وەک ئەوەی پاککردنەوەی پەرێزی خۆی بێت لە هەر هەڵە یان بەهەڵە تێگەیشتنێک لە ئەزموونی سیاسیانەی خۆیدا و لەهەر قۆناغێکدا بێت؟ ئەم پرسەی دواییان هەمیشە پرسی سەرەکیی من بووە ئەگەر نەڵێم یەکێک بووە لە پرسە سەرەکییەکانم، لەبەر هیج نا، تەنها لەبەرئەوەی کە هەمیشە بەگومانەوە سیاسەتوان دەخوێنمەوە و گوێی بۆدەگرم، بەتایبەت لەو دەمەدا کە باسی خۆی بکات، یان باسی هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بەخۆیەوە هەبێت. لەمەش تایبەتتر کاتێک ئەو باسکردنە بەباش یان خراپ کاریگەریی لەسەر ناو و سومعەی سیاسییانەی جێدەهێڵێت. ئەوەی کە سەرنجمی ڕاکێشابێت قسەکردنی سیاسییەکانە لەسەر ئەو بابەت و جومگە هەستیارانەی کە پەیوەندیی بە سومعەی سیاسییانەوە هەیە، نەک قسە نەکردنیان. ئێمە لەوە تێدەگەین کە سیاسەتوانێکی وەک (هینری کیسەنجەر) بۆچی لە سەرجەم یادەوەریی خۆیدا، کەم تا زۆر بەلای ئەوباسەدا ناچێت کە تایبەتە بە رێکەوتنی (جەزائیر)ەوە. چونکە ئێمە دەزانین ئەگەرچی ئەم پیاوە تا ئەوپەڕی بڕوای بە ئەو کارانەی خۆی بووبێت کە بەمەبەستی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی ئەنجامی داون، با لەونێوەندەدا چارەنووسی میللەتانی تریشی تێدا پێشێلکرابێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە باسنەکردنی ڕێککەوتنی جەزائیر دەلالەت لە هەستی شوورەیی و حەیاچوونێکی گەورە دەکات لای ئەم پیاوە. وەک یەکێک لە هاوکارانی خۆی لەسەروەختی شکستهێنان بە شۆڕشی ئەیلوولدا کە لە کتێبی (لەپاش ئەو هەموو تاوانە، ئیدی لێبوردن لە چی؟)دا تۆمار کراوە، پێمان دەڵێ لەو کاتەدا بەتەنها ناوبردنی وشەی (کورد) لەنێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بەس بوو بۆ دەرکردنت لەسەر کارەکەت، چونکە ناوهێنانی کورد ڕاستەوخۆ لای کیسنجەر بامانای جنێوپێدانی خۆی دەهات. لەهەموو بارێکدا قسەنەکردنی هەر سیاسەتوانێک لەنێو یادەوەرییەکانیدا لە هەر بابەتێک کە بزانێ خراپ لەسەری کەوتووە، ئەگەرچی جۆرێک لە ناڕاستگۆیی و ترسنۆکیش بێت، بەڵام رەنگە هێشتا لەچاوقایمیی ئەو سیاسەتوانانە ئەهوەنتر بێت کە بەر لەهەر کەس دەیانەوێ خۆیان قسەیەک لەمەڕ ئەو بابەتە بکەن، قسەیەک کە لەباشترین حاڵەتدا رەنگە بتوانێ قەناعەت بە خودی خۆی بهێنێت و بەس، چونکە لەهەموو باریکدا مەحکووم دەبێت بەباسکردنی ئەو بابەتە لە یەک دیوەوە، ئەویش تەنها ئەو دیوەیە کە قەناعەت و خواست و دنیابینیی خۆی لێیەوە ڕوانیویەتی و دیارە هەر ئەو تاک ڕەهەندییەی بینینیشی بووە کە بەئاگابووبێت یان نا هەڵەیەک یان کارەساتێکی پێ خوڵقاندووە.
لەم باسەدا نە مەبەستمە باس لە پرۆسەی نووسینی یادەوەریی سیاسەتوانان لەمێژوودا بکەم، نە باسکردنی شێواز و ئەو میتۆدەی گیراوەتە بەر و لەوەش زیاتر مەبەستم نییە هیچ ئاماژەیەک بۆ یادەوەریی هیچ سیاسەتوانێکی دەرەوەی خۆمان بکەم مەگەر تەنها وەک نموونە و بەراوردێک، دەنا مەبەستم بەخێرایی سەرنجدانێکە لەو پرۆسەی نووسینەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لای خۆمان بەناوی یادەوەریی سیاسییەوە لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە خراونەتە بەر دەست، کە دیارە هەیانە تا ڕاددەیەک دەچێتە خانەی یادەوەریی سیاسییەوە و هەیشە لە تۆمارکردنی چەند تێبینی و زانیارییەک زیاتر هیچیدی نییە.
دیارە نووسینی یادەوەریی هەر کەسایەتییەک لەهەر بوارێکدا بێت، بەپێی سەنگی خۆی و ئامادەبوونی کاریگەرانەی لەو کایەیەدا کە تییدا چالاک بووە، بایەخ و گرنگیی تایبەتی دەبێت، بەڕاددەیەک کە زۆرجار توێژەران و مێژوونووس و ئەکادیمستەکان، زیاد لەهەر شتێک بۆ توێژینەوەکانیان پشتیان پێدەبەستن، ئەمە جگە لەو بایەخە سەرەکییەیان کە بۆ بەدۆکیومێنتکردنی مێژوو هەیانە.
بەگشتی ئەو ناوانەی لای ئێمە تا ئێستا یادەوەرییە سیاسییەکانیان تۆمارکردووە، ئەوانەن کە زۆرترین یان هەموو ئەزموونی سیاسییان لەنێو شۆڕشدا بەسەربردووە، بۆیە زۆربەی یادەوەرییەکان، یادەوەریی شۆڕشگێڕانەی ئەو کەسانەیە، نەوەک یادەوەریی سیاسییانە و ئەزموونی سیاسییان. لێرەوە ڕاستەوخۆ بەر پرسیارێک دەکەوین کە ئایا دەکرێ خودی ئەو یادەوەرییانە وەک یادەوەریی سیاسی ناوببەین؟ بەڵێ بە دڵنیاییەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەو بۆچوونە ڕەتنەکەینەوە کە شۆڕشی چەکداریش سیاسەتکردنە. بۆچوونێک کە ڕەنگە برێکی کەم نەبن لەو رۆشنبیرانەی ئەمڕۆمان کە ڕەتی دەکەنەوە و من بەش بە حاڵی خۆم ئەو بۆچوونەم قبووڵە.
دێینەوە سەر پرسە سەرەکییەکەی کە لەسەرەتاوە ورووژاندمان و پەیوەستە بە مەبەستی نووسین و ئەو نییەتەی لەپشت نووسینەوەی یادەوەرییەکانی ئەم سیاسەتوانانەی خۆمانەوە ئامادەیە. بە بڕوای من، کەم بگرە بەدەگمەن ئەو هەستەمان لادروست دەبێت کە لەپشت نووسینەوەی ئەو یادەوەرییانەوە نییەتی بەریئانە هەبێت (لای من تەنها دوو ئەزموونیان هەیە کە بکرێ بەتەواویی دڵنیابین لەوەی جگە لە مەبەستە دروستەکەی مێژوو خۆی هیچ مەبەستێکی تریان لەپشتەوە نەبێت)، خۆئەگەر کەسێک بڵێت ئایا مەبەستی ئەوانیش بەزیندوویی هێشتنەوەی ناوی خۆیان نییە و ئایا ئەمە مەبەستێکی شەخسی نییە؟ وێڕای ئەوەی کە ئەوە مافی ئەوانەیە ناویان بەزیندوویی بمێنێتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەکیش نییە ئەو مانەوەیە مانەوەیەکە بە جوانیی یان بە ناشیرینی. ئایا یادەوەرییەکەی هێتلەر وادەکات ئامادەبوونی ئێستای لەمێژوودا ئامادەبوونێکی جوان بێت؟ بۆ دوورنەکەوتنەوە لەمەبەستی ئەم نووسینە، دەبێ بگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵی هاوبەشەی کە هەست دەکەم نییەتە نا مێژووییەکەی یادەوەریی سیاسەتوانانی خۆمانی کۆکردۆتەوە، کە ئەویش شاردنەوەی دیوە ناشیرینەکەی ئەزموونی خۆیانە لەهەر قۆناغێکدا بووبێت. دیارە ئاشکراترین قۆناغیش قۆناغی (شەڕە ناوخۆییەکان)ە یان ئەوەی پێی دەڵێن (شەڕی براکان). بڕوا ناکەم خوێندنەوەی هەموو ئەو یادەوەرییانەی کە خاوەنەکانیان ئامادەی ئەو قۆناغی بوون و تەنانەت رۆڵی کاریگەر و بڕیاردەریشیان تێدا بینیوە، هیچ یارمەتییەکمان بدات بۆ تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستی ئەو ڕووداوانە. لەبەر هۆیەکی سادە و سەرەکی ئەویش ئەوەیە کە ئەم سیاسەتوانە بەهەمان ئەو هزر و قەناعەتەی کە لەو سەردەمەدا شەڕی براکەی پێکردووە، لەئێستادا دەنووسێت و هۆکار و نییەت و ڕاستیی ڕووداوەکانی ئەو کاتەمان بەوشێوەیە بۆ دەگێڕیتەوە کەئەو کاتە چاو و عەقڵی ئەم بینیویەتی و تێیگەیشتووە، نەک بەوشێوەیەی کەئێستا و لەمڕۆدا هەڵیبسەنگێنێ. هەر ئەمەشە وایکردووە هەرکام لەو ناوانەی لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان ناشیریندا ناویان هاتبێت، گەر بەلای ئەو باسەدا چووبێت، یان دەمودەست بێئاگایی خۆیمان بۆ باس دەکات و دەیەوێ قەناعەتمان پێبکات کە ئەو بێئاگابووە لەو ڕووداوە، یاخود ئەو هەڵوێستەی خۆی بەشێوازێک باسدەکات وەک ئەوەی ناچارکرابێت و ئەنجامدانی ئەو کارە ناشیرینەی لەدەرەوەی ئیرادەی خۆی بووبێت، سەیرتر لەوەش هەیانە دەخوازێ ئەو بڕوایەمان لادروستبکات کە ئەوکارە ناشیرینەی ئەم لەبەرژەوەندیی شۆڕش بووە لەو کاتەدا! کارێک کە چەند پلەیەک کردە نامۆراڵییەکەی کیسنجەر باڵاتر دەکات بەسەریەوە، چونکە هیچ نەبێ کیسنجەر هەستی بەو شوورەییەکردووە لە ئەزموونی سیاسیی خۆیدا و بێدەنگیی هەڵبژاردووە بەرامبەر بەو کردە نامۆراڵییەی. بەڵام چاوقایمیی سیاسەتوانی نامۆراڵیی بەتەواویی تووشی شۆکمان دەکات کاتێک بەهەر بیانوویەک بێت کارێکی نامۆراڵییانەی خۆیمان بە ڕەفتارێکی مۆراڵی و مرۆڤانە پێدەفرۆشێت.
شەڕی ناوخۆی حزبە کوردستانییەکان، دەشێ لە یادەوەریی هەر سیاسەتوانێکی بەشداربووی ئەو ڕووداوەدا، فراوانترین بەش لە یادەوەرییەکەی قۆرخ بکات، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا گوایە یادەوەریی خۆیان نووسیوەتەوە، بەدەگمەن هەیانبێت، دەنا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان نەخستۆتە بەردەستی مێژوو، بەپێچەوانەوە زۆرجار هەوڵی شێواندنی مێژوویان داوە، لەبەرهیچ نا تەنها لەبەر شاردنەوە یان بەخاوێن ڕاگرتنی پەرێزی خۆیان دەرهەق بە هەڵەیەک یان هەر ناشیرینییەک کە لە ئەزموونی سیاسیی خۆیاندا ئەنجامیان داوە. ئەمە لەکاتێکدا زۆر هەڵە هەیە کە نە تاوانە و نەخیانەت، بەڵام دەرئەنجامێک کە من لە میانەی یادەوەریی ئەوم سیاسەتوانانەی خۆمانەوە پێیگەیشتبم، ئەوەیە کە ئەم سیاسەتوانانەی ئێمە هەمیشە لە وەهمێکی گەورەدان، وەهمی بە فریشتەبوون و فریادڕەسییان، وەهمێک کە هەمیشە دەیانەوێ بیکەنە قەناعەتێک لای ئێمەش. قەناعەتێک کە راستوچەپێکی گەورە بەسەر ئەو کاراکتەرە سیاسییانەدا دێنێ، نەک هەر لەبەرئەوەی سیاسەتوان ناکرێ فریشتەبێت و بەس، بەڵکو هەرخودی مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت ناکرێ فریشتە بێت، ئەمە بەو مانایە نایەت کە فریشتە نەبوون بەمانای بە شیتانبوون بێت، بەڵام پێدەچێ ئەم سیاسەتوانانەمان کە یادەوەرییەکانیانمان بۆ ئەنووسنەوە، نەتوانن بستێک بچنە دەرەوەی ئەم دوالیزمی ڕەش و سپییە. لەهەموو بارێکدا ئەوەی پێشکەشیانکردووین هەرچییەک بێت یادەوەریی سیاسەتوانێک نییە کە بەر لەمێژوو، بەر لەئێمە، لەگەڵ خۆی و ئەزموونی خۆیدا ڕاستگۆ بووبێت، هەڵبەتە ئەم بۆچوونەم ئەو ناوانەیان ناگرێتەوە کە لەگەل خوێندنەوی یادەورییەکانیاندا دەزانین و دڵنیاین کە ڕاستگۆیانە دەدوێ و ئازایانە خۆی ڕووت و قووت دەکاتەوە.
Top