پرسیارەكانی پێش نەخشە رێگای دەوڵەتی نەتەوەییمان

پرسیارەكانی پێش نەخشە رێگای دەوڵەتی نەتەوەییمان
نەخشەڕێگا یان (ڕۆد ماپ) زاراوەیەكە بۆ یەكەمجار لەساڵی(1883)دا بەكارهاتووە، كەبەپێی (وێبستێر دۆت كۆم)بریتییە لە: پلانێكی وردەكار، بۆ گەیشتن بەئامانجێك.
بەمانایەكی دیكە، نەخشەڕێگا: بریتییە لەو رێنمایی و هاوپێچ و خشتەی كاتانەی سەرەتاو كۆتایی و، ئەو هەنگاوانەی كەیارمەتیمان دەدەن بۆ نیشاندانی رێگەی گەیشتن بە:
یەكەم: باشترین بژاردە، واتە دۆزینەوەی باشترین بژاردە لەنێو چەندین بژاردەی ئامادەكراودا.
دووەم: كەمترین تێچوو، واتە كەمترین زیانی هەبێت لەهەردوو حاڵەتی سەرگرتنی یان سەرنەگرتنی پڕۆژەكەدا.
سێیەم: مسۆگەرترین ئەنجام، واتە نزیكترینیان لەسەركەوتنەوە بەهۆی هۆكارە خودی و بابەتییەكانەوە.
لەوانەیە كەسێك بپرسێت سوودی نەخشە رێگا چییە؟
لەوەڵامدا دەڵێین: نەخشەڕێگا یارمەتیمان دەدات لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گرنگە:
بۆچی ئەم باسە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت، نەك بەشێوەیەكی دیكە؟
بۆچی هەنگاوەكانی بەم شێوەیە داڕێژراوە نەك بەشێوەیەكی دیكە؟
بنەماكانی نەخشەڕێگا چین؟
هەر نەخشە رێگایەك (3) بنەمای پێویستە:
1- رێككەوتن لەسەر ئامادەكارییە پێویستەكان، واتە ئەو كەرەستە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كەپێویستن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كەنەخشەی بۆ دەكێشین.
2- میكانیزمی راگەیاندنی ناوەڕۆك، واتە كەی؟ چۆن؟ لەكوێ؟ ناوەڕۆكی ئەو نەخشەڕێگایە رادەگەیەنین؟
3- چوارچێوەیەكی گشتیی بۆ هەماهەنگیی بەرەوپێشچوونەكانی نەخشەڕێگاكە، ئەمەش لە(3) لایەنەوە:
یەكەم: چالاكییە سەرەتاییەكان كە بریتییە لە زەمینەی پلانەكە، كەئەویش(3)قۆناغی هەیە:
1- خوێندنەوەی ئەو بارودۆخەی كە هەڵمەتی بانگەشە بۆ پلانەكە تێیدا كار دەكات.
2- دیاركردنی چوارچێوەی كاری پلانەكە لەنێو نەخشە رێگاكەدا.
3- دیاركردنی سەركردەیەك یان سەرپەرشتیارێك بۆ ئەم قۆناغە.
دووەم: بەرەوپێشچوونی پلانەكە لەكاتی جێبەجێكردنیدا كەبریتییە لە: ناساندنی ئامانجە راگەیەنراوەكە، شوێنەكەی، كاتەكەی.
سێیەم: بەدواداچوون، چونكە نەخشەڕێگا بەردەوامیی و دەستكاریكردنی تێدایە بەپێی ئەو گۆڕانكارییەی كە لەزەمان و زەمینی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا دێنە ئاراوە.
ئێستا سەبارەت بەهەر نەخشە رێگایەك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی نەتەوەییمان، ئەم پرسیارانە پێویستییان بەوەڵامێكی كۆنكریتییە بۆ ئەوەی خاوەن بڕیاری سیاسیی بتوانێت لەبەر رۆشنایی وەڵامەكانیدا نەخشەڕێگایەك بكێشێت:
پرسیارەكان:
یەكەم: پاساوەكانی راگەیاندنی دەوڵەت چین؟
پاساوی یاسایین وەك رێككەوتننامە لۆكاڵی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بەكوردەوە؟ كامانەن ئەو رێككەوتننامانە؟ ئایا دیباجەی دەستووری عێراقە؟ یان (16) خاڵەكەی ساڵی(1932) كەعێراق بەڵێنی پاراستنی نەتەوەكانی نێو عێراقی داوە؟
یان پاساوی سیاسیین وەك رەفتاری حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق؟ جینۆسایدو كوردقڕان؟
دووەم: ناوی دەوڵەت چی دەبێت: دەوڵەتی كوردی؟ یان كوردستان؟ لەسەر كامیان كۆكین ؟ بۆچی؟
سێیەم: شوێنی ئەم دەوڵەتە كوێیە؟: كوردستانی گەورە؟ یان كوردستانی باشوور؟ بۆچی باشوور؟
رووبەری ئەم دەوڵەتە چەندە لەكاتی راگەیاندنیدا؟ ئەم سنورەی ئێستای هەرێمە؟ یان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشی دەخرێتەسەر لەسەرەتاوە؟ یان دواتر دەخرێتە سەری؟
چوارەم: كاتی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە كەی بێت باشە: ئێستا؟ یان لە(2016)؟ یان دواتر؟ بۆچی؟
پێنجەم: ئایا دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنین بۆ هەمیشە؟ یان سەربەخۆیی بۆ كۆنفیدڕاڵی لەگەڵ عێراقدا؟ بۆچی كۆنفیدڕاڵیی لەگەڵ عێراقدا؟
شەشەم: كامە دەوڵەتی زلهێز پاڵپشتێكی نێودەوڵەتییە بۆ ئەو دەوڵەتەی كە رایدەگەیەنین؟ بەریتانیا؟ یان ئەمریكا؟ یان رووسیا؟ راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە لەبەرژەوەندیی كامیانە؟
كاردانەوەی نێودەوڵەتیی هەریەك لە عێراق و ئێران و توركیاو ئوردون و وڵاتانی كەنداو چی دەبێت؟
حەوتەم: كارتەكانمان چۆن وەبەردەهێنین؟ كارتی نەوت و غازی هەرێم؟ كارتی وەبەرهێنان؟ كارتی كونسوڵخانەو پێوەندییە دیپلۆماسییەكان؟
هەشتەم: كۆڕای نیشتمانیی و نێوخۆیی تاچەند لەبارە؟ حزبەكان چۆن و چی دەكەن بۆ ئەم هەنگاوە؟
نۆیەم: پێكهاتەو نەتەوەكانی نێو هەرێم، كاردانەوەو رای فەرمیی و راگەیەنراویان چییە لەحاڵەتی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەدا؟
دەیەم: كاردانەوەو رەفتاری یاسایی و سیاسیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسەكانی سەر بە (یو ئێن) چۆن دەبێت لەكاتی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەدا؟
ئەمانەو زۆر پرسیاری دیكە، وەڵامەكانیان زۆر پێویستن بۆ دانانی ئەو نەخشەڕێگایەی كەدواتر یارمەتیمان دەدات بۆ راگەیاندنی ئەو دەوڵەتەی كەهەموومان لەمێژە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین.
Top