سەبارەت بە تەنگژە گیرخواردووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵچ چارەیەكی واقیعییانە لە ئاسۆدا دیارە؟

سەبارەت بە تەنگژە گیرخواردووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵچ چارەیەكی واقیعییانە لە ئاسۆدا دیارە؟
لەو كاتەوەی ئەنجومەنی نەتەوەكان (عوسبەتولئومەم) لە ساڵی 1926 ویلایەتی موسڵیان لكاند بە دەوڵەتی شانشینی عێراقەوە، لە ناو ئەو دەوڵەتە تازەیەی لە ساڵی 1921 دامەزرێندرا، پێوەندییەكانی نێوان حكومەتی شانشین و هێزە كۆمەڵایەتییەكانی كە پشتگیرییان لێدەكرد لەگەڵ سەركردایەتی كورد و گەلی كوردا پشتبەستوو نەبوو بە بنەماكانی هاودەرفەتی و یەكسانی و شەراكەتی سروشتی و ئاساییەوە، سەرەڕای ئەو پابەندبوونە واژۆكراوە فەرمییانەش كە لەلایەن حكومەتی عێراقی و شافەیسەڵی یەكەم هەبوون، چ پێش و چ لە دوای ئەویشەوە كە زۆر مافی ڕەوایان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا بۆ كورد تێدا بوون، بێ پەروایی حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی ئەو ئیلتیزاماتانەدا بەپێی تپێپەڕینی ساڵەكان جۆرێك لە فەرامۆشكردنی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و دارایی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەلی كوردی لێ وەبەرهەم هات، لە وەڵامی ئەم هەڵوێستە شۆڤێنی و قۆرخكارییەی دەسەڵاتی عێراقی و بەپێی قۆناغە هەمەجۆرەكان خەباتی بێوچانی گەلی كورد و سەركردایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەی دۆزی ڕەوای كوردی لێ دروست بوو لە پێناوی چەسپاندنی مافە ڕەواكانیدا، دۆزی بنەڕەتی لە داخوازییەكی گشتی چڕ، دەكرایەوە كە لێیەوە هەموو لق و پۆپی داخوازییەكانی تری تێدا كۆدەبۆوە، كە ئەویش سەرتاپایان بریتی بوو لە ئیعترافكردن بە مافی گەلی كورد لە هەڵبژاردنی چارەی خۆنووسی، بەپێی پرۆتۆكۆڵاتی نێودەوڵەتی و بنەماكانی پێوەندییەكانی نێوان گەلان..
لە پێناوی ئیعتراف پێكردنی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بەم مافە جێگیر و ڕەوایە، گەلی كورد لە ژێر ناو و دروشمی تەكتیكی و بە هاریكاری نەتەوەكانی ترەوە چەندین شێوەی تێكۆشانیان تاقیكردەوە، بەتایبەتیش بە هاریكاری هێزە دیموكراتخوازە عەرەبییەكان، تا ئەو مافە ڕەوایە بدرێت بە گەلی كورد تا شێوازی پێكەوەژیانی خۆی لەگەڵ گەلی عەرەبدا دیاری بكات، چ بە شێوەی ئۆتۆنۆمی، یان فیدڕاڵی، یان كۆنفیدڕاڵی، چ بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی نیشتمانی لە كوردستانێكی سەربەخۆدا. بەڵام حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق بە درێژایی نزیكەی سەدەیەك و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم مافە بۆ كورد بە ڕەوا نابینێت، بە ڕۆحێكی تاكڕەوێتی و هەژموونكاری و تەسكبینی شۆڤێنیەوە ڕووبەڕووی كورد دەبنەوە، لە كاتێكدا هەموو پرۆتۆكۆڵە نێودەوڵەتیەكان ماف بە گەلان دەدەن تا چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، كەچی حكومەتەكانی عێراق ئەم مافە دەخەنە ژێر پێوە، هەر ئەم ژێر پێخستنە ناڕەوایە بووەتە فاكتەر بۆ سەرهەڵدانی چەندین شۆڕشی چەكداریی ڕەوا لەلایەن گەلی كوردەوە، هەروەها بووەتە هۆی هەڵگیرساندنی چەندین جەنگی ناڕەوا لەلایەن حكومەتەكانی عێراقەوە، كە هەر لە ساڵانی سییەكانی سەدەی ڕابردوو بێدابڕان دەستی پێكردووە و تا لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی هەمان سەدە توندتر كراوەتەوەو دواجار گەلی كورد توانیویەتی لە لای خۆیەوە بە چەسپاندنی فیدڕاڵییەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و لە ژێر پارێزەریی نێودەوڵەتیدا جۆرێك لە شێوازەكانی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ خۆی داپچڕێنێت، ئەمەش لە پاش ئەنجامەكانی شەڕی دووەمی كەنداو و لە دوای ڕاپەڕینی گەلانی عێراق بە هەموو نەتەوەكانیەوە كە لە دژی ستەمكاری فەرمانڕەوایەتی دیكتاتۆرانەی بەعسی فاشی ڕاپەڕین، لەو كاتەدا عەرەب و نەتەوەكانی تر لەبەرانبەر ڕووخانی ئەو ڕژێمە سەركوتكارەی بەعسدا شكستیان خوارد، چونكە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی ڕژێم بۆ مانەوەی لەسەر كورسی حوكم هەبوو.
بزووتنەوەی نیشتمانی چەپ و دیموكراتی عێراق، لە پێش هەمووانەوەش حزبی شیوعی عێراقی ئەو هێزانەبوون كە ئیعترافیان بە مافی ڕەوای گەلی كورد كرد، لە دەرئەنجامی ئەم هەڵوێستە مەبدەئی و دروستەیاندا، ئەم حزب و باڵە چەپەكانی تری ناو عێراق، لەلایەن هێزە شۆڤێنی و دواكەوتووەكانەوە لەوانەش لەلایەن بەعسی فاشیست، كەوتنە بەر سەركوت و زیندان و پاكتاوكردن.
بەر لە فیدڕاڵییەت، گەلی كورد بە پشتگیری نەتەوەكانی تری عێراق، توانی دوای ڕێككەوتنی (بەیاننامەی)11ی ئادار (مارس)ی1970 ئۆتۆنۆمییەك بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات، بەڵام بە پیلانێكی نێودەوڵەتی لێی سووڕانەوەو لە 6ی ئادار(مارس) ڕێككەوتنێك لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن لە جەزائیر واژۆكرا بۆ نسكۆ پێهێنانی ئەو شۆڕشە مەزنەی بە ڕابەرایەتی مەلامستەفای بارزان هەڵگیرسابوو، بەڵام گەلی كورد لە پاش نسكۆ زۆر بە خێرایی لە پێناوی مافە ڕەواكانیدا بەردەوامێتی بە خەبات و تێكۆشان دایەوە.
لە پێناوی ئەم مافە ڕەوایەدا گەلی كورد كەوتە بەر نەشتەری پرۆسەكانی تاوانكاریی و جینۆسایدەوە، بەتایبەتی لە ساڵی 1988 پرۆسەكانی پاكتاوكردنی ڕەگەزی و تەعریب لەسەر گەلی كورد چڕتر كرانەوە، كە تێیدا نزیكەی 182 هەزار مرۆڤی كوردی تێدا فەوتێندرا، هەروەها بە جۆرەها چەكی كیمیاوی لەسەر تاقیكرایەوە، بەتایبەت لە هەڵەبجەدا، كوردە فەیلیەكانی بەغداو ناوەند و باشووری عێراقیش لە ساڵی 1980 بە دواوە، كەوتنە بەر شاڵاوی ئەم جینۆسایدە.
پاش ساڵی 1991 كاتێك گەلی كورد بەرەو سەر سنوورەكانی توركیاو ئێران لە ترسی جینۆساید بە هەڵهاتن و كۆڕەو ناچار كران، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەوایەكی ئارامیان بۆ پاراستنیان تەرخان كرد تا لە پرۆسە بەردەوامەكانی جینۆساید ئەم گەلە بپارێزن، لەو نەوا ئارامەدا گەلی كورد توانیی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرن، هەروەها فیدڕاڵییەتێك لە چوارچێوەی عێراق ڕابگەیەنن، ئەمە یەكەمین هەنگاوی سەركەوتن بوو بۆ گەلێك كە بە خوێن و فرمێسكی ملیۆنەها كیژو كوڕەوە توانییان شێوەیەك لە شێوەكانی مافی چارەی خۆنووسی تێدا بچننەوە، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئیعترافیان بەم فیدڕاڵییەتە كرد، بەڵام هێزە شۆڤێنیەكانی عەرەب و ئیسلامی سیاسی بە هیچ شێوەیەك ددانیان پێدا نەنا، ئەم هەڵوێستە ناجوامێرانەشیان لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە لە دەستووری تازەی عێراق ڕەنگی دایەوە كە لە ساڵی 2005نووسرایەوە، ئیتر لێرەوە بەشێكی نوێی ئاڵۆزیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و جیۆگرافی لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، كە هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی دەیەكانی پێشوو لەگەڵ ئەوانەی ئێستا سەریان هەڵدایەوە، دیسانەوە هەڵوێستی باڵە چەپەكان لە بەرانبەر ڕەوایەتی مافی كوردا لە هەڵوێستی حزبی شیوعی عێراقیدا ڕەنگیدایەوە، كە بە داخەوە هەندێ هێزی دیموكراتخواز لە ژێر كاریگەری نەتەوەیی و تایەفەگەری نەرێنییانەی عێراقیدا ئەم مافەیان بە كورد ڕەوا نەدەبینی.
كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر سروشتێكی فیكری هەیە، ڕۆژانە بە كردەوە لە پراكتیكدا دەردەكەون، بە تایبەتی لە كاتی هەڵوێست نواندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و سەربازییەكان، كە لە ڕووی ئۆرگانیەوە بە لۆژیكی فیكری قەومی و ئایینیەوە دەبەسترێتەوە، زۆربەی جار نەتەوەی گەورەتر لە ڕووی ژمارەوە كە جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی لە دەست دەبێت ئەو مافە بە خۆی دەدات كە ویستی خۆی بەسەر نەتەوەكانی كە ژمارەیان كەمترە زاڵ بكات، بێ ئەوەی درك بكات بەوەی كە نەتەوەكان هەموویان لەبەردەم مافەكاندا یەكسانن لەسەر ئاستی یاسایی نێودەوڵەتی و بەپێی پرۆتۆكۆلاتی مافی نەتەوەكان و مافەكانی مرۆڤ ئەو مافانە چەسپاون، بێ گەڕانەوە بۆ ژمارەی ئەندامانی نەتەوە، هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان كە ئیدیعای یەك ئۆمەتی ئیسلامیی ڕادەگەیەنن، ناگەڕێنەوە بۆ سەر دەقی ئەو ئایەتە قوڕئانییەی كە لە سووڕەتی حوجرات هاتووە و خوا تێیدا دەفەرموێ (يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم إن الله عليم خبير) بەڵام دەچنەوە سەر هەڵوێستێكی فكری و هەستێكی تەسكبینانەی نەتەوەیی و تایەفەگەری كە بە هۆیەوە هەڵوێستی شۆڤێنیزمی بەرانبەر نەتەوەكانی تر دەردەبڕن و زۆر گرفتی ناكۆكی و خوێنڕشتن و شەڕوشۆڕی لێ پەیدا دەبێت، ئەم هەڵوێستە شۆڤێنیە تەنیا حكومەتی عێراق پیادەی ناكات، بەڵكو حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی ئێران و توركیا و سووریاش لە بەرانبەر دۆزی كورد هەمان هەڵوێست دەنوێنن..
دەروازەی چارەسەركردنی ئەم كێشانە لە ئیعترافكردنی حكومەتی عێراقی لە ڕەوایەتیدان بە بڕیاردانی گەلی كورد بە مافەكانی خۆی چارەسەر دەبێت، ئەم ئیعترافكردنەیە دەبێتە ڕێگەخۆشكەری چارەكردنی هەموو گرفتەكان بە ئاڕاستەیەكی دروستەوە، تا ئەمەش ڕووبدات كۆمەڵگەی عێراقی حكومەتەكانی كە هەڵیدەبژێرن پێویستییان بە تێكۆشانێكی فكرییانە هەیە تا ڕزگاریان بێت لەو شۆڤێنێتیەی لە ناو عەقڵی عەرەبیدا چێندراوە، كە ڕوانینی ناچیزانەیان لە بەرانبەر مافە ڕەواكانی نەتەوەكانی تر هەیە، چونكە ئەم ڕوانینە سەقەتە، هەمیشە ڕووداوی كارەساتئامێزی لێ دروست دەبێت، بێگومان گەلی كورد ناچار نییە ماوەیەكی زۆر هەر لە چاوەڕوانیدا بێت تا حكوماتە عێراقییەكان یان كۆمەڵگەی عێراقی لەم مافە تێدەگەن و پیادەی دەكەن، بەڵكو كورد مافی خۆیەتی مافە ڕەواكانی خۆی بچەسپێنێت، چۆن مافی خۆشیەتی لەم فیدڕاڵییەتەی كە لە ساڵی 1992 ڕایگەیاندووە مافێكی بڵندتر ڕابگەیەنێت چ بە ڕاگەیاندنی كۆنفیدڕاڵییەت، یان جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە ڕێی ڕێزگرتنی گەلی كوردو سەركردایەتییەكەی لەم بڕیارە چارەنووسسازە ئەگەر بیدەن.
تا ساتەوەختی بڕیاردانێكی دیكەی چارەنووسساز پێویستە كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم بە پشت بەستن بە دەستووری عێراقی و پرەنسیپەكانی پێوەندی نێوان گەلان بە شێوەی یەكسانبوون لە ماف و ئەركەكاندا، بەتایبەتیش پڕۆژەی تازەی دەستووری كوردستان كە تا ئێستا هەر پرۆژەیە و بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.
بەگشتی لەم دۆخەدا هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم دەشێ رەچاوی ئەم خاڵانە بكەن:
1ـ پابەندبوون بە چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەردوولا بەپێی ئەو دەقانەی لە دەستووری عێراقیدا چارەسەری بۆ هەموو گرفتەكانی ئێستا تێدا دیاری كراوە لەوانەش كێشەی ناوچە جیۆگرافییە ناكۆكی لە سەرەكان و چاوخشاندنەوە بەو گۆڕانكارییانەی بەسەر پارێزگاكاندا هاتوون لە ڕووی كارگێڕییەوە بەپێی دوایەمین بڵاوكراوەی ساڵی 1962 پێش ئەوەی شۆڤێنیەكان و بەعسییەكان دەست بكەن بە گۆڕینی دیمۆگرافیی دانیشتووان، یان كارگێڕی، كات كوشتن و بەڵێن جێبەجێنەكردن لەو ماوانەی پێشوودا ئەم كێشانەی ئاڵۆزتر كردوون، تەنانەت سەبارەت بە حكومەتی ئێستاشەوە هەڵوێستەكان تەمومژاوین و خۆیان پابەند نەكردووە بە چارەسەری كێشەكانەوە لە كاتی بۆدانراوی خۆیدا، چارەسەری ئەم كێشانە پێویستی بە متمانە گۆڕینەوەیە كە ئێستا لە نێوان هەردوولادا متمانە بزربووە بە هۆی سیاسەتە ناڕێكەكانی مالیكیەوە.
2ـ پابەندبوونی ڕاستگۆیانە بە چارەسەری كێشەكان بە شێوازی ئاشتییانە و دوور لە چاوسووركردنەوە و هەڕەشە بۆ هانابردنی چەك و توندوتیژی، شێوازی شەڕوشۆڕ تەنیا وڵات بەرەو كێشەی زیاتر و خوێنڕشتن و ماڵوێرانی ڕادەكێشێت، وەك چۆن هەموو حكوماتەكانی پێشوو ئەو ڕێگەی توندوتیژیەیان تاقیكردۆتەوەو تایەكەیان چێشتووە بە گەلی عێراق و بەتایبەتی باجەكەی گەلی كورد بە قورسی داویەتیەوە.
3ـ پابەندبوون بە ڕێبازی دیموكراتییەت و شەرعییەتی دەستووری و مافەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بونیادنانی دەوڵەتی عێراقی و دوور كەوتنەوەلە بە سیاسیكردنی ئایین و حەرامكردنی ڕەگەزپەرەستی و شۆڤێنیەت و تایەفەگەری سیاسی و جیاكاری بە هەموو شێوەكانیەوە و پابەندبوون بە ئایین بۆ خوا و نیشتمان بۆ هەمووان، هەروەها پێویست یاسای دیموكراتی لەوانە یاسای حزبایەتی و ڕاگەیاندن و یاسای نەوت و غاز بە ڕێكوپێكی دابڕێژرێنەوە.
4ـ دانانی یاسای پێویست بۆ ڕێكخستنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی فیدڕاڵی لە ژێر ڕۆشنایی دەستوور بۆ هەموو ئاست و بوارەكان لە پێناوی بەرجەستەكردنی شەرعییەتی دەستووری و متمانەی هاوبەش لە نێوان هەردوو حكومەت و گەلدا.
5ـ پابەندبوون بە پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی دەوڵەتی عێراقەوە لە كاتەكانی خۆیدا و دووركەوتنەوە لە شێوازی سزادان و گەمارۆدانی گەلی كوردستان بە بیانووی چارەسەرنەكردنی ناكۆكییەكان كە زیاتر خەتای سەرۆكی وەزیرانی پێشووی عێراقی تێدابووە.
6ـ هاریكاری و تەنسیق لە نێوان هەردوو حكومەتدا لە هەموو بوارە سیاسی و ئابووری و بوارەكانی نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی و دارایی و سەربازی و ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی تیرۆری داعش و هەموو میلیشیا تایەفەگەرییەكان و تیرۆری چەكداری و تاقمی تاوانكاری ڕێكخراو و گەندەڵكارانی ناو وڵات.
7ـ پابەندبوون بە ڕێبازی داماڵینی چەك و سووربوون لەسەر ئەوەی چەك تەنیا بە دەست حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت و وەرگرتنەوە لە هەر گرووپێكی ئایینی و تایەفەگەری و مەزهەبی.
بێگومان ڕێگەكە زۆر ئاڵۆزە بە هۆی ئەو كەشوهەوا ناجۆرەی لە پێوەندیەكانی ناو عێراق دروست بووە بەتایبەتی لە ساڵانی فەرمانڕەوایەتی بەعسییەكان و هەروەها لە كاتی دیكتاتۆریەتی مالیكی، بەڵام بنەماكانی دیموكراتییەت ڕێگە بە عێراق دەدات ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت بە ئارامی ئەویش بە دوور كەوتنەوە لە بیری شۆڤێنێتی و تایەفەگەری و موحاسەسەی تایەفەگەری گە یەكێتی ڕیزەكانی نێوان كورد و عەرەبی شێواندووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەم كارەساتە ناخۆشانەی دوایی بەسەر ئێزیدی و مەسیحییەكان و شەبەك و توركمان و شیعە و سوننە و هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەكانی عێراقدا بهێنن.
Top