شنگال جینۆساید لە سەدەی بیست و یەكەمدا

شنگال  جینۆساید لە سەدەی بیست و یەكەمدا
بە درێژایی مێژوو كارەساتی گەورە لە ژیانی گەلاندا روویداوە و روودەدات، بەڵام گەلانی زیندوو ئەوانەن كە ئەو كارەساتانەیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە وەك دۆسیەیەكی كراوە تا ئەو كاتەی دەیكەنە هۆكارێك بۆ وەرگرتنی مافەكانیان و ئازادبوون و سەربەخۆییان، بەمەش بۆ هەتا هەتایە پەرژینێكی پارێزگاری دروستدەكەن بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆر كارەساتانە.
ئێمەی گەلی كوردستان ماوەی سەدان ساڵە تووشی كارەساتی یەك لەدوای یەك دەبین و زیانی زۆری گیانی و ماددیشمان پێگەیشتووە، بەڵام زۆر كەم توانیومانە ئەو كارەساتانە بە زیندوویی رابگرین و هەموو دنیای پێ ئاشنا بكەین.
خۆشبەختانە لەگەڵ كرانەوەی جیهان بە رووی یەكدیدا لە رووی شۆڕشی گەیاندن و راگەیاندنەوە، لەم چەند ساڵانەی دواییدا توانیومانە تا رادەیەك كۆمەڵە كەیسێكی گەلەكەمان بە زیندوویی رابگرین و كاریان لەسەر بكەین و بەجیهانی بناسێنین.
كارەساتی گەورەی شنگال لەسەر دەستی داعشی تیرۆریست و كوشتن و رفاندن و كڕین و فرۆشتن و بازرگانیكردن بە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی شنگالەوە، نموونەی كارێكی وەحشیگەرانە و جینۆسایدانەی سەدەی بیست و یەكەم بوو كە هەموو جیهانی تووشی شۆك كرد، كاربەدەستانی دنیاشی خستە بەردەم بڕیاردانی چارەنووسساز و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت سەبارەت بە دروشمەكانی مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی و تۆلێرانس و پاراستنی گەلانی هەڕەشەلێكراو. خۆشمان ئەمڕۆ وەك گەلی كوردستان بۆ زیندووڕاگرتنی كارەساتی شنگال و بەرزڕاگرتنی گیانی قوربانییانی كوردی ئێزیدی، زۆر ئەركی گەورە و خێرا و درێژخایەنمان لەبەردەمدایە، لەوانە:
یەكەم: لەسەر ئاستی كوردستانیدا:
1. بەردەوام كاركردن لەسەر پەرەپێدانی گیانی مرۆڤدۆستانەی خەڵكی كوردستان كە بێگوێدانە جیاوازیی ئایینی، هەموویان خەمخۆری شنگال و شنگالییان بوون لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا و تا ئێستاش.
2. بەدیكیۆمێنتكردنی كارەساتی شارەكە و قڕكردنی كوردانی ئێزدی، بۆ ئەوەی هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی زیندوو ببێتە شایەدی راستەقینەی ئەو كارەساتە.
3. ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ بڕیاردان لەسەر سەرپشككردنی دانیشتووانی شنگال لە سەر مانەوە لەگەڵ عێراقدا، یان هاتنە سەر هەرێمی كوردستان.
4. دروستكردنی رێكخراوی تایبەت بە جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی.
5. بەردەوامبوونی كوردانی تاراوگە لە سەر فشارخستنە سەر حكومەتانی جیهان بۆ زووتر و زیاتر هاتن بەدەم كێشەو كارەساتی شنگالەوە.
6. هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی باری دەروونیی زۆرێك لە زیندووانی پاش ئەو كارەساتە چ لە نەخۆشخانەكانی ناوخۆ، یان دەرەوەدا.
7. كردنەوەی چەند خولێكی پێكەوەژیانی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ زانایانی ئایینە جیاوازەكانی ئەو ناوچانە و باسكردنی تێگەیشتنی كوردانە لە ئایین و ئەزموونی زۆر جوانی پێكەوەژیان و تەساموحی ئایینی لە كوردستاندا.
8. بەپەلە و بە ئیلزامیكردنی خوێندنی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو ناوچانە لە قوتابخانەكاندا بۆ سڕینەوەی ئەو هەموو فكر و بیرە توندڕەوەی كە داعش لە مێشكیاندا چاندوویەتی لەو دوو ساڵەدا..
دووەم : لەسەر ئاستی عێراقدا:
1. داواكردن لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق بۆ بەجینۆساید ناساندنی قڕكردنی كوردانی ئێزیدی.
2. بەپارێزگاكردنی شنگال و جیاكردنەوەی لە مووسڵ.
3. قەرەبووكردنەوەی كوردانی ئێزیدی لەسەر ئەو هەموو زیانە ماددی و مەعنەوییەی بەریانكەوتووە.
سێیەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا:
1. كۆكردنەوەی یارمەتیی نێودەوڵەتی بۆ دووبارە بنیادنانەوەی شاری شنگال.
2. دامەزراندنی دامەزراوەی یادەوەری بۆ كۆكردنەوەی ئەو شتانەی كە لە دوای قوربانییان و لە ئەنجامی قڕكردنی ئێزیدییاندا ماونەتەوە.
3. هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو كارەساتە لە نێو دامەزراوە نێودەوڵەتییە كاریگەرەكاندا.
4. یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان لە سەر هەوڵدان بۆ بڕیاردان لە سەر سەربەخۆیی باشووری كوردستان، چونكە هەموو نەهامەتییەكانی سەدان ساڵی رابردوو لە ئەنجامی پێكەوەلكاندنی كوردستان بووە بە دەوڵەتانی ناوچەكەوە.

Top