با ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ژینگە لە قوتابخانەكاندا

با ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ژینگە  لە قوتابخانەكاندا
لە ئەنجامی زۆربوونی كێشە ژینگەییەكان لای خۆمان وەك ئەوەی لەجیهاندا روویدا پێش دەیان ساڵ لەگەڵ دەركەوتنی شوێنەواری جەنگەكان و خراپ بەرەوپێشچوونی پیشەسازی و بیناسازی و داهێنانی چەندین مەكینەو دروستكردنی زۆرێك لە كارگەی نایاسایی و زیادبوونی لە رادەبەدەری هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەكارهێنانی بێ سنووری پێكهاتەكانی ژینگە و گوێنەدان بە چارەنووسی نەوەكانی ئایندە و زیادبوونی زۆری رووبەری خانووبەرە و كەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی و كشانی ئاسۆیی شارەكان و زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی كارگە و هۆكارەكانی گواستنەوە و تێكئاڵانی دیمەنە ناهۆرمۆنییەكان و تێكدانی هەستی بینین، كەمیی هۆشیاریی ژینگەیی و بایەخ نەدان بە شوێنەوارەكانی پڕۆژە ئەنجامدراوەكان و. هتد.
هەموو ئەمانە ئەوسا پاڵی بە زۆرێك لە توێژەر و كاربەدەست و هاوڕێیانی ژینگەوە ناوە كە هەڵوەستەیەك بكەن لەئاست ئەم كێشە زۆرانەدا، بۆیە دەنگی ناڕەزایی و هاواری ترسناكیی و ئاگاداركردنەوە لە زۆر لاوە بڵند بووە، بۆ بەرجەستەكردنی ئەم خەمخواردنەش تادێت دەستە و كۆمەڵە و گروپ و لیژنە و وەزارەتی تایبەت بە ژینگە لە وڵاتان دێنەئاراوە، بەجۆرێك كە ڕۆژ نییە لە دەزگاكانی راگەیاندن، یان گۆڤار و بڵاوكراوە تایبەتەكانەوە باس لە پیسبوونی ژینگە و مەترسییەكانی پیسبوون نەكرێت.
هەرێمی ئێمەش لەسایەی دەستكردن بە پەرەپێدانی فراوان واچاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ساڵانی داهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو گرفتەكانی پیسبوونی تێدا دەربكەوێت، پاش گۆڕانی بەرەو ژینگەیەكی قەرەباڵغ و پڕبوونی شارەكانی بە دانیشتووان و شەقامەكانیش بە هۆكارەكانی گواستنەوە، زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی سامانی سروشتی، بەكاربردنی بێ پلانی زانستی و ئاستێكی بەرزی هۆشیاری ژینگەیی و ژینگەی رۆشنبیرییدا.
بۆیە ئەركی پاراستنی ژینگە و چاككردنی، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە، لەهەمانكاتیشدا ئەركێكی ناوخۆیی و جیهانییە، هەروەك ئەركی تاك و كۆمەڵگەشە لەهەمانكاتدا.
پسپۆڕان و كاربەدەستانی بواری ژینگە ئەمڕۆ لەجاران زیاتر ئەركی هۆشیاركردنەوە و ئامادەكردنی باس و لێكۆڵینەوە و ئەنجامدانی ئەو میكانیزمەیان دەكەوێتەئەستۆ، كە دەتوانرێت بە هۆیانەوە شوێنەوارەكانی ماددە پیسكارەكانی ژینگە نەهێڵن، یان كەم بكرێنەوە.
پیسبوونی ژینگە ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئاسایشی گشت جیهانی خستۆتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، چونكە پیسبوونی ژینگە سنوورە سیاسی و ئیدارییە دەستكردەكان ناناسێت و پیسبوونی پێكهێنەرەكانی لەهەر شوێنێكی دنیادا، كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر شوێنەكانی تریش لەجیهاندا.
ئێمەش كە بەشێكین لەم دنیایە و لەسەر یەك خاك دەژین و یەك چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا كۆمان دەكاتەوە، ئەركی سەرشانی هەر یەكەمانە بەپێی تواناو لە سنووری زانیارییەكانی خۆی و پێگەی بەرپرسیارێتی خۆیدا، هەنگاوێك بنێت لە ڕێگەی دوور و درێژی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا.
لەبەر گرنگیی پاراستن و چاككردنی ژینگە و بەمەبەستی پەرەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بە ژینگەمان گەیشتوون، باش وایە ناوەندەكانی خوێندن ئارەزوومەندانە ماوەی خوێندنی ئەمساڵ بە ساڵی ژینگە ناو بنێن لە خوێندنگە و قوتابخانەكاندا و زنجیرە چالاكییەك رابگەیەنن لەم بوارەدا وەك ئەم چالاكییانەی لای خوارەوە:
1- پێشبڕكییەك بۆ هەڵبژاردنی باشترین دیزاینی لۆگۆ و دروشمی ساڵی ژینگە لە قوتابخانەكەدا.
2- خەڵاتی باشترین سێ پێشنیازی كرداری بۆ جوانكردنی ژینگەی قوتابخانە.
3- سازكردنی پێشبڕكێی دووبارە بەكارهێنانەوەی شتومەكەكان.
4- رێكخستنی كۆنفرانسێكی زانستی لە رۆژی ژینگەی كوردستاندا لە (16)ی مانگی نیسانی (2017).
5- رێكخستنی پێشبڕكییەك بۆ باشترین سێ پڕۆژەی كورتە فیلمی (5) خولەكی لەبارەی ژینگەوە.
6- پێشبڕكییەك بۆ هەڵبژاردنی باشترین سێ چالاكی هونەری و ئەدەبی تایبەت بەمنداڵان.
7- رێكخستنی پێشانگەیەك بۆ ئەو بەرهەم و ئامێر و پێداویستییانەی كە هاوڕێی ژینگەن.
8- دروستكردنی كتێبخانەیەكی بچووكی ژینگەیی و هاندانی قوتابیان بۆ پڕكردنەوەی بە كتێب و گۆڤارە ژینگەییەكان.
9- رێكخستنی پێشبڕكێی پاكترین و جوانترین سێ پۆلی قوتابخانە بەپێی پێوەر و ستانداردە ژینگەییەكان .
10- هەڵبژاردنی باشترین سێ رێكخەری كەمپینی ژینگەیی تایبەت بە بوارێكی دیاركراوی ژینگە لە قوتابخانەدا.
11- خەڵاتی باشترین سێ توێژینەوەی ژینگەیی بۆ قوتابیان وخوێندكاران.
12- پێشبڕكێیەك بۆ هەڵبژاردنی چالاكترین سێ مامۆستا لە بواری پاراستنی ژینگەی قوتابخانەدا.
تێبینی:
وەك میكانیزمێكی كردارییش بۆ ئاگاداربوون و سەرپەرشتیكردنی ئەم هەڵمەت و چالاكییانە وا باشە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دەستەیەكی سەرپەرشتیار و ناوبژیوانی لە (3) مامۆستای قوتابخانە دیار بكات.

Top