(هلال هلال) لە قامشلۆ و (حمیدی جەربە) لە شنگال و (ئاپۆ) لە سلێمانی!

(هلال هلال) لە قامشلۆ و (حمیدی جەربە) لە شنگال و (ئاپۆ) لە سلێمانی!
پێرێ (هلال هلال) جێگری بەششار ئەسەد واتا جێگری ئەمین سڕڕی قیادەی قوتریی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی لە قامشلۆ بە هەلهەلە و ماچ و هوتاف لەلایەن سەرۆك چەتەكانی پەكەكە پێشوازیی لێكرا، دوێنێش (حمدی دەهام ئەلجەربە ) سەرۆك هۆزی شوممەری عەرەبی و حاكمی كانتۆنی جزیرەی دەسكردی پەكەكە و بەعسی سوری بۆبەسەركردنەوەی چەتەكانی یەكەكە و تەماشاكردنی مەشق و راهێنانیان، سەردانی شنگالی كرد و بە عەرەبی خوتبەی بۆدان. ئەم نەورۆزەش لە سلێمانی رەسمی ئۆچەلان و عەلەم وپەڕوو پاتاڵەكانی پەكەكە تەنگیان بە (وێنەی مام) و (ئاڵای سەوز و چەپكە گوڵەكەی یەكێتی) و (ئاڵای نیللی و مۆمە كزەكەی گۆڕان) هەڵچنیبوو، خەریك بون دەچوون بە چاوی سەیرانكەراندا.
هلال هلال لە قامشلۆ و حەسەكە و لە مەراسیمی دامەزراندنی میلیشیایەكی نوێی ژنانی بەعسیدا بە ناوی (خەنساواتی سوریا) جارێكی تر رایگەیاند كە (سەرۆك و سنور و عروبە و حوكمی مەركەزی و حزبی قائد) لە سوریا هێڵی سوورن و حەسەكە بە قامشلۆ و عەفرین و كۆبانێوە بەشێكی دانەبڕاون لە خاكی عروبەی سوری و لە ئاماژەیەكدا بۆ گوێڕایەڵی پەكەكە، بەعسییەكانی دڵنیا كردەوە كە ناوچەكە لە دەستێكی ئەمین و ئەسەدیدایە و هیچ مەترسییەكی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە لە ئایندەیدا بەدیناكرێ و قبوڵناكرێ.
شیخی عەرەبی عەشرەتی شوممەر و حاكمی كانتۆنی جزیرەش لە شنگال و لە نێو پێشوازیی چەتەكانی حەشدی شەعبی و یەپەشە و مەپەشەدا، بە زمانی بەدوی عەرەبی ئافەرین و دەستخۆشی لە چەتە كوردەكان كرد و هیوای سەركەوتون و خۆڕاگریی بۆ خواستن. بێگومان خۆڕاگریی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركەتنیش لەو ئەركە ئیقلیمییەدا كە بۆ دابڕینی شنگال لە خاكی كوردستان بۆیان دیاریكراوە.
جێگری ئەمین سرڕی حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراكی پەیامەكەی روون بوو: رۆژئاوای كوردستان بەشێكە لە قەڵەمڕەوی سیاسی و سەربازیی بەعس و بەششار. پەكەكە بە ئەمانەت ئەو ناوچانەی لە لایەن رژێمی بەعسەوە پێسپێردراوە تا وەك (منبج) لە كۆتایی شەڕدا تەسلیمی بەششاری بكاتەوە و لەو ماوەیەشدا بە زەبری خۆسەپاندن و تاكڕەوی و فاشییەت، ئەو هێز و حزب و تێكۆشەرە كوردانە راوەدووبنێت كە هەڵگری بیری نەتەوەیی كوردستانین و دەیانەوێت رۆژئاوای كوردستان ماف و قەوارەی سیاسی هەبێت .
شێخی عەشرەتی شوممەر و حاكمی كانتۆنی جزیرەش لە هاتنەكەیدا بۆ شنگال پەیامەكەی روون بوو: شنگال بەشێك نییە لە كوردستان و رێگەنادەن لە ژێر ركێفی پێشمەرگەدا بێت و دەبێت بخرێتە سەر كانتۆنی جزیرە و ببێتە پێگەیەكی ستراتیجی بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندایەكی ئیقلیمی كە مەجالی حەیەوی و بەرژەوەندیی ئەمنیی ئیقلیمیی ئیران دەیخوازێ. ئەركەكەش بە چەتەكانی پەكەكە – حەشدی شەعبی سپێردراوە و لە ئیران و مالكییەكانی بەغداوە سەرپەرشتی دەكرێ. كاتێكیش سەرۆك رۆحانی لە شاری سنە بە راشكاوی رایگەیاند كە ( هێڵی ئاسنینی تاران هەمەدان بە كوردستانی عێراقدا دەگەیەننە سەر دەریای ناوەڕاست) ئیدی هیچ گومان و غەمز و لەمزێكی نەهێشتەوە!!.
بەڵام ئەو دیمەنەی كە هێشتا باش پەیامەكەی رووننەبۆتەوە، تەنگهەڵچنینی وێنەكانی ئۆچەلان بە وێنەی مام جەلال و، پەڕۆ و پاتاڵەكانی پەكەكەیە بە ئاڵای یەكێتی و مۆمەكە لە سلێمانی و دەوروبەری. ئەگەر یەكێتییەكان و گۆڕانەكان (بەڵام بە كۆی دەنگ)، روونكردنەوە و پەیامێكی راشكاوانە لەسەر ئەم دیمەنە بدەن و لە شەقامی سەربەخۆییخوازی سلێمانی و كوردستان سڵ نەكەنەوە، ئیدی هەموو دیمەنەكان رون دەبنەوە و یەكدی تەواو دەكەن. ( لە رۆژئاوا قیادەی قوتری بەعس لە جێی مافی كورد و لە شنگال چەتەیی ئیقلیمی لە جیاتی ئازادیخوازی و لە سلێمانیش وێنەی ئۆچەلان لە جێی مام) .
لەبەرامبەر ئەم دیمەنانەشن دوێنێ دیمەنێكی دیكەی كوردستانی و ئازادیخوازانە و پڕ لە جورئەت و سەربەخۆییخوازیی تۆمار كرا. كەركوكییەكان ئاڵای كوردستانیان لەسەر كەركوكی دڵ و قودسی كوردستان شەكاندەوە.
Top