مسعود بارزانی كێوێكی سەركەش و خۆڕاگری كوردستان

مسعود بارزانی كێوێكی سەركەش و  خۆڕاگری كوردستان
رێبەری گەورەو باوكی رۆحیی نەتەوەیی كورد مستەفا بارزانی (١٩٠٣ – ١٩٧٩ ) لە (بارزان)ـی لانكەی خەبات و بەرخۆدان چاوی بۆ ژیان هەڵهێنا، لە بارزانەوە هەستی بە زوڵم و زۆری داگیركەران بەرامبەر بە نەتەوەكەی دەكرد، بەتایبەت كاتێ سووتاندنی (بارزان)ـی بینیوە، مرۆڤێكیش لەنێو ئازارو چەوسانەوەی داگیركەران لەدایك بێت، كاردانەوەی بەرامبەر زوڵم دەبێت، كاردانەوەی بارزانیی نەمر لە بەرامبەر زوڵمی داگیركەراندا خۆسازدان بوو بۆ شۆڕش و راپەڕین، بۆ پساندنی كۆتی زوڵم و ژێردەستەیی، زۆرجار كە نەتەوەیەك، یا كۆمەڵگەیەك تووشی زوڵم و چەوسانەوەیەكی لە رادەبەدەر دەبێت، خوای گەورە فریادڕەسێك بۆ ئەو نەتەوەیە دەنێرێت، بێگومان نەتەوەی كوردیش كە لە هەموو لایەكەوە زوڵمی لێدەكراو هەوڵی قڕكردنی دەدرا، خوای گەورە مستەفا بارزانی وەك فریادڕەسێك بەو نەتەوەیە بەخشی.
بارزانیی نەمر لە بارزانەوە دەرچوو، بوو بە رێبەری نەتەوەی كورد لە سەرتاسەری كوردستانی مەزن و توانی رێبەرایەتیی درێژترین شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) بكات و هەموو گەلی كوردستانیش لەژێر رێبەرایەتی خۆیدا كۆبكاتەوە، تێكۆشان و بەرخودانی بارزانیی نەمر بۆ تەواوی گەلی كوردستان بوو بە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی، بۆیە تەواوی گەلی كوردستان لەژێر سەركردایەتیی ئەودا كۆبوونەوەو ئەویان بە رێبەری خۆیان دەزانی.
خەباتی بارزانیی نەمر تەنها بۆ نەتەوەی كورد نەبوو، بەڵكو بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی تەواوی نەتەوەكانی كوردستان (كورد، توركمان، ئاشووری، عەرەب و ئەرمەن) بووە، هاوكاری و پشتیوانیی بارزانیی نەمر بۆ شێخ مەحموودی حەفید و بەهاناوە چوونی بارزانیی نەمر بۆ شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشداریكردنی لە دامەزراندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد و بەرگریكردنی بارزانیی نەمر و هێزەكەی بۆ پاراستنی كۆمار، ئەوەمان پێدەڵێن كەوا بارزانیی نەمر وەك رێبەرو پێشمەرگەیەك لە خەمی ئەوەدا بووە كە كورد بگاتە ئامانج و ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، بەهاناوەچوونی بارزانی بۆ سلێمانی و مەهاباد مۆراڵی گەلی كوردستانی بەرزكردۆتەوە، لەبەرئەوەی بارزانیی نەمر؛ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێكی ئازاو چاونەترس بووەو هیچ كات خۆی بەدەستەوە نەداوەو، خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی بارزانیی نەمردا نەبووە، ئەمەش وای كردووە خەڵك بە باوەڕبەخۆبوونەوە بڕواننە داهاتوو، هەر بۆیە كارێكی هەڵەیە ئەگەر ئێمە بارزانیی نەمر تەنیا لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمار بكەین، بەڵكو دەبێت وەك رێبەری گەلی كوردستان و سەرۆكی نەتەوەیی كورد لە بارزانیی نەمر بڕوانین.
بارزانیی نەمر وەك رێبەری نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان جێی ئومێدی هەموو گەلی كوردستان بووە، لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیی خۆیدا دژی سازشكردن لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان بووە، بۆیە بەردەوام دوژمنان لە هەوڵی دژایەتیكردن و لێدانی بارزانیی نەمردا بوون، زۆر جاریش بۆ دژایەتیكردنی بارزانیی نەمر هەوڵیانداوە سوود لە كەسانی ناو شۆڕش و لایەنی ناوخۆیی وەربگرن، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی كوردستان بكەین، دەبینین زۆر جار خیانەت لە بارزانیی نەمر كراوە، بارزانیی نەمر لە تێكۆشانی خۆیدا زۆر جار رووبەڕووی خیانەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆتەوە، بەڵام بارزانی وەك هەمیشە دژی ئەو پیلانانە وەستاوەتەوەو درێژەی بە شۆڕش و بەرخودان داوە.
بۆ نەوەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە سوود لە كەلەپووری شۆڕشگێڕانەی بارزانیی نەمر وەربگرین و بیكەینە سەرمەشقی خەباتمان، خاكەڕایی و ژیانی بارزانیی نەمر وەك پێشمەرگەیەك زیاتر بارزانیی نەمری لای خەڵك خۆشەویست كردبوو، ئەگەر سەرنج بدەینە فلیمە ئەرشیفییەكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، یا پێشمەرگە دێرینەكانی بدوێنین، زۆر باش هەست بەوە دەكەین كە جلوبەرگ و خواردن و شوێنی حەوانەوەی و چەكی بارزانیی نەمر جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ پێشمەرگەكان نەبووە، لەگەڵ هەر پێشمەرگەیەكدا لە ئەرك و مافدا خۆی بە یەكسان زانیوە، بەردەوام رێزی بەرامبەرەكەی گرتووەو لەسەر هەق بەدەنگ هاتووەو لەخەمی چینی هەژارو چەوساوەدا بووە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا خەڵك بارزانی-یان خۆش بوێت و بە سیمبولی خۆیانی بزانن و بێنە رێزی شۆڕشی ئەیلوول و هاوكاری شۆڕشی گوڵان بكەن.
ئەم خۆشەویستییەی خەڵك بۆ بارزانیی نەمر و هەستی نەتەوەییان لەبەرامبەر داگیركەرانی كوردستان ئاوێتەی یەك بووەو وای كردووە لەژێر سەركردایەتیی ئەودا كۆببنەوە. رۆشنبیران و تێكۆشەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان (هەژار موكریانی، هێدی، عیسمەت شەریف وانلی و حەمید سووری و...هتد) لە رۆژهەڵات و باكوورو رۆژئاوای كوردستان هاتوونەتە رێزی شۆڕش و هەمیشە جێگەی متمانەی شۆڕشیش بوون.
بەلامەوە گرنگ بوو لێرەدا باس لەو راستییانەی سەرەوە بكەم، ئینجا بێمە سەر ناوەڕۆكی بابەتەكەم. بەڕێز مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان، جگە لەوەی كەوا كوڕی رێبەر و باوكی رۆحی نەتەوەیی كورد بەڕێز (مستەفا بارزانیی نەمر)ە، لە هەمان كاتدا هەوڵیداوە كەوا زۆربەی تایبەتمەندییە كەسێتی و نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی و نیشتمانییەكانی بارزانیی نەمر لە خۆیدا بەرجەستە بكات و، درێژەپێدەری هەمان رێباز بێت و، بە هەمان رۆحیەت لە شۆڕش و بەرخوداندا بەردەوام بێت، بێگومان لەم پێناوەشدا باجی زۆری داوە.
مسعود بارزانی وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان و كەسایەتییەكی كاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، هەمیشە وەك رێبەرێكی حیساب بۆكراو و خودان هەڵوێست و كردار سەیركراوە، بۆیە لە زۆر لاوە لەلایەن دوژمن و ناحەزانەوە حیسابی وردی بۆ كراوەو هەوڵدراوە كەوا لە كەسایەتیی جەنابیان بدرێت، هەموو لایەك باش دەزانن خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی بارزانی-دا بوونی نییە، مسعود بارزانی نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی كوردستانی كردووەو، تا ئێستاش ئەو نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی كوردستان دەكات، بۆیە دوژمنان هەوڵیانداوە لە رێی هێرشكردنە سەر كەسایەتیی مسعود بارزانی، ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام خۆشبەختانە مسعود بارزانی وەك چیایەكی سەركەش و خۆڕاگر بەرامبەر هێرش و پەلاماری ناحەزان و دوژمنان وەستاوەتەوەو بە هێمنی و لێهاتوویی و سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەوڵ و هێرش و پیلانی ناحەزو دوژمنانی پووچەڵ كردۆتەوەو، بەردەوام هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشیوە.
ئەوەی جێگەی داخە؛ ئەوەیە كە لە ماوەی رابردوودا زوڵمێكی گەورە لە سەرۆك بارزانی كرا، جگە لە پیلان و هێرشی ناحەزان و دوژمنانی كوردستان، هەندێ لایەنی ناوخۆییش لە چوارچێوەی پیلانی داگیركەرانی كوردستان كەوتنە دژایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی، كە دەبووا ئەو لایەنانە هاوكار و پشتیوانی سەرۆك بارزانی بووان، نەك هاوكاری دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان، هەموو ئەو ناهەقییانەی بەرامبەر مسعود بارزانی كران و دەكرێن، لەلایەن خودی بارزانی-یەوە چاوپۆشییان لێكراوەو وەڵام نەدراونەتەوە، ئەوەش گەورەیی بارزانی دەخاتەڕوو، كەوا جەنابیان لەپێناو نەتەوەو نیشتمان ئامادەیە چاوپۆشی لە مافی كەسێتی خۆی بكات، ئەمەش یەكێكە لە تایبەتمەندییە دەگمەن و گرنگەكانی رێبەری هەر نەتەوەیەك، بێگومان ئەم تایبەتمەندییە تەنیا لە (مستەفا بارزانی)دا هەبووە، ئێستاش لە (مسعود بارزانی)دا هەیە.
مسعود بارزانی ئەو ماوەیەی لە سەرۆكایەتی(هەرێم)ی كوردستان بوو، رۆڵێكی كاریگەرانەی بینی و كوردستانی بردە ئاستی وڵاتانی سەربەخۆ، كەسایەتیی ئەو وایكرد كەوا لە هەموو لایەكەوە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكرێ و، كوردستان لە هەموو بوارێكەوە پێش بكەوێت، ئەم پێشكەوتنانەی كوردستان بووە جێی خۆشحاڵی دۆستان و نیگەرانی و دڵتەنگیی دوژمن و ناحەزان، دۆستان لە زۆر رووەوە هاوكار بوون بۆ ئەوەی كوردستان زیاتر پێش بكەوێت و، دوژمن و ناحەزانیش بەردەوام لە پیلانگێڕاندا بوون، كەوا ئەزموونی كوردستان لەبار ببەن و پێشكەوتنەكانی رابگرن، لە هەمان كاتدا؛ بێ بەڵێنی و دژایەتییەكانی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەرامبەر گەلی كوردستان و، ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق، ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند، كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی داتاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لە ماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا، هەر لە بەعەرەبكردنی كوردستان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و شوێنەكانی دیكەی كوردستان و زیندەبەچاڵكردن و بێسەروشوێن كردنی 182000 مرۆڤی كورد لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج لە شاڵاوەكانی ئەنفالی 1988 و 8000 بارزانی و 12000 كوردی فەیلی و وێرانكردنی 4500 شارۆچكە و گوندی كوردستان و سوتماككردنی خاكەكەی و چەندان تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی. ئەمانە هەمووی لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق و رژێمی رووخاوی بەعس دژ بە كورد ئەنجامدران، مەرجەعە ئایینییەكان و لایەنە عێراقییەكان لەبەرامبەر ئەم هەموو تاوانەدا بێهەڵوێست و بێدەنگ بوون.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە بەهاری 2003دا، عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتەدەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانییان لە دژایەتیی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، هەر لە جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی تایبەت بە كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان و تا دەگاتە پێشێلكردنی تەواوی ئەو ماددانەی دەستووری عێراق كە تایبەتن بە گەلی كوردستان، دواتاوانیشیان بڕینی بەشە بودجەی كوردستان بوو، كەوا لە سەرەتای ساڵی 2014وە بودجەی كوردستانیان بڕی و، كەوتنە جێبەجێكردنی (سیاسەتی برسیكردن)ی خەڵكی كوردستان، كە ئەمەش تاوانێكە چی كەمتر نییە لە تاوانی بەعەرەبكردن و كیمیابارانكردن، لەبەرامبەر ئەم تاوانە و تەواوی تاوانەكانی دیكەدا دیسان وەكو پێشوو تەواوی لایەنە عێراقی و مەرجەعە ئایینییەكانی عێراق بێدەنگییان هەڵبژارد!!
دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبووا، تاوانی زۆر گەورەتری بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجام دەدا، ئێستا كە دەسەڵاتی تەواوی نییە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدات، ئەی باشە كە بەهێز بوو و دەسەڵاتی هەبوو، دەبێ چی بكات؟! بێگومان كارەساتەكان و تاوانەكان دژ بە گەلی كوردستان دووبارە دەبنەوە.
بەڵێ ئەمە رەوشی كورد بووە و رەوشی كوردە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە، ئەو زوڵم و دژایەتییانەش بەرامبەر گەلی كوردستان تا ئێستاش بەردەوامن، ئەم زوڵمانە وایانكرد كەوا گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە.
بۆیە سەرۆك مسعود بارزانی بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كەوا بۆ پاراستنی كوردستان و بەرگرتن لە پیلانەكان، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی (مافی چارەنووس) و بنەماكانی (مافی مرۆڤ) بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدەن، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، كەوا ئایا دەیەوێ لە گەڵ عێراقێكی زاڵم بمێنێتەوە، یا سەربەخۆ بێت، لەبەرئەوەی جگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لەبەردەم گەلی كوردستان نەمایەوە، بۆیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان ئەم بڕیارەی دا، ئەم بڕیارەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیارێكی مێژوویی و گرنگ بوو، لەهەمان كاتدا شانازییەكی مەزنی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان و خودی مسعود بارزانی لەبەرئەوەی بەڕێزیان رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە وەرگرتنی ئەو بڕیارەو كاركردن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.
بێگومان لە مێژووی ژیانی سیاسیی سەرۆك مسعود بارزانی یەكێك لە كارە هەرە باشەكانی كە جێگەی شانازییە ئەنجامدانی ریفراندۆمە، من بەرپرسی ئەو قسەیەی خۆمم، لەداهاتووشدا پاش چەند ساڵی دیكە بایەخی ئەو قسەیەی من بۆ هەموو لایەك دەردەكەوێت، بە باوەڕی من تاكە كارێكی باشی سیاسی كەوا لەم سەردەمەدا ئەنجاممان دابێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە. بۆ؟ لەبەرئەوەی لە رێگەی ریفراندۆمەوە بە هەموو دنیامان گوت كوردستان بە خاك و خەڵكەوە بەشێك نییە لە عێراق و گەلی كوردستان چیدیكە قبووڵی نییە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە و بژیت، گەلی كوردستان سەربەخۆیی دەوێت، كەركووك و تەواوی ناوچەكانی دیكەی دابڕیندراو لە كوردستان نەك هەرخۆیان بە كوردستانی دەزانن، بەڵكو نایانەوێ لەناو عێراق بژین و دەیانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بژین، ئەوە پەیامێكی گرنگە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بۆ وڵاتانی دەوروبەر و بۆ خودی عێراقیش، كە ئەوە رای گشتیی خەڵكی كوردستانە كەوا چیدیكە ناخوازن لە چوارچێوەی نەخشەی داتاشراوی عێراقدا بمێننەوە، بۆیە ئەوە شانازییەكی گەورەیە بۆ جەنابی بارزانی كە ریفراندۆم لەسەردەستی ئەو و بە هاوكاری هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەنجام درا، لە هەمان كاتدا شانازییەكی گەورەشە بۆ گەلی كوردستان كە ئەو بڕیارەی داوە، بەڵێ لە رێی ریفراندۆمەوە بڕیاری سەد ساڵەی لكاندنی كوردستان بە عێراق رەتكرایەوەو، بە هەموو لایەكمان گوت لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە ناشەرعییە و بێ خواستی ئێمە بووە، بۆیە نامانەوێ چیدیكە لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، ئەم پرۆسە مێژووییە كەوا لەلایەن سەرۆك بارزانی رێبەرایەتی كرا، گەلی كوردستانی گەیاندە كەناری بە دەوڵەت بوون، ئەمەش دوژمن و داگیركەرانی كوردستانی هاركردو كەوتنە پیلانگێڕان بۆ لەباربردنی ئەم پرۆسەیە، ئەوە بوو وەك بینیمان خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ روویدا، لەشكری عێراق بە هاوكاریی هەندێ لایەنی ناوخۆیی كەركووك و مەخموور و شنگال و زومماری داگیركرد و، ویستی زیاتریش پێشڕەوی بكات، بەڵام بەرخودانی قارەمانانەی پێشمەرگەی كوردستان توانی رێ لە هێرش و پەلامارەكانی عێراق بۆ سەر كوردستان بگرێ، بێگومان ئەگەر كارەساتی ١٦ ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ رووی نەدابایە، ئێستا گفتوگۆی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی سنوور و چۆنیەتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، نەك شتی دیكە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو نەهامەتییانەی كەوا ئەمڕۆ بەرۆكی كوردستانیان گرتووە، دەرەنجامی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرن، نەك ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم.
ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم سەركەوتوو بوو، بێ كێشە بە ئەنجام گەیشت و زۆربەی هەرە زۆری گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانەوە بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە سندۆقی دەنگدان كردو، گەل بە رێژەی ٩٢.٧٣% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستاندا، ئەمەش گەورەترین سەركەوتن بوو بۆ گەلی كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم.
لە پرۆسەی ریفراندۆمدا؛ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنەكەكانیان ناسی، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین كەوا مسعود بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەیی و نێودەوڵەتی خیانەتی لێكرا، بەشێك لە لایەنە ناوخۆییەكان و وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی زلهێز بەرژەوەندیی گەلی كوردستانیان كردە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بێوەفا بوون بەرامبەر سەرۆك مسعود بارزانی و گەلی كوردستان، لە هەمان كاتدا ئەو وڵاتانەی دژایەتی پرۆسەی ریفراندۆمی گەلی كوردستانیان كرد، دژی ئەو پرەنسیپانەش وەستانەوە كەوا بانگەشەی بۆ دەكەن، بەتایبەت پرەنسیپی (مافی چارەنووس) و بنەمانی (جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ)، وڵاتانی زلهێز و زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو پرەنسیپانەیان بێمانا و پووچ كردەوە.
ئاشكرایە بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی زلهێز بۆ بەرژەوەندییەكانیان پشتیان كردە گەلی كوردستان و بێوەفاییان نواند، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەڵوێستی بەشێكی لایەنە ناوخۆییەكان بوو، كەوا زوو گۆڕان و كەوتنە سەنگەری دژایەتیي خواستی گەلەكەیان، كارێكی زۆر شەرم و نامۆیە تۆ وا خۆت نیشان بدەیت كەوا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بارزانی بە پەلەتری، دواتر دوای ١٦ ی ئۆكتۆبەر بڵێی ئەنجامدانی ریفراندۆم كارێكی هەڵە بوو، رووی رەخنەش بكەیتە بارزانی!! لە راستیدا ئەوە زوڵمە لە سەرۆك بارزانی دەكرێ. سەرۆك بارزانی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم توانی گەورەترین رووداوی مێژوویی لە مێژووی كوردستان تۆمار بكات، ئەركی هەموو لایەكمان بوو لە دوای ریفراندۆم پشتیوانیی زیاتر لە مسعود بارزانی بكەین و هاوكاری بین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەنجامی ریفاندۆم، نەك زوڵم لە سەرۆك بارزانی بكەین، وەك هەندێ لایەنی ناوخۆیی كردیان، بەمەش زوڵمیان لە هەموو گەلی كوردستان كرد.
بەڵێ، گەلەكۆمەكی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی زلهێز و هەندێ لایەنی ناوخۆیی گەلی كوردستانیان بەم رەوشە گەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا بە باوەڕی من ئەو رەوشەی ئێستا شتێكی كاتییە و تێدەپەڕێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم رەوشە پێویستیمان بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو لایەك هاوكارو پشتیوانی یەكدی بین.
ئێستایش دوای ئەوەی كەوا جەنابی بارزانی رازی نەبوو پەرلەمانی كوردستان ماوەی سەرۆكایەتی بۆ درێژبكاتەوە، لەم كاتەدا وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان دەتوانێت هەنگاوی گرنگ بۆ گەیاندنی گەلی كوردستان بە كەنارێكی ئارام ئەنجام بدات. سەرۆك مسعود بارزانی لەناو كایەی سیاسیی كوردستان وەكو رێبەرێك و وەكو مەرجەعێك دەمێنێتەوە، كەسایەتیی كاریزمای سەرۆك بارزانی چۆن لە رابردوو و لە ئێستادا كاریگەریی هەبووە، لەداهاتووشدا كاریگەری خۆی دەبێت، بەڕێزیان ئێستا دەتوانێت جارێكی دیكە هەوڵەكانی خۆی وەگەڕبخات بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان، ئەگەر لەماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم زیاتر كاری لەسەر دیپلۆماسییەتی دەرەوەی كردبێت، كاری لەسەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كردبێت، دەكرێت ئەو ماوەیە كاتی خۆی بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و بۆ لەیەك نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تەرخان بكات، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمانە رەچاوی بەرژەوەنديی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەین و هاوكار و پشتیوانی سەرۆك بارزانی بین. لە رابردوودا زۆربەی لایەنە سیاسییەكان لەبەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی هاوكار و پشتیوانی سەرۆك بارزانی نەبوون، پێویستە لە ئێستادا هەموو لایەكمان هاوكارو پشتیوانی بین، كە سەرۆكی (هەرێم)ی كوردستان بوو، بەحوكمی ئیلتیزاماتی نێودەوڵەتی و ئیلتیزاماتی ئەقلیمی و پۆستەكەی لە زۆر بواردا دەستی بەسترابوو، بەڵام ئێستا دەستی كراوەترە و وەكو رێبەرێك كاردەكات، بەدەر لە مەسەلەی حیزبی گوناهە مسعود بارزانی بەتەنیا لەسەر پارتی حیساب بكرێت، بەدەر لەكارە حزبییەكان مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستانە، پێویستە پارتیش وەهای تەماشا بكات، راستە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام ئەركی ئەو قورسترە، ئەو كوڕی مەلا مستەفای بارزانی-یە، وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا لەسەردەمی بارزانیی نەمردا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و سیاسییەكان قبووڵیان بوو لە ژێر سەركردایەتیی بارزانیی نەمر لە شۆڕش بەشداربن و بە رێبەری خۆیانی بزانن، دەیان كەسایەتی و كادیر لە رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو شۆڕش هەبوون و دەرفەتی كاریشیان پێدرابوو، روانینی بارزانیی نەمر روانینێكی نەتەوەیی بووە، بێگومان روانینی مسعود بارزانی-یش روانینێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە وەك هەمیشە دەتوانێت رێبەرایەتی گەلی كوردستان بكات و، مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان بێت.





* سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK
Top