میدیا و ئاسایشی كۆمەڵایەتی

میدیا و ئاسایشی كۆمەڵایەتی
بۆ ئەوەی ئاسانتر لە پەیوەندیی نێوان (میدیاكار و دەسەڵات و دیاردە نەخوازراوەكان) بگەین، سەرەتا با تیشكێك بخەینە سەر میتۆدەكانی میدیا و كورتەیەك لە پێناسەكانی:
یەكەم: زۆرن ئەو میتۆدانەی كە كاری میدیایی ئاراستە دەكەن لە جیهاندا، رەنگە هەندێكیان لاواز بووبن و هەندێكیشیان هێشتا بەهێز بن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كەم تا زۆر كار بەهەموویان دەكرێت بەپێی شوێن و كاتەكان.
دەكرێت ئەو میتۆدانە وەك ئاسانكارییەك كورت بكەینەوە بۆ چەند میتۆدێك لەوانە بۆ نموونە:
1. میتۆدی دەسەڵات، كە ساڵانێكی زۆر هەر یەك لە ئەڵمانیای هیتلەر و ئیتاڵیای مۆسۆلینی و عێراقی سەدام و ئێستاش كۆریای باكوور و چین و میانمار و زۆربەی وڵاتە عەرەبییەكان و ئەفریقاییەكان لەسەری دەڕۆن.
2. میتۆدی ئازادیی، كە زیاتر لە كەرتی تایبەتدایە و بۆ ئازادیی رەها و قازانجی دارایی كار دەكات.
3. میتۆدی سۆشیالیستی، كە نوێنەرایەتی چینی كرێكاری دەكرد و زمانحاڵی حزبیشیان بوو.
4. میتۆدی گەشەپێدان، كە زیاتر لە جیهانی سێیەمدا بۆ چەمكەكانی ناسنامە، زمان و كەلتوور كار دەكات.
5. میتۆدی بەشداربوونی دیموكراسییانە، كە بڕوای وایە میدیا لە خزمەتی خەڵكە، نەك بەپێچەوانەوە.
6. میتۆدی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی، كە زیاتر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەركەوت و، لای وایە ئازادیی مافە، بەڵام ئەركیشە، هەروەها فەزا و ئاسمانی ئازادی بە بنمیچی بەرپرسیارێتییەوە گرێدەدات و، وای دەبینێت كە میدیای ئاست بەرز مافێكی كۆمەڵگەیە و میدیاكاریش بەرپرسیارە بەرامبەر دەزگاكەی و كۆمەڵگە.
دووەم: بۆ ئەوەی ئاسانتر لە پەیوەندیی نێوان (میدیاكار و دەسەڵات و دیاردە نەخوازراوەكان) بگەین، با وەك نموونە لە پەیوەندیی نێوان (نەخۆش و نەخۆشی و پزیشك) بگەین.
- ئەگەر نەخۆش و نەخۆشییەكە یەكیان گرت، قسەكانی پزیشك تیادەچێت.
- ئەگەر پزیشك و نەخۆشییەكە یەكیان گرت، نەخۆشەكە تیا دەچێت.
- ئەگەر نەخۆش و پزیشك یەكیان گرت، نەخۆشییەكە تیا دەچێت، ئەمەش راستە، بۆیە سێگۆشەی پەیوەندیی نێوان میدیاكار و دەسەڵات و دیاردە نەخوازراوەكانیش بەم جۆرەیە:
- ئەگەر میدیاكار و دیاردە نەخوازراوەكە یەكدی بگرن، دەسەڵات بێ كاریگەریی دەبێت.
- ئەگەر دەسەڵات و دیاردە نەخوازراوەكە یەكدی بگرن، میدیاكار بێ كاریگەری تیا دەبێت.
- ئەگەر میدیاكارو دەسەڵات تەبا بن، دیاردە نەخوازراوەكە تیا دەچێت، ئەمەش داواكراوە.
سێیەم: راسپاردە گشتییەكان:
1. دیاركردنی فەلسەفە و بیردۆزی كارپێكراو لە بواری میدیا لە هەرێمی كوردستان.
2. كاركردنی هەردوو یاسای مافی دەستخستنی زانیارییەكان و یاسای پاراستنی تایبەتمەندییەكانی تاك.
3. كاركردنی دەزگاكانی میدیا بۆ دوورخستنەوەی گەندەڵكارانی بواری راگەیاندن.
4. پابەندكردنی هەر دەزگایەك بە بەردەوامبوون لەسەر بەدواداچوونی دۆسیە كراوەكان، تا كاتی داخستنیان لەلایەن دادگاوە.
5. پێویستیی پابەندبوونی میدیا بە دەستەواژە رێژەییەكانی وەك: تۆمەتبار نەك تاوانبار، لە گرتەیەكدا كە هێشتا لە راستی و دروستیی ناوەڕۆكەكەی دڵنیا نین، سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو كە ناوەكەی لەلامانە..
6. دواخستنی بابەتە توندوتیژەكان لە دراما و هەواڵ بۆ پەخشی نیوەشەو.
7. دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن و كۆبوونەوە لەسەر پەیمانێكی پیشەگەرانە.
8. دووركەوتنەوە لە ئیرهابی میدیایی بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێرای ناڕاست و فێربوونی داوای لێبووردنكردن لە هاووڵاتییان لە هەر هەواڵێكی ناڕاست.
9. رێگەگرتن لە بنیاتنانی ئیمڕاتۆریەتی میدیایی لە نموونەی ئیمپڕاتۆریەتییەكەی (رۆبەرت مەردۆخ) كە سەردەكێشێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆمەڵگە و دەسەڵاتەكانی دەوڵەت.
10. خاوەندارێتی دەزگای میدیایی مافێكی بنیاتنراوە لە سەر دوو بنەمای متمانە و لێپرسراوێتی، ئازادیی میدیاییش نابێت لەسەر حیسابی سەروەریی یاسا بێت.
چوارەم: راسپاردە تایبەتەكان بە بواری كۆمەڵایەتیی
1. بایەخدان بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی.
2. كردنەوەی بەشی میدیاكارانی كۆمەڵایەتی لە كۆلێژ و پەیمانگاكانی راگەیاندندا.
3. بەشداریی پێكردنی میدیاكارانی كۆمەڵایەتی لە خولی تایبەت و ۆركشۆپەكاندا.
4. تیشك خستنەسەر لایەنە پۆزەتیڤ و گەشەكانی كۆمەڵایەتی.
5. كاراكردنی رۆڵی داواكاریی گشتی بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان.
6. رێكخستنی سیمینارێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەتەكانی رۆشنبیری، كاروباری كۆمەڵایەتی، سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەشی كۆمەڵناسیی لە زانكۆكانی هەرێم، سەندیكاو یەكێتی كۆمەڵناسانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەست بە بواری كۆمەڵایەتی و پسپۆڕانی كۆمەڵناسی بۆ داڕشتنی بنەماكانی كاری میدیاكارانی كۆمەڵایەتی.

Top