سۆشیاڵ میدیا لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە بۆ لێک ترازانی کۆمەڵایەتی

سۆشیاڵ میدیا لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە بۆ لێک ترازانی کۆمەڵایەتی
ڕاستە کە داھێنانی ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتیانە دەرھاویشتەی گەشەی تەکنەلۆژیاو واقعی کۆمەڵگاکان و خواست و پێداوستیان بوە ،بەڵام ئامانجی تایبەتیش لەسەرھەڵدانی ھەریەکەیان ھەبوە، نموونە فەیسبوک لە خواستێکی زانستی ناو زانکۆوە سەریھەڵدا دواتر چویە ناو بابەتی بازرگانی و خواستی کۆمەڵگەی ئەوروپی و بارودۆخی کۆمەڵایەتیان وایکرد وەک ئامرازێکی گرنگی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکان چ بە خێزانەکەیانەوە یان بە ھاوڕێ و ھاوپیشەکەیانەوە بەکاریبھێنن ، تۆزێک لە بۆشایی ودابڕانە کۆمەڵایەتی و نامۆبونە کۆمەڵایەتیەکەیانی پێ پڕبکەنەوە. دیاربوو ھاتنی ئەم تۆرەکۆمەڵایەتیانە وبەردەست بونیان لەکۆمەڵگەی رۆژھەڵاتیداو بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان وعێراق،ھێشتا خواستی کۆمەڵگەکە لەڕووی زانستی و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەوە وەک ئەوروپا پێویستی نەبوو،لەبەرامبەردا خواستە سیاسی وژینگە سیاسیەکە توانی زۆرتر بیقۆزیتەوەو بەکاریبھێنێت ،ئەگەر چی بەبەراورد بەکاتی سەرھەڵدانی ئەم تۆڕانە لەکوردستاندا ئێستا تاڕادەیەک بواری بازرگانی و ریکلام و زانستیش بەکاریدەھێنێت،بەڵام گرفتەکە ئەوەبوو لەسەرتادا بەرگێکی سیاسی کرا بەبەرداو کرایە سەکۆیەکی سیاسی و وەک ئەمرۆ دەیبینین نەک بوەتە جێگرەوەی ڕاگەیاندنی حیزبەکان بەڵکو خەریەکە دەبێت جێگرەوەی ئەو دام و دەزگاو ئۆرگانانەی کە دەبوو حیزبکان کۆبکاتەوە دانوستان و پرسەکانیان چارەسەربکەن. لێرەوە پەیام بۆیەکتردەنێرن و لێدوانەکانیان بۆیەک ئاشکرادەکەن و وەڵامی یەکتردەدەنەوەو ئەوەی بیانەوێت لەسەریەکتری بڵاوکەنەوە بڵاوی دەکەنەوە ،ئەڵبەتە ھەموو حیزبەکان وەک یەک نین لەم ھەڵسوکەوتە لەناوتۆڕی کۆمەڵایەتیدا بەڵام کەم تا زۆر بەڕێژە زۆرینەیانی تێکەوتوە.کەئەمە نەک تەنھا ململانێ سیاسیەکان توند دەکاتەوە ودوریان دەخاتەوە ،ناتیگەیشتن دروست دەکات لەنێوانیان ،بەڵکو بواریش دەدات بەچەندین دەستی شاراوە بۆ دروست کردنی ساختە ھەواڵ و زانیاری بۆشێواندنی ژینگە سیاسیەکەو دورخستنەوەی لایەنەکان لەیەکتر، شتەکان دەشێوێنرێت ،وەک خۆی ناگات،یەکێک بۆی زیاد دەکات، یەکێک بۆی کەمدەکات،یەکێک عاتیفەدەیگرێت و بێگەڕانەوە بۆ حیزب و مەرجەعەکەی شتێک یان وەڵامێک دەنوسێت ،دواتر پەشیمان بونەوە چاکبونەوەی نیە ،چونکە دەڕوات ،ھەزارن دەستی شاراوەدەبینیت کەڕەنگە ھی ھیچ کام لەلایەنە ناکۆکەکان نەبێت لەنێواندا کاری خۆی دەکات و رۆڵی تێکدەرانە دەبینێت،دەستی دەرەکی دێتە ناوەوە.ئەمە دواجار بەرەوە نەک تەنھا لێکترازانی سیاسی بەڵکو کۆمەڵایەتیشمان دەبات.بۆیە گەڕانەوە بۆ دانوستان وگفتوگۆو ناردنی پەیام بۆ یەکتر باشترە بچینە دەرەوەی تۆری کۆمەڵایەتی ،ئەگینا نەک خۆمان ھەرێمەکەش نزیکتردەکەینەوە لە لێواری غەرق بوون.دواجار گەر ئاڵۆزیە سیاسیەکەش چاکبێتەوە ،ئاشتیش ببینەوە،کۆمەڵگەیەکی وێرانی پڕلە ڕق و قین ونەمانی تەبایی وئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێوەگلان بەتاوان و توندوتیژیە کۆمەڵایەتی و تاکیەکانمان بۆ دەمێنێتەوە،ئەوکات ئەوەش خەرجی و تێچوون و ئەجنداو پلانی دەوێت بۆ رێکخستنەوەی کەڕەنگە ئەوە لەتوانای ئەم ھەرێمەدا نەبێت.ھەروەک دێڤید کامیرۆن لە پرۆژەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٠ ی بەریتانیا ،وتی 'من کۆمەڵگەیەکی بەھێزم دەوێت نەک وڵاتێک لەدەرەو بەھێزو لەناوە ڕوخاو وھەمووتاکێک دەبێت بە پۆلیس و کامێروە بەدوایەوە بێت بۆئەوەی تاوان نەکات" بێگومان ڕەنگە ئەو وڵاتە زلھێزانە توانای چاکسازی کۆمڵەگیان ھەبێت بەحوکمی دەوڵەت بوون و بونی سەرمایەی زەبەلاح و دامەزراوەیی وڵات و توانای پسپۆری مرۆیی و ئەزمونی چەندین سەدەی بوونی سەربەخۆیی و سەرەوەری وڵاتیان ،بەڵام مەحاڵە ئەم ھەرێمە نەک لە ئێستادا بەڵکو لە ئایندەیەکی دوریشدا بەھۆی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی چاکسازی کۆمەڵگەیی ئەم ھەرێمەی پێبکرێت،کەبەھۆی ئەم بارودۆخەی ئێستا بەرھەم دێت.
Top