کۆ ڤید ١٩ و ئاسایشی ژمارەیی ((ئەمنی رەقەمی))

کۆ ڤید  ١٩ و ئاسایشی ژمارەیی ((ئەمنی رەقەمی))

ئه‌گەرچی باس و گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی ژمارەیی لەسەره‌تای سەرهەڵدانی ئینتەرنیتەوە سەری هەڵداوەو، بابەت بووە لای پسپۆڕان و تەکنیکارانی بواری میدیا و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، به‌ڵام لەم وتارەدا ئەوەندەی مەبەستە تیشک بخرێتە سەر ئەوە بابەتەی بۆ 'ئاسایسی ژمارەیی'لە سەردەمی کۆڤید ١٩ و که‌رەنتین، كه‌ بووه‌ته‌ باسێكی گەرم، ئەوەندە مەبەست نیيە کە لە زاراوە و چەمک و مێژوو و ماناکانی ئەم بابەته‌ بدوێم.
ئه‌گەر بە کورتی پێناسەیەک بۆ ئاسایشی ژمارەیی بکەین، ئه‌وا بریتيیە لەهەموو ئەو ڕێگایانەی کە بەکاردێت بۆ پاراستنی ئەکاونت و پاراستی فایل و زانیاریيەکان لەهەر هێرش و هاک و دزینێک. ئەو هۆکارانەش کە وای کرد لەکاتی پەتای کۆڤید ١٩ ئەمە ببێتە مەترسی بۆ سەربەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و ببێتە دیاردەیەک کە باس و گفتوگۆی زۆری لەبارەوە بکرێت، بريتين له‌:
١-بەکارهێنانی زۆری ئینتەرنێت بەهۆی زۆرمانەوە لە ماڵەوە و کاتی زۆر و بەتاڵی و نەمانی کاری دەرەوە.
٢-پێش کۆڤید ١٩ زۆرینەی خەڵک کە لە شوێنی كارەکەی ئینتەرنێتی بەکاردەهێنا و، زۆربەی ئەو شوێنی كاركردنه‌ش دیاریکراو بوو، بۆيه‌ بواری گەڕان و ئەو پرۆگرامانەی بەکاریان دەهێناو تا رادەیەک سیستم و ئامێرەکان پرۆگرامی خۆپارێزیيان بۆ دابین کرابوو، بەڵام لەسەردەمی کۆڤید ١٩ نەک ئەو خەڵکە هەمووی گەڕایە ماڵەوە، بەڵکو کاتەکانی بێكارى هەمووی لەگەڵ ئینتەرنێت بەسەر دەبردو، ئینتەرنێتی ماڵەوەی بەکاردەهێنا، کە زۆرتر ئەگەری هاککردن و هێرشی هاکكەران دروست دەبوو، نەک تەنيا کارمەندانیش بەڵکو خەڵکانێکی تریش کە پێشتر، یان کاتیان نەبووە یان پێویستیان نەبووە ئینتەرنێت بەکاربهێنن، لەسەردەمی که‌رەنتین ناچار بوون بۆ وەرگرتنی زانیاری و بەسەربردنی کات بەکاری بهێنن،کە ئەمه‌ هەلی زیاتری رەخساند بۆ هاکكەران و دزە ئەلەکترۆنیيەکان هێرش بکەنە سەر ئەکاونتی زۆرێک لە بەکاربەران.
٣-ناوەڕۆکی بابەت و زانیاريیەکان ئامرازێکی ديكه‌ بوون بۆ زۆربوونی بەکارهێنەران، لە هەمان کاتدا زۆربوونی هاککەران،لە هەردوو ڕووی 'ترغیب و ترهیب'، لە روانگەی 'ترغیب' چەند ئۆفەر دەدرا بە بەکارهێنەران، وەک دانانی هەندێک لینک کە ئەگەر کلیکی ئەم لینکە بکەیت، ئەوەندە گێگا ئینتەرنێت وەردەگرێت و ئەم ئۆفەرتایبەتە بە کاتی کۆڤید ١٩ و یان کلیکی ئەم لینکە بکە، چارەسەری خیرای کۆرۆنا بزانە، واتە پێدانی ئەو ئۆفەرانە بە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت کە چارەسەری قەلەقيیەکانی دەکردن و بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسان کە بەردەوام دەگەڕان هەواڵێک پەیداکەن لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسین، یان چارەسەر. ئەمانە بوونە هۆی قوربانيبوونى خەڵکانێکی زۆر كه‌ به‌و جۆرە ئۆفەرانە لە ڕێگەی هاککەران و هێرشکەرانی ناو ئینتەرنیتەوە دەهاتنە ناوەوە.
لە ڕوانگەی 'ترهیب'، دانانی لینک بۆ بەکاربەران و ئاماژە کردن بەوەی کە ئەگەر کلیک لەم لینکە نەکەیت و ئیمەیڵ، یان فەیسبوک، یان هەر ئەکاونتیکی تر كه‌ ئاماژەى پێ دەکەن، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئەکاونتەکەت، یان ئیمەیڵەکەت دادەخرێت، ئەمەش سوودیان لەو فشارە دەروونی و مادديیە وەردەگرت کە لەسەر هاووڵاتیانە، لەم کاتەدا و هەرچەند لە پێشتریش ئەم جۆرە لینک و ئاگاداريیانە دەدران لە ڕێگەی ئەکاونتەکانەوە، بەڵام وەک ئەم کاتە خەڵک لە ژێر فشاری دەروونی نەبوو، کە تاکە ئامرازێک کاتەکانی بەسەر دەبات لە ژیانی که‌رەنتین ئینتەرنێت و ئەکاونتەکەیەتی و دەترسێت ئەوە راست بێت و، ئەگەر کلیکی ئەو لینکە نەکات، دادەخرێت. دواتر کە کلیکی لینکەکە دەکات، هاکكەرەکان ئاسان دێنە ناو ئینتەرنیتەکەی.
کێن ئەوانەی هەڵدەستن بەم هێرش و هاککردنە ئەلەکترۆنيیە؟
تائێستاش بەهۆی ئەوەی ئینتەرنێت بوارێکی ڕەخساندووه‌ کە مرۆڤ بتوانێت بێ ناسنامەی دیار و بێ شوینی دیار تێیدا بوەستێت و کاری جۆراوجۆر بکات و، لەهەمان کاتدا ئەم کارانە وابەستەن بە کەسی تایبەته‌وە بە ئامانجی تایبەت، كه‌ هەندێک جار ئامانجی کەسێکی تایبەتە و هەندێک جار ئامانجی رۆژنامەنووسەکانە، یان کەسایەتیيەکانی دى، ئیتر کەسایەتيی کۆمەڵایەتی بێت، یان سياسی، یان زانستی و...هتد، ئامانجیش بۆ شکاندن،لەکەدارکردنی ناوبانگ و ناوزڕاندن و...هتد بووه‌، ڕوون نیيە بە شێوەیەکی گشتی کێن ئەم کەسانە و بە تەواوەتی نەتوانراوە بدۆزرینەوە، بەڵام لەسەر چەند ئاستێکن:
١-لەسەر ئاستی حکومەت و دەسەڵاتەکانە بۆ دۆزینەوەی تاونبارەکان،ئیتر تاوانباری لۆکاڵی بێت، یان نێودەوڵەتی، بۆ ئەمەش ئامێر و کەلوپەلی تایبەتی خۆی دەوێت، کە زۆربەیان لە ئاستی حکومەت و دەسەڵاتەکان دەتوانن بیکڕن و دابینی بکەن. لە هەمان کاتدا پێویستی بە مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنيیەکانی وڵات هەیە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئامێرانە.
٢-حکومەت بەشێوەی راستەوخۆ نایکات، بەڵکو خەڵک رادەسپێرن، بە ناڕاستەوخۆ ئەم کارانە بکات، بەتایبەت بۆ چاودێریکردنی رۆژنامەنووسان و چالاكان و کەسە ئۆپۆزسیۆنەکان.
٣-یان لەلایەن کەسی تایبەت، یان دەزگا و ڕێکخراوی تایبەت ئەنجام دەدرێت، بە ئامانج و مەبەستی دیاریکراوی خۆیان.
چۆن ئەم کارانە دەکرێت :
١-کردنەوەی ئەکاونتی وەهمی، بە ناوی خوازیار و جۆراوجۆرەوە دێنە ناوەوە.
٢-لینککردنی ئەم ئەکاونتە وەهمييانە بە لینکی هەواڵی دامەزراوە فەرمیيەکانەوە وەک وەزارەتەکان و لینکی هەواڵی وەزارەتەکان.
٣-کردنەوەی ئەکاونتی وەهمی لەسەر شێوە و هەمان ناو و وێنەی ئەکاونتی کەسە دیار و بەرپرسەکان. بۆ نمونە و لەم کاتی پەتای کۆڤید ١٩ لە سعودیە بەناوی وەزیری تەندروستیەوە لەسەر هەمان شێوە و وێنەی ئەکاونتەکەی ئەکاونتێک کرایەوە، بە دابەزانی هەواڵ و زانیاری لەسەر پەتای کۆڤید ١٩ و قوربانی و تووشبووەکان و چەندین لینکی هاککردن بەسترا بە ئەم ئەکاونتەوە، سوود وەرگیرا لە قەلەقيی خەڵک و خواستی بۆ زانینی ئەم جۆرە زانیاريیانە و چەندین ئەکاونتی پێ هاک کرا . دواتر دەرکەوت ئەکاونتێکی ساختەیە.
٣-پێدانی ئۆفەری جۆراوجۆر بە سوودوەرگرتن لە پێداویستی و خواستى وەرگر، بۆ نموونە لەم کاتی کۆڤید ١٩ بە چەندین لینک هێرش کراوەتە سەر ئەکاونتی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و بە پێدانی ئۆفەری نموونەی وەک هاوکاريی حکوومی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا،یان هاوکاريی حکوومی بۆ هاووڵاتیان و بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکاریيە کلیکی ئەم لینکە بکە، یان داوای ئەژماری بانکی کراوە و لەو ڕێگەیەوە ئەژماری بانکی و ئەکاونتی هەزار کەس دزراوە، یان ئۆفەری پێدانی گێگای ئینتەرنێت لە ڕێگەی لینکێکەوە، یان لینک دانان لە ناو ئەکاونتەکان بە ناوی لینکی راپرسی و توێژینەوە لەسەر کۆڤید ١٩، خەڵکانیش لایک و کلیک و شێری ئەم لینکانە دەکەن، ئیتر دەرگا دەکاتەوە بۆ هاککەران بێنە ناوەوە.

چی بکەین بۆ خۆپارێزی و ئاسایشی رەقەميی ئەکاونتەکنمان؟
گرنگترین شت گۆرینی ڕەفتارمانە لە چۆنیەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئینتەرنێت ئەویش:
١- چەند ئەکاونتت هەبێت، ئەوەندە دەرگات کردووەتەوە بۆ هاتنە ژوورەوه‌ و هیچ دەرگاو ئەکاونتێکیش کە دەیکەیتەوە، پارێزراو نیيە، چونکە ،ئیدارە و خاوەنداریەتی زۆربەی ئەو فۆرمانەی سۆشیاڵ میدیا کە تۆ هەتە، یەک شت، یان لایەنن، بۆ نموونە واتساب خاوەنداریەتيیەکەی بەپێی وتەی 'عماد الرواشدە' کە لێکۆڵەرێکی گەورەی رێکخراوی سەنتەری لێکۆڵینەوەی تاوان و سپیکردنەوەی پارەیە لە باکووری ئەفریقا، دەڵێت: هیج کات واتساب سەلامەت نیيە، چونکە خاوەنەکەی هەر هەمان خاوەنی فەیسبوکە و بە ئاسانی دەتوانن بچنە ناویەوە و زانیاريیەکانی وەربگرن بە هەمان شێوە فۆرمەکانی تریش.
٢-ئەوەش بزانیت زۆرینەی ئەم فۆرمانەی کە بواری داوە خەڵک بەشداری بکات لە ناو ئینتەرنێتدا، هەر لە ئەکاونتەکان تا ژوور و ماڵەکانی چات و گفتوگۆ لەبناغەدا سیاسەتێکی پرۆگرام بۆ داڕێژراوی هەواڵگری لەپشتیەوەیەتی، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە چین ئیدارە دەکرێن، وەک ئەو پسپۆڕە ئاماژەی پێ دەکات.
٣- بۆ پاراستنی ئەکاونتی خۆت لە بەردەم هەر هاكکەرێکی ئاسایی دەتوانیت بە ژمارەی نهێنيی بەهێز و وریای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لینک و بابەتانەی دەخرێتە بەردەستت و وریابوون لەهەر کلیلک و لایک و شێرێکی بابەت تا ڕاددەیەک پارێزراو بیت،بەڵام ئەوەت بیر نەچێت، هەرکاتێک خاوەنداریەتی پشت ئەو پرۆگرام و فۆرمانەی ئینتەرنێت بیانەوێت، یان داوایان لێ بکرێت، ئاسان زانیاریيەکانت دەست دەخەن و مامەڵەی پێوە دەکەن.
٤-وریابوون لە بەکارهێنانی Wi-Fi پەیوەست نەبوو بە Wi-Fi خۆرایی شوێنەکان کە گومانت لێی هەیە، یان هی فڕۆکەخانە و میوانخانەوە شوێنە گشتیيەکان، چونکە بە پێی قسەکانی 'عماد الرواشدە' Wi-Fi ئەو رێگە هەره‌ ئاسانەیه‌ بۆ دزینی زانیاریيەکان و ئەکاونتەکەت ئەگەر وریا نەبێت.
٥-کۆڤید ١٩ گەشەیەکی زیاتری دا بە بەکارهێنانی ژوورەکانی گفتوگۆ و سیمینار و کۆنفرانسی ئۆن لاین لە ڕێگەی بەرنامەی Zoom وWebiner کە بە پێی وتەی هەمان پسپۆڕی سەرەوە هیج کامیان سەلامەت نین و بەتایبەتی بەرنامەی Zoom
لە چین بناغە دەگرێت و وابەستەيه‌ يه‌ پرۆگرامێکی هەواڵگری.
٥-ئامرازەکانی پەیوەندیکردن کە بەکاری دێنن، وەک مۆبایل و هەر ئامێرک کە توانای گەیاندنی هەبێت، بە پێی وتەی 'عماد الرواشدە' هاککردنی ئاسانە، تا ئەو ڕادەیەی دەڵێت: ئێستا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەو ئامێرانەی کە توانایەکی کەمی گەیاندنیان هەیە، بەکاربهینرێت بۆ دزینی زانیاری و کاری هەواڵگری، نموونە لەسەر توێژینەوەیەکی ئیسرایلی دێنێتەوە کە کار دەکەن لەسەر ئەو 'گڵۆپانەی هەزەیەک و ویزە ویزێکیان هەیە، کاتێک دادەگیرسێن، تاکو وەک ئامێرێکی چاودێری و دزینی زانیاری و هەواڵگری بەکاری بهێنن.
٦-هەوڵدان بۆ بەکارهینانی ئەو بەرنامە ئەلکترۆنیيانە کە بەهیزترن و کەمتر توانای هاککردنیان هەیە و بە پڕۆتۆکۆل رێکخراون، نموونەی Signal دێنێتەوە و دەڵێت: لەبەر ئەوەی زۆرترینى ئەو کەسانەی بەکاری دێنن، ئەو کەسانەن کە لە مافی مرۆڤ کاردەکەن و یاسایین و بە پڕۆتۆکۆل رێکخراوە. وە بۆ کۆبوونەوە ئۆن لاینەکان باسی GoToMeeting دەکات کە پارێزراوترە وەک لە پرۆگرامی ZOOM و هەندیکی دى ... واتە گەڕان بۆ بەکارهێنانی ئە پرۆگرامانەی کە زۆرتر پارێزراون، وەک لەوانەی کە کەمتر. چونکە کۆڤیدی ١٩ لە مەترسيی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا کردینیە ماڵەوە، بۆ بەردەمی مەترسيی ڤایرۆسی ئۆنلاین.
Top