مەحموود رەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   ئەوەی پەكەكە دەیكات دژ و پێچەوانەی كوردایەتییە

مەحموود رەش  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     ئەوەی پەكەكە دەیكات دژ و پێچەوانەی كوردایەتییە

 

 

هەرێمی كوردستان شایستەی ئەوەیە كە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی بكرێت، بۆ ئەوەی زیاتر بپارێزدرێت و بەرەوپێش بچێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە (پەكەكە) بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، بە چەشنێك كار و كردەوەكانی بوونەتە هۆی ئەوەی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، هۆكاری ئەم هەڵسوكەوتانەی پەكەكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ مەحموود رەش ئەندامی پێشووی پەكەكە.

 

* كارە تێكدەرەكانی پەكەكە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان درێژەی هەیە و، لە ماوەی رابردووش چەندین پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كردووە، بەوەش زەمینەیەكی خراپ بۆ شەڕی كوردكوژی خۆش دەكات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا سەنگەرگرتن لە هێزی پێشمەرگە خزمەتی كێ دەكات؟

- ئێمە لە سەروەختێكداین كە دەبێت بە گیانی كورداییەتەوە كار بكەین، نەك دژایەتیی یەكتر بكەین، چونكە ئەمە زیان بە بەرژەوەندییەكانی كورد دەگەیەنێت. لەم روانگەیەوە پێویستە هەنگاوی گەورە هەڵبگرین بۆ پشتیوانیكردن لە كوردایەتی و لە گیانی نەتەوایەتی. بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین سەنگەرگرتن لە پێشمەرگە هەیە، هیچ كاتێكیش ئەم كارە خزمەت بە نەتەوایەتی ناكات، بەڵكو وەك سەرۆك بارزانی فەرموویەتی شەڕی كورد و كورد حەرامە، هەر بۆیە هەموو مرۆڤێكی كورد پێویستە وەك سیستەم و هێڵێكی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوە بكاتە دەستوورێك بۆ خۆی كە سەنگەر لە پێشمەرگە نەگرێت. بەڵكو پێویستە ئەو سەنگەرگرتنە لە بەرامبەر دوژمندا بێت، هەر بۆیە ئەو سەنگەرگرتنەی پەكەكە لە بەرامبەر پێشمەرگەدا، بمانەوێت و نەمانەوێت خزمەت بە دوژمنانی كورد دەكات.

* ئەوەی لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی پەكەكە و توركیا دەیبینین، ئەوەیە كە پەكەكە شوێنە ستراتیژیەكان بۆ سوپای توركیا چۆڵ دەكات و خۆی پاشەكشە دەكات، بەڵام رێگەش نادات بە شێوەیەكی ئاشتییانە هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزیت، پرسیار ئەوەیە ئەو ناوچە ستراتیژییانە بۆچی تەسلیمی سوپای توركیا دەكات؟

- ئەو بڕیارانەی پەكەكە داویەتی مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانین و هەموو كوردو كوردپەروەران دژی ئەو رەفتار و كردەوانەی پەكەكەن. كردەوەكانی ئەم دواییەی پەكەكەش بوونە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگە، خۆ ئەگەر لەكاتێكدا ئەو رووداوەی ئەم دواییە توركیاش ئەنجامی دابێت، بەڵام هەر پەكەكە بووەتە هۆی ئەو دەرفەتە كە پێشمەرگەی كوردستان شەهید بن. دواتر ئێمە دەزانین لە ئێستادا پەكەكە لە بارودۆخێكی خراپدایە و لە ناوخۆدا چەندین كێشە و گرفتی هەیە، هەروەها كێشەی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپاش هەیە. هەروەها ئەوەش ئاشكرایە كە پەكەكە لە هەر شوێنێك بێت و رووبەڕووی توركیا ببێتەوە، ئەوا ئەو شوێنە چەند گرنگ و ستراتیژی بێت، ناتوانێت پارێزگاری لێ بكات، یان بێ شەڕ چۆڵی دەكات، بەو شێوەیە رێگا بە توركیا دەدات كە بێتە باشووری كوردستانەوە، بەو شێوەیە دەتوانین بڵێین ئەوەی پەكەكە دەیكات لە بەرژەوەندیی كورددا نییە و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد دەكات. دەبێت هەموو كوردێكی ئەو دنیایە باشووری كوردستان وەك چاوی خۆی بپارێزیت، كێشەی ئێمە نەتەوایەتی و كوردایەتییە و هیچ كاتێك كێشەی ئێمە حزبایەتی و بیروباوەڕی جیاواز نییە، لەمبارەوە دەكرێت هەموو لایەن و حزبەكان شەڕی سیاسی بكەن، بەڵام ئەركە كە پارێزگاری لەو پارچە ئازادەی كوردان بكەین كە باشووری كوردستانە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە پەكەكە دەیەوێت ئەو قەوارە و كیانەی لە باشووری كوردستان هەیە، تێكی بدات، ئەمەش كارو رەفتارێكی زۆر خراپ و مەترسیدارە، لە كاتێكدا پێویستە لەسەر پەكەكە بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت بكات و رێز لەو حكومەتەی كوردان كە لە باشوور هەیە بگرێت و ئاستەنگ بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكات و، كێشە و گرفتی خۆی نەهێنێتە باشوور.

* ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە كە پەكەكە هەرێمی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی شەڕ و رۆژانە هێزەكانی توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە گوندەكانی كوردستان بۆمباران دەكەن، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر پەكەكە دەیەوێت شەڕی توركیا بكات، بۆ لەناو كوردستانی توركیا نایكات، خۆ چیاكانی كوردستانی توركیا لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن؟

- راستە لە باكووری كوردستان چیای زۆر بەرز و سەخت هەیە، لە ناوچەی دەرسیم تا دەگاتە بۆتان و ناوچەكانی دیكە كە سێ بەشی باكووری كوردستان چیا و شاخی بەرز و دژوارن و زۆر گونجاویشن كە پەكەكە بتوانێت لەو شوێن و چیایانەوە درێژە بە كار و چالاكییەكانی لە دژی توركیا بدات. هاوكات دەبێت بزانین كورد لە هەر كوێیەك بێت، ئەوا توركیا دژیەتی. ئێستاش كە پەكەكە هاتووەتە باشوور ئەوا پاساو و بیانووی بۆ توركیا دروست كردووە، پەلاماری ناوچە سنوورییەكان و هەموو گوندەكانی دەڤەرەكە بدات، كە بووەتە هۆی كاولكاری و دەربەدەریی خەڵك و دانیشتووانی ژمارەیەكی زۆر لە چەندین ناوچەی سنوورییەوە و خەڵك لەسەر موڵك و ماڵی خۆی دەربەدەر و ماڵوێران بوون و شەهید دەكرێن. هەر بۆیە پێویستە پەكەكە ئەو دەرفەت و بیانووە بۆ توركیا دروست نەكات كە توركیا بێتە باشووری كوردستان و كاولكاری بنێتەوە، راستە توركیا دژی كوردانە، بەڵام پاساوی توركیا بۆ كاروكردەوەكانی توركیا لە باشوور ئەوەیە كە رایدەگەیەنێت ئەو پەلاماری چەكدارانی پەكەكە دەدات. لەلایەكی دیكەوە پەكەكە و قەرەیلان بەم دواییە رایانگەیاند كە ئێمە رێز لە باشووری كوردستان دەگرین و دژی پێشمەرگە نین، ئەمە تەنیا قسەیە، لە هەقیقەتدا مەبەستی پەكەكە دژایەتی و تێكدانی باشووری كوردستانە. هەروەها پەكەكە ئێستا پەیوەندی باش نییە لەگەڵ كوردان و خەڵكی باكووری كوردستان و رێكخستنەكانی زۆر كەم و لاوازە، چونكە لە شەڕی خەندەق زەرەر و زیانێكی زۆر لە خەڵكی باكووری كوردستان دا و ژمارەیەكی زۆر شەهید و دەربەدەر بوون لەسەر ماڵ و موڵكی خۆیان. بۆیە ناتوانێت بەهێچ جۆرێك لە باكوور شەڕ بكات ئەمە هۆكارێك، هۆكارێكی دیكە ئەوەیە پەكەكە پێداگری دەكات كە هیچ حزب و لایەنێك راست نین، بەڵكو تەنیا و تەنیا خۆی بە راست دەزانێت. لەبەر ئەوە پێم وایە چەندین ساڵە چەكدارانی پەكەكە هۆكاری نائارامی و خراپەكارین لە باشووری كوردستان.  

* هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لەسەر ئەوە كۆكن كە رێگربن لە دروستبوونی قەوارەیەكی سیاسی بۆ كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتدا پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ هەرسێ دەوڵەتی (ئێران و عێراق و سووریا) لەو پەڕی باشیدایە و هاوكاری چەك و دارایی دەكرێت، ئایا ئەمە چی لێ دەخوێندرێتەوە؟

- نەك هەر تەنیا ئێستا، بەڵكو هەر كاتێك لە مێژوودا كورد هەنگاوێك بەرەوپێشەوە چووبێت، ئەوە دوژمنی ئێمە هەر چواریان یەكیان گرتووە، بۆ ئەوەی ئەو سەركەوتن و بەرەوپێشچوونەی كورد لەبار ببەن و هەوڵی دوژمنان هەموو كات ئەوە بووە لە گفتوگۆ و رێككەوتنەكانی نێوانیان بە هیچ جۆرێك ماوە نەدەن، كورد ببێتە دەوڵەت و كیانی خۆی دەستكەوێت. لەلای هەموومانیش ئاشكرایە كە عێراق لەدژی كورد و پێشمەرگە رێككەوتنی لەگەڵ توركیا و ئێران كردووە، تاوەكو شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان لە باشوور لەناو ببات، هەروەها ئێستاش لەدژی كورد و باشووری كوردستان هەر چوار دوژمن هەرچی كێشە و ناكۆكیی نێوانیان هەیە، بەلای دەدەن و یەك دەگرن و پلانی مەترسیدار لەسەرمان دروست دەكەن، بۆ دژایەتی و لەباربردنی ئەو ئازادی و ئەو حكومەتەی كە لە باشوور هەیە، كە بووەتە چەترێك بۆ هەموو كوردانی دنیا، ئەگەرچی دەزانین هەموو بەرژەوەندییەكی سیاسیش هۆكارێكە بۆ دروستبوونی پەیوەندی و لێرەشدا پەكەكە لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە كە ئەمانەش دوژمنن، بۆیە ئەو پەیوەندییەی پەكەكە لەگەڵ ئەو وڵاتانە پەیوەندییەكی خراپە لەدژی كوردان كە وادەكات لە خزمەتی دوژمناندا بێت.

* پەكەكە رایگەیاندووە كە بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان نییە و ئامانجیشی دەوڵەتی كوردستان نییە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئەو ئامانجی سەربەخۆیی نییە، بۆچی ئەم هەموو كوڕ و كچەی كوردستان بە كوشتن دەدات؟

- ئێمە دەزانین دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، چەكدارانی پەكەكە و سەركردەكانیان رایانگەیاند سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانیان ناوێت، ئەمە لە كاتێكدا هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە و بۆ ئەوەی جەماوەر بۆ خۆی رابكێشێت، دروشمیان سەربەخۆیی كوردستان و دیموكراتی بوو، لەپاشان چەكدارانی پەكەكە دروشمی چەپیان هەڵگرت كە هەوڵ و كار و دروشمێكی زۆر بێمانا و كلاسیكیان هەڵگرت، كە لە دنیادا هەرەسی هێناوە و ئەمەیان وەك پڕۆژەیەك بۆ خۆیان راگەیاند، ئەمەش پڕۆژەیەكی كوردایەتی و نەتەوەیی نییە و مەبەست ئەوەیە زیان بە كورد بگەیەنێت كە لە هەمانكاتدا زیان لە خۆیشی دەدات. 

* پەكەكە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ رەوتی سیاسەتی جیهانی ناڕوات، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی بە كردەوەكانی ناشیرین كردووە، ئایا بۆچی پەكەكە هەموو ئامانجی ئەوەیە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ناشیرین بكات؟

- پەكەكە چەندین هەنگاوی هەڵگرتووە بە ئامانجی ئەوەی خەڵك لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام تێدا سەركەوتوو نەبووە، چونكە چەكدارانی پەكەكە بۆ كورد هەوڵ نادەن، بەڵكو بۆ توركیایەكی دیموكراتی كار دەكەن، لەلایەكی دیكەوە گوایە ئەوان بۆ مرۆڤایەتی و هەموو دنیا كار دەكەن و بیروباوڕی ئەوان جیاوازە لەگەڵ ئەو حزب و لایەنانەی كە نیشتمانپەروەرن و بۆ كوردایەتی كار دەكەن و دژایەتی ئەوانەش دەكەن، هەر لەبەر ئەو بیروباوڕەشیانە هەموو كات بەتایبەتی ئێستا دژایەتی باشووری كوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەكەن.

* بە رای ئێوە ئەم ئاراستەی پەكەكە بۆ ریگرتن لەوەی كوردانی باشوور و رۆژ‌ئاوا بگەنە ئامانجی خۆیان، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ واتە پەكەكە بۆچی لە دژی بەرژەوەندییەكانی باشوور و رۆژئاوا رەفتار دەكات؟

- ئەمەی پەكەكە دەیكات بە ئاراستەی دژایەتی و دوژمنایەتیی كوردایەتییە و ئەمەی پەكەكە دەیكات پەیوەندی بە مەسەلەی باشوور و رۆژئاوی كوردستان نییە، بەڵكو دەڵێن ئێمە زۆر پێشكەوتووین و قوناغی ئێستا بۆ دیموكراتی و مرۆڤایەتییە، ئەگەرچی لە هەموو دنیا كەس هەق بە ئێمە نادات، بەڵام چەندین ساڵە بوار و دەرفەتێكی باش و ئازادی بۆ كوردان لە باشوور هاتووەتەدی، لەبری ئەوەی پەكەكە پشتگیری بكات، دژایەتی دەكات، بۆ تێكدانی ئەو بارودۆخە باش و سەقامگیرەی لە باشووری كوردستان هەیە، هەروەها لەسەر هەموو حزب و لایەن و كەسایەتی و كوردێك كە نەتەوەییە پێویستە پشتگیری باشووری كوردستان بكەن و پارێزگاری بن، نەك وەك پەكەكە هەوڵی تێكدان و خراپەكاری دەرهەق بە باشوور بدات. بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی ئێستا پەكەكە دەیكات، نەك پێچەوانەی و دژی سیاسەتی باشوورە بەڵكو پێچەوانە و دژی كوردایەتییە.

Top