پارادیپلۆماسی كوردستانی بەهێز بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر ..

پارادیپلۆماسی كوردستانی بەهێز بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر ..

بەو پێیەی كە پێگەی جیۆسیاسی و ئابووری كوردستان كەوتۆتە ناوچەیەكی هەستیار و پركێشە و مڵمڵانێیەوە ، وایكردووە كە زۆرجار لە كاتە هەستیارەكان وپێداگری لە سەر مافەرەواكانی گەلی كورد رووبەرووی كۆسپ و تەگەرەی زۆر ببێتەوە ، ئەو رەوشەش هەر لە خەبات و شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەلەكەمان و بەتایبەت لەم پارچەی كوردستان دیارترین ئەو ئاماژانەن .
ئەگەر لە قۆناغەكانی خەبات و بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان ، گەلی كورد دروشمێكی ''یان كوردستان، یان نەمان'' كە زۆرتر لە رێگەی خەباتی چەكدارییەوە تێدەكۆشا بۆ گەیشتن بەم مافەرەواكانی ، بەڵام لەسەردەمی سەردەمی خەباتی شارستانی و سڤیلدا ، ئەوا بە هێزی سیاسی و دیپلۆماسی و گفتگۆ و لۆژێك لە هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چِركردۆتەوە لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی و بەدەستهێنانی باقی مافەرەواكانی.
لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوو و دوای ئەوەی گەلی كورد توانیی ببێتە قەوارەی هەرێمی كوردستان بە بەشێوەی دەستووری و نیمچە سەربەخۆیی لە رووی ئابووری وسیاسی و ئیدارەییەوە بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە خۆی بەرێوە بردووە ، لە هەمان كاتیشدا ، لە رووی دیپلۆماسیەوە توانیوێتی رووی گەش و راستەقینەی گەل و نیشتیمانەكەی بە جیهان بناسێنێت و سەرنجی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە و دونیا بەلایی خۆیدا رابكشێت .
لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا لە هەندێ بارودۆخ كە تەنگژە لە نێوان ئەكتەر دەوڵەتییەكان بەرز دەبێتەوە، ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان دەتوانن رۆڵیكی كاریگەر و بەرفراوانتر لە ئەكتەری دەوڵەتی بگێڕن، چونكە هەم جێگەی متمانەن و هەمیش ئەكتەری نادەوڵەتی زۆرتر بە دوای سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و گەشەكردنی ئابوریدا دەگەڕێت. ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە زمانی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیپلۆماسی بە پارادیپلۆماسی هەژمار دەكرێت.
بەتایبەتی ئەگەر هەڵوەستە لەسەر هەموو ئەو سەردان و بانگهێشتە فەرمییانەی هەرێمی كوردستان و شێوازی مامەڵەكردنی سیاسی و دیپلۆماسی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان چ لە سەر ئاستی ناوچەكە و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی بكەین ، ئەوا راستییەكی حاشاهەڵنەگرمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەو متمانە و پەیوەندییانە چەندە كاریگەریان لە سەر بەهێزتر كردنی پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە .
هەر بۆیە، ئەو جۆرە شێوازە دیپلۆماسییە كە بە پارادیپلۆماسی یان دیپلۆماسی وڵاتانی نیمچە سەربەخۆییە ، كە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان بەو هۆیەوە توانیوێتی سەنگی هەرێمی كوردستان بە ئارٍاستەی باش و جێگەی متمانە ببات و ئەمڕۆ وایكردووە كە ، لەگەڵ هەر رووداو و پێشهاتێك كاردانەوەی خێرایی لە پشتیوانیكردنی گەل و هەرێمی كوردستانی لێبكەوێتەوە .
ئەمرۆ ، هەرێمی كوردستان و بەتایبەت هەولێری پایتەخت ، بەهۆی ئەو سیاسەت ژیرانەی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سەرۆك بارزانیی و ئەو دیپلۆماسییەتە كاریگەر و وردەوە ، توانیوێتی سەرنج زۆرێك لە سەركردەكان و دیپلۆماتكارانی جیهان بەڵایی خۆیدا رابكێشێت بە شێوەیەك كە لەكاتی سەردانیكردنی یان بۆ بەغدای پایتەخت ، ناتوانن بە بێ‌ سەردانیكردنی هەولێری پایتەخت ، ئەو ئەركە سیاسی و دیپلۆماسییەكەیان تەواو بكەن ، چونكە باش دەزانن كە چارەسەری كێشەكان لە هەولێر و لایی بارزانیی دەكرێنەوە .
ئەگەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە لە سەر گرنگی و بایەخی هەرێمی كوردستان و ئەو متمانە و دڵنییاییەوە بكەین ئەوا بوونی چەندین كۆنسوڵخانەی وڵاتانی زڵهێز لەپایتەختی كوردستان و ئینجا چەندین گەورە كۆمپانیایی گەورەی جیهان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستیانەن و هەروەها سەردانی چەندین سەركردەی جیهانی و پاپای ڤاتیكان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان ئاماژەیەكی روون و ئاشكران بۆ بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەشەوە بانگهێشتە فەرمییەكان بۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە سەر ئاستێكی بەرز بۆ وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریكایی و ناوچەكە دەرخەری دیپلۆماسییەتی سەركەوتوویی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییە ژیرانەكەیەتی.
بەتایبەت بەدەنگەوە هاتنی وڵاتانی زڵهێز و یەكێتی ئەوروپا لە قۆناغە هەستیارەكان چ لە سەردەمی هێرشی رێكخراویی تیرۆریستی داعش و ئینجا مووشەكبارانكردنی هەولێری پایتەخت لە لایەن میلیشا لە یاسا دەرچووەكان و گوشارەكانی وڵاتانی هەرێمایەتیی و بەغدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەرئەنجامی ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتە سەركەوتووانەی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان . ئەوەی بۆ وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپایی گرنگە هەولێری پایتەختە كە ناوچەیەكی گرنگ و كاریگەرە لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندێك كە ئەمڕۆ شوێنی یەكڵاكردنەوەی زۆرێك لە پرسە هەستیارەكانە ، جەختكردنەوەی پشتیوانیكردن لە كوردستانێكی بەهێزتر ئاماژەیەكی روون وئاشكرایی هەنگاوەكان بەرەو ئاسۆیەكی گەشە .

Top