داوا دەكرێت ئەمریكا مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ پەنابەرانی عێراقی بكات

داوا دەكرێت ئەمریكا مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ پەنابەرانی عێراقی بكات

بەم دواییە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە سەردانێكی قەرمی گەیشتە ئەمریکا، لە میانی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی كە پەیوەندیدارن بە دۆسییەی کۆچبەران و پەنابەران كۆبووەوە، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئیڤان فایق گوتی: عێراق گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی عێراق لە ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەو پەنابەرانەی داوای پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمریکیان ڕەتکراوەتەوە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕوونی كردەوە  كە لە كۆبوونەوەكانیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە لەمەودوا پێویستە  بەرپرسانی ئەمریكا مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ پەنابەرانی عێراق بكەن.

ئیڤان فایەق لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا باسی لەوە كرد كە دەبێ حكومەتی ئەمریكا بە وردی لە دۆسییەی پەنابەرانی عێراق بكۆڵێتەوەو مامەڵەیەكی مرۆییان لەگەڵدا بكات، تاكو دواجار بتوانن ڕەگەزنامەی ئەمریكی وەربگرن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لەم سی ساڵەی ڕابردوودا بە هەزاران كەس لە خەڵكی عێراق بە هەموو نەتەوەو كەمینەكانەوە ڕوویان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە، ژمارەیەكی زۆریان ڕەگەزنامەیان وەرگرتووەو زۆریش ماون چاوەڕوانی ڕەزامەندیی بەرپرسانن بە مەبەستی وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتە.

 

 

Top