وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دەدات
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دەدات و رای گەیاندووە بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان دوور نییە کارەسات روو بدات.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رای گەیاندووە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، دۆخەکە مەترسیدارە و دوور نییە بە پابەندنەبوونی خەڵکی بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە، کارەساتێکی تەندروستی روو بدات.
هەروەها هانی عوقابی بریکاری وەزیری تەندروستیی عێراق لە پەیامێکدا هۆشداری لە خراپیی دۆخی تەندروستی داوە و رای گەیاندووە: "ژمارەیەکی زۆری تووشبووان لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەردان و باری تەندروستییان ناجێگیرە".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق، تاکوو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 17 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەست داوە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی تاکوو ئێستا نزیکەی 830 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدراوە.