ئــەكـرەم سـاڵـح بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پارتی ئامادەكاریی باشی كردووە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنێت
ئاشكرایە كە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە و، بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشە سیاسییەكەی، هێزەكانی هەرێمی كوردستانیش لە كێبڕكێدان بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا بچەسپێنن، لە هەمووشیان دیارتر و بەرچاوتر پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پێشوودا توانی براوەی هەرە سەرەكی بێت و، ببێتە حزبی ژمارە یەك و زۆرترین كورسیی نێو پەرلەمان مسۆگەر بكات، ئەمجارەش پارتی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و بە گەرموگوڕیی و جدییەتێكی بەرچاوەوە، بەشدارە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، لەم ڕووەوە ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕێی گوڤاری گوڵانەوە بەم شێوەیە پەیامی خۆی گەیاند:
ئاشكرایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییە و، لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەوراز و نشێوی زۆری تێپەڕاندووە و، ئامانجی خۆی لە بەدیهێنانی ئاسوودەیی و ئازادی بۆ خەڵكدا چڕكردووەتەوە، بە چەشنێك كە لە هەر قۆناغێكدا پارتی بەهێز بووبێت، مرۆڤی كورد هەستی بە ئارامییەكی زیاتر كردووە و، خەڵكی كوردستان هەستیان بە ئیرادەیەكی بەهێز كردووە، چونكە پارتی هەمیشە لە سەنگەری میللەتدا بووە و، لە سەنگەری بەرگریكردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بووە. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانكراوەكەی عێراقەوە، ئەوا پارتی ئامادەكاریی باشی كردووە بۆ ئەوەی سەركەوتنی گەورەتر بەدەست بێنێت و، بڕوا و متمانەی بە خەڵكی كوردستانیش هەیە كە پشتیوانییەكی گەورەی دەكەن، چونكە لە چوار خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەمیشە پەرلەمانتارانی پارتی داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بوون. هەر بۆیە بۆ خەڵكی كوردستان گرنگە كە پشتیوانیی ئەو هێزە بكات كە دەتوانێت نوێنەرایەتیی خواستەكانی بكات، لەم ڕوانگەیەوە پێموایە لەم هەڵبژاردنە و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووشدا، لە بەرگریكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هیچ هێزێك ناتوانێت ببێتە بەدیلی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە ئێمە داوا لە خەڵكی كوردستان بەگشتی دەكەین، متمانە بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن، هەروەها داوا لە خەڵكی گەرمیان دەكەین كە متمانە بە كاندیدی پارتی بكەن كە هەڤاڵ (شوان محەمەد ڕۆستم)ـە كاندیدی ژمارە 24 كە كادیرێكی گەنج و خاوەن بڕوانامە و قوربانیدەرە و، لە خانەوادەیەكە كە زۆربەی كەسوكاری بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، هەروەها كەسێكی چالاكی بواری سیاسی و مەدەنییە و، ئێمە هیوایەكی بەرزمان پێی هەیە، كە سەربكەوێت و لە چوارچێوەی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، خزمەتێكی باش بە خەڵكی كوردستان بە گشتی و، سنووری گەرمیان بەتایبەت بكات. سەبارەت بە قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش، ئەوا ئێمە بەشدار دەبین لەو حكوومەتەی كە لە عێراقدا پێك دەهێندرێت، بەشداربوونەكەشمان لەسەر بنەمای پابەندبوون و جێبەجێكردنی دەستوور دەبێت و، بە گوێرەی پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان دەبێت، لەم ڕووەوە خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە لە دوای هەڵبژاردنەكانیش، هەر هەوڵی یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورد دەدەین، ئەمە هەنگاوی یەكەممان دەبێت، هەنگاوی دووەمیان ئەوەیە ببینەوە بە داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان، بەتایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە نێویاندا جێبەجێكردنی ماددەی 140كە بابەتێكی گرنگ و ستراتیژییە، تا بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش تەنیا بانگەشە نییە، بەڵكو ئێمە دەزانین كە پارتی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە، لە سەركردایەتیكردن و ڕێبەرایەتیكردنی ئەو هەوڵ و هەنگاوەكانە، بە ئاراستەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پێداگری لەسەر بەدیهێنان و پاراستنی مافەكانی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بە سەروەری و پاراستنی كوردستان و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان، بەهێزبوونی پارتی واتە بەهێزبوونی ئەو پارتەی پێشەنگە لە داكۆكیكردن و بەدیهێنانی مافەكانمان.