فراكسیۆنی پارتی بەیاننامەیەكی لەبارەی بێڕێزیكردن بە پەرلەمانتارێكی كوردستان بڵاو كردەوە

فراكسیۆنی پارتی بەیاننامەیەكی لەبارەی بێڕێزیكردن بە پەرلەمانتارێكی كوردستان بڵاو كردەوە

دوێنێ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی بێڕێزیكردن بە پەرلەمانتارێكی كوردستان لە بازگەی عەربەت-سلێمانی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "بەداخەوە ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنمان هەڵکەوت لالە ئەنوەر لە بازگەی عەربەت_سلێمانی بێڕێزی پێکراوە و زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە لەلایەن کارمەندانی بازگەوە. ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی ئەم کارە بەتوندی ئیدانە دەکەین و دژی هەر بێڕێزییەکین بە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەم بابەتە بۆ ئێمە مایەی قبووڵکردن نابێت، پەرلەمانتار خاوەنی پارێزبەندییە و دوای خۆ ناساندنی دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئینجا پەرلەمانتاری هەر لایەنێک بێت".

هەروەها دەڵێ "وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ ڕێكاری په‌یڕه‌وی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین هەڵوێستییان هەبێت لەم بابەتەداو چاوەڕێی ئەوەین بەدواداچوونی جدی بکەن. له ‌هه‌مان كاتدا هۆشداری ده‌ده‌ین له‌وه‌ی بێڕێزی كردن به‌ هه‌ڤالانمان قبوڵكراو نابێت و بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێست نامانهێڵێته‌وه‌".

جێی باسە ئەمڕۆ هەڵكەوتی لالە ئەنوەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەم لە ھەولێرەوە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، لە بازگەی عەربەتی سلێمانی، دوو ئاسایشی بازگەکە ھاتنە بەردەم ئۆتۆمبێلەکەم لەگەڵ کارمەندێکی دەزگای زانیاری، بە شێوەیەکی زۆر ناشرین داوای ئەوەیان کرد من خۆم بناسێنم، منیش زۆر بەئاسایی بە کارمەندەکەم گوت (من ھەڵکەوتی لالە ئەنوەرم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان)".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشی گەیاندبوو "دوای خۆناساندنم، کارمەندەکەی ئاسایش داوای ناسنامەی لێکردم منیش بە کارمەندەکەم گوت، ناسنامەت دەدەمێ بەڵام بۆ چیتە؟ من ھەموو ڕۆژێک چوار جار بەم بازگەیەدا تێدەپەڕم، بەڵام کارمەندەکە بە شێوەیەکی زۆر ناشرین گوتی، من باوکی خۆشم ناناسم فەرمانم پێکراوە و دەبێ جێبەجێی بکەم، بۆیە باشترە ناسنامەکەتم نیشان بدەی".

Top