"ئەتەکێتی پێشوازیکردنی گەشتیاران لە دەروازە سنووری و فڕۆکەخانەکاندا"

بەر لە ھەموو شتێک تادێت جیهان بچووک دەبێتەوە و سنوورەکان نەرمتر دەبن. لە سەردەمی ئێستادا جیهانگیری مرۆڤی کردووە بە بونەوەرێکی گەڕۆک و جوڵاو و بزۆک. بەزمانی ئەم چەرخ و سەردەمە دەکرێت بڵێین مرۆڤ بووە بە گەشتیارێکی هەمیشەیی و سنووربڕ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە فەرھەنگ و کولتووری جیاجیاوە بۆ تێکەڵ بوون و بینین و شارەزابوون و بەسەرکردنەوەی وڵات بە وڵات لەو سەری دونیا بۆ ئەو سەری دونيا.
ئەوەی جیگەی سەرنجە چۆن بتوانین لە ڕێگەی توانای مرۆیی و ھونەری مامەڵەکردن کاریگەریی دروست بکەین لەسەر ئەو کەسانەی لە ڕێگەی یەکێک لە دەروازە سنوورییەکان یاخود فڕۆکەخانەکان سەردانی کوردستان دەکەن.
کەواتە، دەکرێت بپرسین چۆن لە ژیانی کرداری و رۆژانەماندا لە ڕووی ئەتەکێت، دیپلوماسیەت و ھێزی نەرم خۆمان دەربخەین و شووناس و بوونی خۆمان بە گەشتیار و میوانان ئاشنا بکەین بەبێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەکی ئابووری و سیاسیی بکەوێتە سەر فەرمانگە و دامودەزگا میرییەکان؟ چونکە ڕاستە تادێت جیهان بچووک دەبێتەوە و سنوورەکان نەرمتر دەبن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە سوود لە ھێزی مامەڵەکردن وەرنەگرین و بێئاگابین لە دیوە شاراوەکەی ھونەری مامەڵەکردن و سایکۆلۆژیای گەشتیاریی. بۆیە دەکرێت بڵێین لەم سەردەمەدا پەنابردن بۆ ھێزی نەرم و سوودوەرگرتن لە ھونەرەکانی لە زۆربەی دۆخەکاندا بە باشترین و کاریگەرترین جۆری ھێز لە ژیانی تاکە کەسی و لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و لە بوارەکانی سیاسی، گەشتیاری، ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و برانده جيهانييەکان دادەنرێت.
لەم بارەیەوە، پێویسته‌ به‌پێى لایه‌نه‌ شارستانییه‌كانى كورد و فه‌رهه‌نگى جیهانیبوون، جگه‌ له‌ ئه‌ته‌كێتى زانستییانه‌ى جیهانى، فه‌رهه‌نگى ڕه‌سه‌نى میواندارى و هاوكارى و هاوسۆزیى كورده‌وارى، گه‌رموگوڕیى و ئه‌ده‌بى میوانداریى جاران، ئەتەکێت و ڕێزگرتن و لوتف شیرینی جاران بە بەرگێکی نوێ و شارستانییانە بێنینە ناو كاره ئیدارییە‌كانمان، به‌تایبه‌تى له‌ ده‌روازه‌ سنووری و فڕۆكه‌خانه‌كان، و بازگەکانی ئاسایش و پۆلیس و مۆل و ھۆتێل و بە گشتی کەرتی تایبەت و گشت دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، به‌ڵام به‌ شێوازێکی مۆدێرن و ئه‌ته‌كێتى نوێ و سه‌رده‌میانە کە نیشاندەری ئەتەکێت و میواندۆستی و میوانپەوەری حکوومەت و گەڵی کوردستان و مورکی کوردیانەی پێوە دیار بێت.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ ده‌بینین فه‌رهه‌نگى مامەڵە و قسه‌كردنى كۆن زۆر جوانتر و ڕێزدارانه‌تربوو‌ له‌چاو كولتوورى به‌شێك لە ھەندێک خەڵک و لاوانى ئێستا، كه‌ زۆربه‌یان بوونه‌ته‌ كارمه‌ند و فەرمانبەری حكوومه‌ت و له‌ كایه‌ کارگێری و سەربازی و فرۆکەخانەکان و دەروازەکان و بازگەکان و کەرتی تایبەت كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆر پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ کە فەرمانبەری حکوومەتن، یان لە شوێنێک کار دەکەن مامەڵەیان لە گەڵ میوان و بیانییەکانە، ئەو کەسانە بن کە لە ڕووی پیشەیی پرۆفیشناڵ و نموونەیی بن، چونکە ئەمانە نیشاندەر، چاو و ئاوێنەی وڵاتن، پێویستە ڕه‌چاوى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ھونەری پێشوازیکردن و ئەتەکێتی میواندارى و مامەڵە و خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری بكه‌ن.
ھەروەھا ئەوانەی لە فرۆکەخانەکان و دەروازەکان پێشوازی لە بیانییەکان و گەشتیاران دەکەن، پێویستە لە ڕووی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی رووخساری میوانان بخوێنەوە و پولینیان بکەن و شارەزاییان ھەبێت کە چۆن ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، ئەوەی لە ھەمووی گرنگترە بتوانن زانستیانە بە روویەکی خۆش و دەم بە خەندە و ئەتەکێتێکی جوان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و ھەمیش لایەنی ئەمنی خۆیان لەبەرچاو بگرن و کردەوەیەکی وانەکەن کە ھەستی میوان و گەشتیار بریندار بکرێت، ئەگەر تۆمەتباریش بێت، یان شکێکی ئەمنی یان ھەر بابەتێکی دیکە کە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی جێی مەترسییە، پێویستە بە جوانی ببردرێتە ژوورێکی تایبەت و ئیجرائات و رێکاری یاسایی و پێویست بەرامبەرێ بگرێتە بەر، چونکە ھەر میوانێک یان گەشتیارێک پێویستە بە چاوی بالوێزێک سەیر بکرێت و رێزیان لێ بگیرێت و بە بازاری مامەڵەیان لە گەڵ نەکرێت، چەندە ئەو کارمەندە، چ حکوومی یان کەرتی تایبەت بێت پێویستە بەرێزەوە پێشوازیان لێبکرێت و رێکارەکانیان بەرامبەر جێبەجێ بکرێت و چەندە جوان و رێک بن، ئەوەندە وڵاتەکەمان بە جوانی دەبینن، چونکە سەردەمی ئێستا سەردەمی ھێزی نەرم و چەرخی لوتف شیرینییە، ئەو رێکار و ھەڵسوکەوتانە چەندە شارستانی و دوور لە پەیڤی بازاری بن، ئەوەندە کاریگەری سایکۆلۆژی و ھەستی خۆشەویستی لەسەر دەروونی گەشتیار و میوان دروست دەکات.
ھەر بۆیە سه‌رده‌مى نوێ سه‌رده‌مێكى ئاڵۆزه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ژێر پێوانه‌ مۆدێرنه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنى تاكگه‌رایی هه‌ندێ له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ریتییه‌كان خراونه‌ته‌ لاوه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ هه‌ندێ له‌و به‌ها نه‌ریتییانه‌، ده‌توانن به‌شێك بن له‌ ژیانى هه‌نووكه‌ش، به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى میواندار و بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ گه‌شتوگوزار به‌ ئاسانى ده‌رده‌كه‌ون. سوود وه‌رگرتن له‌ به‌هاى به‌رزى میواندارى و براندە جیھانییەکان و ئەتەکێتێکی سەردەمیانەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری گەشتیاریدا، بۆ په‌ره‌پێدانى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم دوو سه‌ره‌یه‌: لە لایەک ده‌بین به‌ خاوه‌نى تایبه‌تمه‌ندى میواندارى گه‌شتیارى كه‌ مۆركێكى كورده‌وارییانه‌ى ده‌بێت و شوناس و ناسنامه‌یه‌كى تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان، پێشتر زۆربەی دانیشتوانی قەزا و ناحییەكان لایان نامۆ بووە كە هۆتێل لە ناوچەكانیان هەبێت و باسیان لەوە كردووە كە ئەوان پیاوەتی ئەوەیان تێدا بووە كە میوان بەرنەوە بۆ مالەوە، یەك لە رۆژهەڵات ناسەكان باس لەوە دەكات كە لە ناو كوردەكاندا گەرچی ژنێك پیاوەكەشی لە ماڵ نەبۆبێت میوانەكانی بەڕێزەوە بەرێ كردووە.
لە لایەکی دیکەوە باشترین به‌ بازاڕ كردن بۆ گه‌شتوگوزارى هه‌رێم دروست ده‌كات، چونكه‌ هه‌ر گه‌شتیارێك كه‌ ئاسووده‌ بێت له‌و ڕه‌فتار و ڕەو‌شته‌ى پێشوازیكردن، ڕه‌نگه‌ بۆ چه‌ند جارێك بێته‌وه‌ بۆ هه‌مان شوێن، هه‌روه‌ها له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ و ھاوشارییانی خۆى به‌ جوانى و باشی باس له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و سه‌دان گه‌شتیارى تر هانده‌دات بۆ گه‌شت كردن بۆ هه‌مان شوێن، لە سەردەمی ئێستادا بەشێكی زۆر لە وڵاتانی دونیا لەسەر ئابووری گەشتیاری دەژین وەك سەرچاوەیەكی بەردەوامی داهاتی وڵات.
ھەندێک جار له‌ ده‌روازه‌ سنووری و فرۆکەخانەکان یان بازگەکان، ھۆتێل و مۆل و شوێنە گەشتیارییەکان هه‌ڵسوكه‌وتى ناشیرین و دوور له‌ نەریت و كولتوور و بەھا مرۆییەکان به‌رامبه‌ر به‌ ھاووڵاتی و میوان و گەشتیاران كراوه‌، زۆرجار بێ نه‌زاكه‌تى، مامەڵەی دوور لە ئەتەکێتی مرۆیی بینراوه‌ و دووچارى شه‌رمه‌زارى و ناشیرین بوونی وڵات بووین، بۆیه‌‌ له‌ ده‌روازه‌ سنووری و فڕۆکەخانەکان و ئەو شوێنانەی کە واجیھە یان پێناسەی وڵاتن، پێویستە شارەزایی لە ئەتەکێتێکی شارستانی و وشه‌ى نەرم و سه‌رده‌میانه‌ و مامەڵەی جوان بین، دەکرێت ساڵانە چەند خولێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە فرۆکەخانەکان، دەروازەکان و بازگەکان و ھەتا کارمەندانی کەرتی تایبەت بکرێتەوە لەسەر لایەنی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی و رێکاری یاسایی و شێوازی ھەڵسوکەوت و بە خێرھاتن و چونیەتی رێنمایی و ھاوکاریکردن، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌ كه‌ ده‌توانین كاریگه‌ری له‌سه‌ر گەشتیاران و میوانه‌كانمان دروست بکەین و وێنا و سیمایه‌كى جوان و سه‌رده‌میانه‌ له‌ خۆمان و وڵاتەکەمان پێشان بده‌ین، ئه‌مه‌ كارێكه‌ هه‌م ئاسانه‌ و هه‌م قورس. ئاسانه،‌ چونكه‌ به‌شێكى به‌رچاوه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕۆڵ و ھەستی میوانداریكردن، به‌ڵام به‌شێكیشی قورسه‌، چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پلانداڕێژى زانستی و به‌كارهێنانى ئامرازه‌ نوێ و مۆدێرنه‌كانى وه‌ك میدیا و ته‌كنۆلۆژیا و پسپۆرییه‌ زانستییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، هه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌ى خێزانییه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ به‌رزترین ئاست، هه‌لومه‌رجه‌كانى میوانداری و فه‌رهه‌نگسازییه‌كى شایسته‌ به‌رهه‌ڤ بكه‌ین. لە لایەکی دیکە پێویستە سیاسه‌تى فه‌رهه‌نگى و کولتووری میوانپەوەری و بواری ئەتەکێتی سەردەمیانە له‌ زانكۆكانى كوردستان كارى له‌سه‌ر بكرێت و فرۆکەخانەکان و دەروازەکانی‌ كوردستان به‌ كرده‌وه‌ و به‌ تێكه‌ڵكردنى كولتوور و ئه‌ته‌کێتی سه‌رده‌میانه‌ و لووتف شیرینی و ھەستی میواندۆستى و مێوانپەروەری وێنایه‌كى جوان پیشانى میوانان و گەشتیاران و بە گشتی جیهانى ده‌ره‌وه‌ بدات، تا ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ی کورد سه‌ره‌ڕاى هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانى مێژووی خۆى و ئه‌و كوشت و كوشتاره‌ و شه‌ڕه‌ى كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاوه‌، به‌ڵام هێشتاش خاوه‌نى جوانترین وێنه‌كانى مرۆڤایه‌تى و كولتوورێكى به‌رزی میوانپەوەری و میواندۆستییە‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت لە جیهانیش.

(*)

بەرێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران

Top