لە ئەنجامی تەقەکردن لە خاکی ئێرانەوە چوار سەربازی پاکستان کوژران

لە ئەنجامی تەقەکردن لە خاکی ئێرانەوە چوار سەربازی پاکستان کوژران

 

 

لە ئەنجامی تەقەکردن لە ئێرانەوە بەرەو سنووری پارێزگای بەلوچستانی پاکستان ٤ سەربازی ئەم وڵاتە کوژران.

سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە لە سنووری پارێزگای بەلوچستان لەگەڵ ئێران تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی دەوریە کراوە و ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٤ سەربازی پاکستان کوژراون.

بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی ئاماژەی پێکراوە، ئەم تەقەکردنە لەلایەن چەکدارەکانی خاکی ئێرانەوە بەرەو ناحیەی کیچ لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان ئەنجامدراوە.

سوپای پاکستان لە بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردەوە، کە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی ئێران كردووە و داوایان لێکراوە ڕێوشوێنی کاریگەر بەرامبەر ئەو چەکدارانە بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە لە داهاتوودا.

تا ئێستا هیچ کەسێک و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

ئەمە دووەم ڕووداوی تەقەکردنە لە خاكی ئێرانەوە بەرەو پاکستان لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ١٨ی کانوونی دووەم کاروانێكی هێزە ئەمنییەکانی بەلوچستان لە خاکی ئێرانەوە کرایە ئامانج و چوار سەربازی پاکستان گیانیان لەدەستدا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top