دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاری كردووە

دڵشاد شەهاب  وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاری كردووە

 

 

هەفتەی ڕابردوو وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە دیاریكردنی ڕۆژی 8ی 11ی 2023ی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، هاوكات كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستانیش بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوەش یەكلایی بكرێتەوە، دوای هەمواركردنەوەی یاساكەش حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پێویست بۆ كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دابین دەكات، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەم هەنگاوانە ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و شەخسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆریان داوە،  بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ڕێژەیی هاودەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دروست ببێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە و چەندین پرسی پەیوەندیداری دیكە، گوڵان ئەم دیمانەی لەگەڵ دڵشاد شەهاب وتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا‌.

 

* هەفتەی ڕابردوو وەك وتەبێژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانت ڕاگەیاند، ئایا ئەم ڕاگەیاندنە تەنیا وەك ئەركێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە ڕووی یاساییەوە پێویستە ئەو ڕۆژە ڕابگەیەنێت، یان پێشوەختە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە و ئەو ڕۆژەتان دیاری كردووە؟

- دەتوانم بڵێم هەردووكیانە، ئەمەش واتە لە ڕووی یاساییەوە ئەمە ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت و وادەی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكات، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو حەوت مانگ و نیوەی لەبەردەستدایە پەرلەمان فریای هەمواركردنەوەی یاسا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بكەوێت و، كۆمسیۆنیش ماوەی پێویستی لەبەردەستدا بێت، كە بەلانی كەم شەش مانگە، هەر بۆیە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن بەرزترین دەسەڵات كە ئەویش دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە ئەمە وەك پێداگرییەكە بۆ ئەوەی پابەندبوونێكی فەرمی لەسەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكات. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەم بەروارەوە بۆ دیاریكردنی ڕۆژ هەڵبژاردن هەست دەكرێت كاردانەوەیەكی ئەرێنی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە و هەروەها سەردانی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیشمان كرد و، سەرۆكی پەرلەمان ئامادەباشیی خۆی پیشان دا كە هەماهەنگ بێت لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەنگاو و ڕێوشوێنەكانی دیكە كە پێویستن بە خێرایی بچنە پێشەوە.

* ئایا پێش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئێوە وەك تیمی ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانتان كردووە؟

- دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕووی یاساییەوە لەسەر ئاستی نێوەندە نێودەوڵەتییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوەكان و دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان دەكات، ئەم نوێنەرایەتیكردنەش نابێت تەنیا سنووردار بێت بە دەسەڵات و ئەو حزبانەی هاوپەیمانییان كردووە و حكومەتیان پێكهێناوە، بەڵكو دەبێت نوێنەرایەتیی سەرجەم گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە و بیروبۆچوونە جیاوازەكانیشەوە بكات، هەر بۆیە هەر لە دەستپێكی كارەكانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم پرانسیپە یەكێك بووە لە ئەولەوییەتی بەرنامەی كاری خۆی و پیادەی كردووە، بە كردەییش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان كراوە و، تەنانەت لە دوایین هەنگاویشیدا بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دیسان جەنابی سەرۆكی هەرێم ئێمەی ڕاسپارد بۆ ئەوەی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكەین، ئێمەش سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانمان كرد و ڕاوێژمان لەگەڵ هەموویان لەسەر ئەم پرسە كردووە، لەمەشدا ڕاستە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و دەتوانێت ڕاستەوخۆ بڕیار دەربكات و ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بیركردنەوەی بەڕێزیان بەو جۆرە بوو كە تەنانەت لە پیادەكردنی ئەم دەسەڵاتەشدا گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەكان خۆیان لە بڕیارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا ببیینەوە، هەر بۆیە دوای ئەوەی ڕاوبۆچوونی هەموو حزبە سیاسییەكانمان وەرگرت و خستمانە بەردەمی بەڕێزیان لەسەر كۆی ئەو ڕابۆچوونانە ئەم كاتە دیاری كراوە.

بەشێكی دیكەی بیركردنەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەو جۆرەیە لەم قۆناغەی هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ماڵی كوردستان پێویستی بە تەبایی و یەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە، لە مێژووی حوكمڕانی خۆیدا كۆمەڵێك هەنگاوی قورسی بۆ تەبایی و یەكڕیزی هەڵگرتووە، هەر بۆیە ئێستا كە جۆرێك لە پەرتەوازەیی سیاسی هەیە، دەزانین ئەو هەنگاوانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چەند گرنگ و پێویست بوون.

* ئەم قسانەتان یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی بەبیر هێناینانەوە كە ئەوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كابینەی پێنجەم بوو، لەپێناو ئامانجێكی گەورەدا كابینە وەزارییەكەی بنكەفراوان كردبوو، ژمارەیەكی زۆری وەزارەتی لەخۆ گرتبوو، ئایا تاچەند توانییان لەوكابینەیەدا ژێرخانی تەبایی و یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی زامن بكات؟

- كابینەی پێنجەم نزیكەی دوای 12 ساڵ لە دابڕان و دوو ئیدارەیی دروست بوو، ئەم كابینەیە بۆ یەكگرتنەوەی دوو حكومەتی هەولێر و سلێمانی بوو، ژینگەیەكی سیاسی تەندروستی ئەوتۆ نەبوو، كە مەزندەی ئەوە بكرێت جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی بتوانن لە یەك حكومەتدا وەك یەك تیم پێكەوە كاربكەن، هەر بۆیە جەنابی نێچیرڤان بارزانی كە ڕاسپێردرابوو ئەو كابینەیە پێكبهێنێت، لەپێناو ئەو ئامانجە گەورەیەی تەبایی و ئاشتبوونەوە و یەكڕیزی هەموو ڕێگەیەكی گرتەبەر بە بوونی ژمارەیەكی زۆری وەزارەت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان بەشدار بن، هەتا كابینەكەی پێكهێنا و ئەم كابینەیە بناخەی تەبایی و یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان و حوكمڕانی دروست كرد، هەر بۆیە بەردەوام و هەتا ئێستاش بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی بەوجۆرە بیردەكاتەوە كورد بەتایبەتی و گەلی كوردستان بەگشتی  پێویستە تەبا و یەكڕیز بێت.

* لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەم دیدارێكی گرنگی لە هەولێر هەبوو، هەمیش دیدارێكی لە سلێمانی هەبوو، لە هەردوو دیدارەكەدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقیش زۆر باسی گرنگی بە گەشبینیەوە پێشكەش كردین، ئایا مەبەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم دوو دیدارە چی بوو؟

- لە ئێستادا دوو پرسی زۆر گرنگ هەن، یەكەمیان پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقە، دووەمیشیان، پرسی تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، هەر بۆیە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامەكانی بۆ ئەم دوو پرسە گرنگە تەرخان كردبوو.

سەبارەت بە خاڵی یەكەمیان كە پەیوەندی بە پێگە و پەیوەندییەكانی هەرێمەوە هەیە لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق، كە بەپێی یاسا سەرۆكایەتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرپرسی یەكەمە بۆ نوێنەرایەتیكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵی، بۆیە زۆر بە جددی هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە كرد، بەتایبەتی وەك هەموو لایەك دەزانن ئەم حكومەتەی ئێستا كە بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكایەتی دەكات، لەناو ژینگەیەكی سیاسیی ئارامدا پێك نەهاتووە، بەڵكو لە ئاكامی بارودۆخێكی سیاسیی زۆر قورس و پڕ تەنگژە لە ماوەی ساڵێك زیاتر و دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی تەیاری سەدر و پێكهێنانی هاوپەیمانیی نوێ ئەوجا توانرا ئەو حكومەتە پێكبهێنرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت هەموومان ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەین كە هەموو لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەم حكومەتەی لەسەر پێكهێناوە، ئەم ڕێككەوتنەش بۆ یەكەمجارە وەك بەڵگەنامەیەك نووسراوە، پاشانیش لە پەرلەمان وەك بەرنامەی حكومەتەكەی سوودانی پەسەند كراوە، لەناو ئەم ڕێككەوتنەشدا كۆمەڵێك خاڵی زۆر باشی تێدایە كە ئەو گرێكوێرانە دەكاتەوە كە چەندین ساڵە وەك كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵی هەیە و بێ چارەسەر ماونەتەوە، هەر بۆ نموونە «داڕشتنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی كە هەتا ئێستا ئەم یاسایە بوونی نییە، چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشانەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستانی دروستی كردوون، هەروەها دووبارە كاراكردنەوەی مادەی 140ی دەستوور و... چەندین كێشەی دیكە» كە ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا بوونیان هەیە، بۆیە لەم ڕووەوە هەڵسەنگاندنی بەڕێزیان و لە هەردوو دیدارەكە و ئێستا بەو جۆرەیە كە حكومەتی ئێستای عێراق بە ئاراستەیەكی باش دەڕوات. بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی كە سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە‌، جارێكی دیكە پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دووپات كردەوە، هەرچەندە ڕووداوی نوێ هاتووەتە پێشەوە، بەڵام تا ئێستا پێچەوانەی ئەو پابەندبوونە ڕووی نەداوە.

سەبارەت بە پرسی دووەمیشیان كە پرسی «تەبایی و یەكڕیزییە لە كوردستان، ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، گرفتەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»، لەسەر ئەم پرسە گرنگانەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی هەڵوەستەی لەسەر ئەو گرفتانە كردووە، بەتایبەتی كە ئەم دوولایەنە دوو هێزی سەرەكیی پێكهێنەری حكومەتن، بێگومان هەر گرفتێك لەنێوان ئەم دوولایەنە (پارتی و یەكێتی) هەبێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر كاروبارەكانی حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەقامگیریی هەرێم و ڕەنگدانەوەی لەسەر پێگەی هەرێم لە مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت، هەر بۆیە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەردوو دیدارەكەی هەولێر و سلێمانی زۆر جەختی لەسەر ئەم پرسە كردەوە و بانگەوازیشی بۆ تیمی یەكێتی كرد، بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ئێستاشدا هەوڵەكانی هەر بەردەوامن بۆ لێكنزیكردنەوەی هەردوو لایەن و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوانیان.

* ئایا بڕیاری دادگای ناوبژیوانی بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی دروست ناكاتەوە؟

- بە دڵنیاییەوە بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بڕیارێكی كاتییە، چونكە لەو ڕێككەوتنەی نێوان هەرێم و لایەنەكانی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی سوودانی، لەسەر ئەو پرانسیپانە ڕێككەوتوون، بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ فرۆشتنی نەوتی هەرێم و كۆكردنەوە و ڕێكخستنەوەی داهاتەكان لەسەر ئاستی عێراق و پاشان دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەم پرسانە لەناو ڕێككەوتنەكەدا هاتوون، ئێستا كار بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت، ئەوەی ڕووی داوە شتێك نییە بڵێین ئاستەنگێكی زۆر گەورە لە پرۆسەكەدا دروست دەكات. واتە ئەمەی كە ڕووی داوە، ئەنجامی ئەو مامەڵە ناتەندروستانەیە كە حكومەتەكانی پێشتری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوویانە و هەموو پرسەكان پێكەوە گرێ دراون، هەر بۆ نموونە ئەگەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور پارێزراو بوونایە و بەردەوام پشكی هەرێمی كوردستانیان بناردایە، هەروەها ڕێز لە دەستوور بگیرایە و دەستوورەكە جێبەجێ بكرایە و ددان بەوەدا بنرایە كە هەرێمی كوردستان مافی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی هەیە، بێگومان هەرێمی كوردستانیش هەنگاوەكانی بە شێوەیەكی دیكە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی هەڵدەگرت، بەردەوامیش لە ساڵانی 2012 و 2013 هەوڵەكانی بەوجۆرە بوون كە ئەم كێشەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوان لە 2014 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕی.

ئێستا نییەتێكی باش لەلایەنی حكومەتی بەغداوە هەیە بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان بە كێشەی نەوت و گازیشەوە بە ڕێگەی دەستوور چارەسەر بكرێن، هەروەها هەوڵێك هەیە بۆ دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، لەمەشدا گرنگە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی خۆی بكات.

سەبارەت بە ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانیش، بێگومان عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەگەڵ توركیا دوو دەوڵەتی دراوسێن، چەندین بەرژەوەندیی هاوبەشی «ئاسایش و سەربازی و بارزگانی و ئابووری و ئاو»یان هەیە، هەروەها دواجار حكومەتی عێراق بڕیاری داوە كە تەواوی مەرزە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەسرە بە هێڵێكی شەمەندەفەڕ بەشێكی بە بەندەرە جیهانییەكان و بەشێكی دیكەشی لە ڕێگەی توركیا بە ئەوروپاوە گرێ بداتەوە، ‌ دواجار ڕێككەوتن لەسەر شێوازێكی دروست بۆ ئاییندە دەكرێت، بۆیە گرنگە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەربكرێت و پەسەند بكرێت، لەم یاسایەدا شێوازی مامەڵەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دیاری دەكرێت، ئەمەش بە شێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێراق دەبێت و مافەكانی هەرێمی كوردستانیشی تێدا پارێزراو دەبێت.

* ئەمساڵیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لە بەشداربووە دیارەكانی كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهان لە میونشن، لەگەڵ ئەوەی بایەخی سەرەكیی ئەم كۆنفڕانسە لەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بوو، بەڵام پێگەی هەرێمی كوردستانیش دیار بوو، ئایا چۆن سەیری ئەم پێگەیەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا، لە ڕووی ئەرك و مافەوە و بەو شێوازەی دەستوورەكە لەلایەن حكومەتی بەغداوە جێبەجێ دەكرێت و ڕەفتاری بەرانبەر هەرێمی كوردستان پێ دەكرێت، هەتا ئێستاش ماف و دەسەڵاتەكانی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی بەرجەستە نین، خۆ ئەگەر ئەو ماف و دەسەڵاتانەی لە دەستووردا بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراون، وەك خۆی جێبەجێ بكرابان، كە ئێستا ئومێدمان زۆرە كە حكومەتی سوودانی جێبەجێیان بكات، ئەوا پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاریگەریی زیاتر دەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا وەك دەبینن هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و دیپلۆماتیی كاریگەری لە ناو هاوكێشە سیاسییەكاندا هەیە و دەتوانم بڵێم بەپێی قەوارەی خۆی كاریگەریشی لەسەر هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان هەیە.

سەبارەت بەو دیدار و كۆبوونەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە كۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن‌ ئەنجامی داون، دەرخەری دوو ڕاستین:

یەكەمیان: ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی كاریگەری لە ناوچەیەكی زۆر ستراتیژی و ژیارییدا هەیە.

دووەمیان: ئەو نوێنەراتیكردنە دروستەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانی كردووە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی پەسەندی ناوە، ئەگەرسەرنج بدەین لە دوانامەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا و زۆرێك لەو شاندانەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ كراوە، دەبینین هەموویان ڕۆڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆیی و پیادەكردنی سیاسەتی دراوسێیەتی باش و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ بۆ كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بەرز دەنرخێنن.

* ئایا دەتوانین بە گەشبینیەوە سەیری هەوڵەكانی داهاتووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، یان ڕاشكاوانەتر بەرنامەی هەیە بۆ كۆكردنەوەی كۆی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان؟

- بە دڵنیاییەوە بیركردنەوە و هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی پارتی و یەكێتییە و، ئەم هەوڵانەی بەڕێزیشیان بەردەوام دەبێت.

بەڕێزیان بەردەوام جەخت لەسەر یەك شت دەكاتەوە و دەڵێت: «هەموومان بەیەكەوە بەهێزین، بە پەرتەوازەیی كەسمان بەهێز نین، گرنگە چوارچێوەیەك بۆ ململانێی حزبیمان هەبێت، كە ئەویش بەرژەوەندیی گەلی كوردستانە و دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوە سەیر بكرێن».

هەر بۆیە من دڵنیام لەم ساتەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكێك لەو پرسە گرنگانەی بیری لێ دەكاتەوە، ئەوەیە‌؛ چۆن نێوماڵی كوردستان یەك بخات، ڕۆڵێك بگێڕێت لە خاوكردنەوەی ئەو گرژییانەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بوونیان هەیە.

Top