كلارا ئۆدیشۆ ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: بە پێداگریی سەرۆك بارزانی مافی كریستیانەكان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا جێگیر كرا

كلارا ئۆدیشۆ  ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  بە پێداگریی سەرۆك بارزانی مافی كریستیانەكان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا جێگیر كرا

 

 

 

پرسی پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی پرسێكی گرنگ و بایەخدارە و، هەمیشە سیاسەتی حكومەتیش ئەوە بووە كە گرنگیی زیاتر بەم پرسە بدرێت و پتر قووڵ بكرێتەوە، لەم ڕووەوە هەنگاوی كرداریی لە پێناویدا هەڵگرتووە، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ كلارا ئۆدیشۆ ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو نیعمەتەی پەروەردگارە كە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان شانازی پێوە دەكەن، ئێوە وەك پەیڕەوانی ئایینی كریستیان چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانەی كوردستان دەكەن و ئایا لە دەرەوە كریستیانەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانەی كوردستان دەكەن؟

- بابەتی پێكەوەژیان بۆ كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان و لە عێراقیش زۆر گرنگە، چونكە چەند پێكەوەژیان بەهێز و پتەو بێت لە نێوان پێكهاتەكاندا و پارێزگاری لەو پێكەوەژیانە بكرێت، ئەوەندە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان زیاتر گەشە دەكەن، ئەمەش دەبێتە مایەی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی لەو وڵاتەدا، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر تەماشای مێژوو بكەین، دەبینین ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەبووە، تا ڕاددەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە، ئێمەش وەك كریستیانەكان لەو هەوڵدانەدا بەشدارین تاوەكو ئەو پێكەوەژیانە بگاتە ئاستێك كە بە یاسا پارێزگاریی لێ بكرێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 5ی دەركرد، بۆ پارێزگاریكردنی پێكەوەژیانی ئاشتی و لێبووردەیی لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی كوردستاندا، بێگومان پێكەوە ژیان پەیوەندیی بە لایەنەكانەوە هەیە، چونكە پێكەوەژیان واتە قبووڵكردنی یەكتر و هاوبەشی لە نێوان پێكهاتەكان لە خۆشی و ناخۆشی و ڕێزگرتنی یەكتر، واتە نەك هەر كەمینە پێویستی بە پێكەوە ژیانە و پێویستە پێوەی پابەند بێت، بەڵكو دەبێت زۆرینەش لەو كۆمەڵگەیە زیاتر پابەند بێت و ڕێزگرتنی تەواوی بۆ ئەو پێكەوەژیانە هەبێت، چ نەتەوە بن، چ ئایین و ئایینزاكان، بەڵام هەندێك جار هەندێ كەس، یان لایەنێك یان لە پێكهاتەیەكدا پێشێلكاری بەرانبەر پێكهاتەیەكی دیكە دەكەن، ئەو هەڵە و كێشانەش بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە، مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و، لە ئەنجامدا چارەسەر دەكرێت و كێشە و گرفتەكە درێژە ناكێشێت، چونكە دەزانرێت پلانداڕێژدراو نییە، بەڵكو بیر و هەستێكی تاكە كەسییە، هەر بۆیە كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانەكە دروست ناكات، چونكە پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغی لێبووردەیی و ئاشتییەوە و سەقامگیریی لێ كەوتووەتەوە، هاوكات كریستیانەكان لە دەرەوەی وڵات بە چاوێكی ڕێزەوە لەو واقیعی پێكەوە ژیانە جوانەی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، هەر بۆیەش بەردەوام كریستیانەكانی دونیا لێرە و لەوێ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەت لە بۆنە ئایینیەكاندا وەك ئەوەی ئەمساڵ لە مەراسیمی كیتۆ كە سەری ساڵی نەتەوەییمان بوو، بینیمان چەندین كەس لە وڵاتانی جیا جیا لە كریستیانەكان هاتبوون و بەشدارییان لەو بۆنە و مەراسیمە گەورەیە كرد.

* سەرۆك مەسعود بارزانی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش دەرگای هەرێمی كوردستانی واڵا كرد بۆ ئەوەی هەموو كریستیانەكان و ئایینە جیاوازەكانی دیكە لە سەرانسەری عێراق بپارێزێت، ئایا ئەو پێداگرییەی سەرۆك بارزانی بۆ پێشوازیكردن لە هەموو كریستیانەكان كە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقەوە بێنە كوردستان چۆن دەخوێنیتەوە؟

- ئەو كارە مرۆڤایەتییە گرنگ و مەزنەی ئەنجامی دا، تەنیا لە سەركردەیەكی مەزنی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی دەوەشێتەوە كە بە حەكیمیی خۆی بڕیاری دا، دەرگای هەرێمی كوردستان بە ڕووی برایانی كریستیاندا بكرێتەوە، كە لەو كات و ساتەدا ڕووبەڕووی پەلامار و كوشتن و جینۆساید ببوونەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، ئەو بڕیارە حەكیمانەی سەرۆك بارزانی بوو وای كرد، كریستیانەكانی عێراق ڕزگاریان ببێت و بتوانن بە ئازادی ژیان و گوزەرانی خۆیان مومارەسە بكەن لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە هەولێری پایتەختی كوردستاندا، ئەمە سەرەڕای بوونی ئەو قەیرانە ناخۆش و گەورانەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردبوو، بەتایبەت قەیرانی دارایی و بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە جەنابی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان ئەو بڕیار و هەڵویستەی سەرۆك بارزانی زۆر بەرز بنرخێنێت .

* لەگەڵ بەشی زۆری قەشە و مەتران و پیاوانی ئایینی كەنیسەكانی كوردستان قسەمان كردووە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە لە سایەی لۆژیك و ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانیدا هەست بە ئەمان و دڵنیایی دەكەن، ئایا ئەم ئەمان و دڵنیاییەی تێكڕای پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان بە عەقیدەی بارزانیان هەیە، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- ئێمە وەك كریستیانەكان باوەڕمان وایە كە شەخسی سەرۆك بارزانی مەرجەعییەتی هەرێمی كوردستانە، چونكە بڕیار و كار و هەڵویستەكانی مایەی هێمنی و ئاسایش و دڵنیایی و متمانەیە بۆ هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی لە هەموو كاتێكدا جەنابیان جەخت لەسەر پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دەكاتەوە، كە هاوبەشی ڕاستەقینەن لە حكومەت و ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا، لەلایەكی دیكەوە لە ناوچەكە و دەوروبەری هەرێمی كوردستان بەپێی بەڵگەنامەكانی مێژوو، كریستیان زۆر بوون، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ بە هۆی ئەو زوڵم و بارودۆخەی لەلایەن دەسەڵاتداران و حكومەتەكانی ناوچەكەوە هەبووە، كریستیان كۆچیان كردووە و كەم بوونەتەوە، ئێستا تاكە شوێن لە ناوچەكەدا هەرێمی كوردستانە كە مەسیحییەكان تێیدا زۆرن و بە دڵنیایی و ئاسوودەییەوە مومارەسی ژیانی خۆیان دەكەن، من تەئكید دەكەمەوە لە پاشەڕۆژدا مەسیحییەكان لەو ناوچەیەدا تەنیا لە هەرێمی كوردستان دەمێنن، چونكە هەرێمی كوردستان خاوەن مەرجەع و سەركردەیەكی مرۆڤدۆستی وەك سەرۆك مسعود بارزانییە كە مەرجەعی هەموو گەلی كوردستانە و پێداگری و هەوڵی بەردەوامی جەنابیان بۆ پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە، بە شێوەیەكی ئاوا كە بەشداری ڕاستەقینە بین لە حكومەت و ئیدارە و پەرلەمان و هەموو دامودەزگاكانی كوردستاندا، لە ڕاستیدا ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت، ئەوەیە كە نەوەی نوێی كریستیانەكان ناتوانن بەو شێوەیەی ئێستا لە شارەكانی عێراقی فیدڕاڵ بمێنن، بەڵكو بە هۆی ئەو ئەمن و سەقامگیرییەی لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە، چاویان لەوەیە ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان و تێیدا نیشتەجێ بن.

* لە هەفتەی ڕابردوو دیسان بە پێداگریی سەرۆك بارزانی كۆتای كریستیانەكانی دهۆك و هەولێر لە ناو یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا جێگیر كرا، بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆتان لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیتان بكەن، ئایا تا چەند دانانی كۆتای كریسیتان لەسەر ئاستی كوردستان خزمەتی نوێنەرایەتیی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق دەكات؟

- ئەو كورسییانەی كوتای هەولێر و دهۆك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر خزمەتی ئێمە دەكات، پێداگریی جەنابی سەرۆك بارزانی لەوەی كە ئەوە لە ناو یاسای هەڵبژاردندا جێگیر بكرێت، بە كارێكی چارەنووسساز بۆ كریستیانەكان دادەنرێت، چ لە ڕووی نەتەوەیی، چ لە ڕووی ئایینییەوە، واتە ئەگەر جددییەت و پێداگریی جەنابی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئەوا مافی ئێمە وەك كریستیانەكان لە عێراق و كوردستان پێشێل دەكرا، چونكە هەندێك لایەنی شیعە و كەسانی دیكە، دەیویست خۆی وەك نوێنەری ئێمە پێشان بدات، بەڵام لە ڕێگای جەنابی بارزانی و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئەوە قبووڵ نەكرا و ڕێز لە ڕاوبۆچوونی ئێمەی كریستیانی ڕاستەقینە گیرا و ئەو ئیمزایانەی لەلایەن كریستیانەكان كۆكرابووە، بە هەند وەرگیرا و هەق و بەرژەوەندییەكانی ئێمەی كریستیان لە ناو یاسای هەڵبژاردنی عێراقدا جێگیر كرا.

* لەسەر ئاستی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا كێشمەكێشی حزبەكان لەسەر كۆتای پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، لەمەشیاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگری لە كورسیی كۆتای پێكهاتەكان دەكەن و لایەنەكانی دیكە دەیانەوێت دابەشتان بكەن، ئایا ئێوەی كریستیان هەڵوێستی خۆتان چۆنە لەم پرسەدا، دەتانەوێت چۆن بڕیار بدرێت؟

- ئێمە بە پاڵپشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی توانیومانە ئەو كێشە و گرفتانەی لەو بارەوە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، پێداگریی لەسەر بكەین و قبووڵی نەكەین كە هەندێك لایەنی كوردستانی، بەتایبەت لە ناو پەرلەماندا موزایەدەی سیاسیمان لەسەر بكەن و بیانەوێت مافی ئێمە بخورێت، چونكە هەندێك حزبی سیاسیی كوردستانی چاویان بڕیوەتە كورسیی كۆتاكان و دەیانەوێت دەنگەكانمان پەرش و بڵاو ببێتەوە و كورسییەكانمان بفەوتێت، كە ئەمەش جێگای قبووڵ نییە، نەك تەنیا لای ئێمەی پێكهاتەكان، بەڵكو لەلای جەنابی سەرۆك بارزانی و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو پەرلەمانی كوردستانیشدا قبووڵكراو نییە، چونكە مەبەستی ئەو حزب و لایەنانەی كە دژی ئێمەن، دۆزینەوەی گرفت و كێشەیە لە بەردەم پڕۆسەی دیموكراتیی كوردستاندا، كە لە هەڵبژاردندا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە دەیانەوێت كورسیی ئێمە كەم بكرێتەوە و دابەشی سەر حزبەكانی بكەن، كە ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی حزبایەتی خۆیانە، بەڵام ئێمە بەو پاڵپشتی و هێزە گەورە و كاریگەرەی لەگەڵمانە كە جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتییە، لەسەر داوا ڕەواكانی خۆمان پێداگر دەبین و كار بۆ سەركەوتنی دیموكراتی و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە دەكەین، كە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی تێدا مسۆگەر بكرێت، كە ئەمەش لەبەرژەوەندیی هەموو كوردستانە.

* حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی یەكجار باشی بەو ناوچانە داوە كە زۆرینەیان كریستیانن و لە ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا كە ناحیەی عەنكاوە بكرێتە قەزا، ئایا چۆن سەیری مامەڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پشتگیریی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لە كوردستان؟

- سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی كە ڕووبەڕووی حكومەت بووەتەوە، بەڵام لە هەموو كار و پلان و ئیدارەدانی دامودەزگاكاندا، بەتایبەتی لە پڕۆژەی چاكسازی و هاتنەدیی شەفافییەت و نەهێشتنی گەندەڵی، سەركەوتنی مەزن و بەرهەمداری بەدەست هێناوە، كە ئەمەش بۆ توانا و لێهاتوویی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە گرنگیدان بە پێكەوە ژیان، ئەوە وەزارەتێكی سەربەخۆی تازەی دامەزراند بۆ كاروباری پێكهاتەكان و نوێنەر و كەسانی پێكهاتەكان بە شێوەیەكی بەرچاو و كارا دەبینرێن لە جومگە گرنگ و سەرەكییەكانی حكومەتدا، لە ناو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بۆ پێكهاتەی كریستیان و ئێزیدی بە جیا دامەزراندوە و شان بەشانی پیاوانی ئایینی ئیسلام گرنگیی زۆری بە پیاوانی ئایینی ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستانداوە و، یەكێك لە گرنگترین و بەرچاوترین بڕیارەكانی كابینەی نۆیەم بوونی عەنكاوەیە بە قەزا، كە شوێنی كریستیانەكانە و ئێمە وەك كریستیانەكان وای دەبینین، بەرنامەو پلانی گەورەتر و بەرچاوتر هەیە بۆ گرنگیدان بە كریستیانەكان و بە پێكهاتەكانی دیكەش، كە ئەمە دەبێتە هۆكاری سەركەوتنی تەواو و ڕاستەقینەی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.

Top