يەكێتی ... و ترسی هەڵبژاردن!!

يەكێتی ... و ترسی هەڵبژاردن!!

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بە دۆخێکی بێ وێنەدا تێدەپەڕێت لەدوای دامەزراندنیەوە دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی 1991. تەنانەت ڕۆژانی شەڕی ناوخۆش وا نەبوو. چونکە دامودەزگاکانی هەرێم لەو سەردەمەدا شەرعیەتیان لەدەست نەدابۆ، بەڵام ئەمڕۆ هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە بڕیارەکەی پەرلەمانى كوردستان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نادەستوورییە، کەوتۆتە بۆشایی دەستوورییەوە و بەمجۆرە دامودەزگاکانی هەرێم شەرعیەتی خۆیان لەدەستدا. بۆیە هێزە کوردستانيەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لە کارکردن بە هەموو لايەنە نەتەوەى و تائیفى بۆ لابردنى ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی هەرێم بتوانن شەرعیەتی خۆیان بەدەستبهێننەوە. وە ڕزگارکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستانی عێراق و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بە حکومەتی هەرێم و دامودەزگاکانی وة لەهەمان كات بۆ دۆستانمان بسەلمێنين کە هەرێم ڕێز لە دیموکراسی دەگرێت.

بەڵام سەیر لەوەدایە کە زۆربەی هێزە کوردستانيەکان، زۆر بەداخەوە، دڵخۆشن بەو دووخەى کە هەرێمی کوردستان بەرکەوتووە، وە لەوە سەیرتریش دڵخۆشی هاوبەشی ستراتیژی پارتییە بەو دووخەى کە ئەمڕۆ هەرێم تێدەپەڕێت، كە ئەويش یەکێتی کە بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە هەرێم. ئەلێرە چيگاى پرسیارە ئايە بۆچی یەکێتی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەستاوە؟ هۆکارەکە بۆ هەموو چاودێرێکی کاروباری کوردستان ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە بە هۆی ئەو هەلومەرجە ناوخۆییەی کە تێدەپەڕێت، بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووز و ئەو ناکۆکی گەورەیەی کە لە چوارچێوەی ڕیزەکانیدا ڕوویدا, لەهەمان كات یەکیتی باش دەزانێت لەم هەڵبژاردنانەدا توشی خەسارەتێکی گەورە دەبێت، وە زۆرێک لە دەنگەکانی لەدەست دەدات، بۆیە بەهەموو شێوەیەک کاردەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو هەنگاوانەی کە کاردەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن. چونکە بە دڵنیاییەوە دەزانێت کە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کورسییەکی زۆر لەدەست دەدات و دوا هەنگاوی بۆ ئەوە پێداگرییە لەسەر بەردەوامبوون لە تانەدان لە دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای کۆنی هەڵبژاردن کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بوو بە دی فاکتۆ, چونکە لە غیابی پەرلەماندا ئەستەمە یان تەنانەت مەحاڵە یاسا کۆنەکە هەموار بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت، بۆیە پێداگرییەکەی لەسەر درێژەدان بە تانەدانەکە لە دادگای فیدراڵی بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئامادەنەبوونی ئەو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێستادا.

لە لایەکی ترەوە پارتی، بە هۆی ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێدا، پێویستە بە شێوەیەکی نەرمتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و شەرعیەت بۆ دامودەزگاکانی هەرێم بگەڕێنێتەوە. چونکە وەک ئاماژەمان پێدا زۆربەی هێزە کوردستانيەکان ڕازین وخۆشحاڵن بەو دووخەی کە ئەمڕۆ هەرێم تێدەپەڕێت.

بۆیە پێویستە لەسەر پارتى فەرش لە ژێر پێیانەوە ڕابکێشێت و کار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکات، چونکە پارتى تاکە لايەنە کە زیان پێگەیشتووە لەم هەنگاوەوە,  وە ئەم بۆشاییە دەستوورییە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئەدای کارکردنی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی کوردستان, وە لۆمەی دۆستانی ئەوروپی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو، لە هەمان كات حیزب حاکمە، بۆیە بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆی پارتيە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامودەزگاکانی هەرێم. وە بەردەوامى ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لەدەستدانی پشتیوانی دەرەکی لەلایەن دۆستانمان لە ڕۆژئاوا، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە يەكێتي دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەوەستێت چونکە ئەم پشتیوانییە نیگەرانیان دەکات. لە لایەکی ترەوە سەرکەوتنەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاک مەسرور بارزانی و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی هێناوە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە حکومەت تێپەڕیوە نیگەرانیان دەکات، بۆیە پارتی دەبێت واقیعەکە بخوێنێتەوە و بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە کار بکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە هەرێم. لێرەدا یەکێتی هیچی نيه لەدەست بدات, وە عەرەبیش دەڵێن (کێبڕکێ لەگەڵ پیاوێک مەکەن کە هیچی نيه لەدەست بدات)، بۆیە نابێت پارتی دەرفەت بەو کەسانە بدات کە سوردمەندن بە درێژەدان بەم دۆخە و زووترین کات كار بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لێرەدا بێگومان هەموو چاوەکان ڕوو لە مەرجەعى کورد و کوردستان کاک مەسعوود بارزانی دەکەن کە لە قوتابخانەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ احمد بارزانی و باوکی ڕۆحی نەتەوەى کورد و کوردستان مەلا مستەفا بارزانی فێربووە کە بەرژەوەندی کورد و کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە تەسکەکانی حزبییەوەیە، و ئەوانیش لەپێناو ئەو مەبەستەدا گیانیان بەخت کردوە, بەمەبەستی کارکردن لەسەر خستنەڕووی دەستپێشخەرییەک بۆ لادانى  هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە ڕێگای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کوردستان وەستاون,  وە هەر ئەمەش چاوەڕێی دەکەین لەجەنابيان. بوە ئەوەى دوژمنانی کورد و کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە سوود لە بارودۆخی ئێستا وەرنەگرن.

Top