"مەسرور بارزانی"، مۆدێلێکى نوێى سیاسەت و حوکمڕانى

 

لە کوردەواریدا دەربڕینێکى باو هەیە کە دەڵێن "کاڵا بە قەت باڵایە "؛ ئەمە لە حاڵەتێکدا دەگوترێ، ئەگەر کەسێک، پۆشاکێکى گونجاو لەبەر بکات و بە باشترین شێوە لێى بێتەوە و لەگەڵى بگونجێت، یان پۆستێکى شیاوى پێ بدرێت و بە هەمان شێوە بە نایابترین شێوە رایپەرێنێ و لە ئاستی گەورەییدا بێتەوە، یان ئەوەتا وەسفێک و وشەیەک دەردەبڕی بەرامبەر بە کەسێک، کە لەوپەڕى گونجاویدا نیشاندەرى هەموو توانا و بلیمەتی و لێهاتووییەکانی بێت.
لە نووسین و دەربڕیندا، زۆرجار لە پاش ناوی کەسایەتییە داهێنەرەکان، ئەوانەى کە کاریگەرییان لەسەر رەوتى کار و بیرکردنەوە و ژیانى مرۆڤەکان داناوە یان دادەنێن (ئیتر هەریەکەو بە ئاست و پێوانەى ژینگەى خۆى)، بەرێز "مەسرور بارزانی"، خاوەنى فکر و چوارچێوەیەکى بەرنامەبۆداڕێژراو، داهێنەر، ئامانجدار و بیرکردنەوەیەکى مەزنی ھەیە بۆ ئایندە، کە دەتوانێ موعجیزە ئاسا، کاریگەرى لەسەر ژیانى مرۆڤەکان و جۆرى روانینیان بۆ ژیان و چۆنیەتى ئەنجامدانى کردەوەکانیان هەبێت.

ئێمە لەناو هەرێمێکى بچووک لە رۆژهەڵاتێکى ناوەڕاستی هەزار رەنگى پڕ قەیران و هەڕەشەدا دەژین. لەم هەرێمەدا و بەتایبەت کاتێک سەیرى ئاڵنگارییە جدییەکانى دواى کۆرۆنا دەکەین کە ژیانیان وەستاند و دواى ئەوەش وەک هەمیشە کێشە و ململانێ سیاسییە بەردەوامەکان سەریان هەڵدایەوە و زۆر کەس ئومێدى لەبەر بڕابوو و زۆر کەسیش خۆى دابوو و داویەتە دەستی بەرژەوەندییە تەسکە کاتییەکان، مرۆڤێک بە هێزەوە و بەوپەڕى تواناوە، پرسی بەهێزبوون دەهێنێتە ناو فەرهەنگى سیاسی و بۆ جێبەجێکردنى ئەم کارەش، رووبەڕووى هەموو ئاڵنکارى و بەربەستە ناوخۆیى و دەرەکییەکان دەبێتەوە و "کوردستانێکى بەهێز"، لە ئایدیاوە دەگوازێتەوە بۆ کردەوە و واقیعى سیاسی و کۆمەڵایەتى.

جەنابى "مەسرور بارزانى" لەم بڕگەیە لە ژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتى کوردستاندا، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندى وەک ستراتیژییانە بیرکردنەوە، لێهاتوویى، خاوەن پڕۆژەبوون و نوێکاریی، دژایەتیکردنى گەندەڵی و بەدیهێنانى چاکسازى، گۆڕەپانى سیاسی کوردستان رەنگڕێژ دەکات، بەجۆرێک کە زۆر بە سانایى دەتوانین کاریگەرییەکانى لەسەر پانتایى ژیانماندا ببینین.
لە سەردەمی کابینە چوار ساڵییەکەیدا، هەرچەندە دوو ساڵی سەرەتای، هەم کوردستان و هەم جیهان بە پەتای کۆرۆناوە سەرقاڵ بوون و ئەم پەتا جیهانییە، ژیان و ئومێدى ژیانکردن و گەڕانەوەى بۆ ژیانى ئاسایى، لە هەندێک بڕگەدا بۆ ئاستی سفر دابەزاند، بەڵام بە هێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئیدارەى کرد؛ بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین حکومەتى هەرێمى کوردستان لە رووى رێکارەکانى رووبەڕووبوونەوە و دابینکردنى پێداویستییە تەندروستییەکان، لە ریزى دەوڵەتە هەرە پێشکەوتوو و بە مشوور و بەرپرسیارەکانى دنیا بوو. هەموو ئەمەش بۆ ئەوە بوو، کە خەڵک ئومیدیان بە ژیان هەبێت. ئەمە جگە لەو کێشە و نا ئارامییانەى کە بەردەوام لە لایەن نەیارانی ئاشتی و ئارامی کوردستانەوە، رووبەڕووى کوردستان دەکرانەوە. لەو ماوە کورتەدا، بەڕێزیان بێجگە لەوەی کە زیرەکانە ڕێگری لە هەوڵە نەزۆکە دەرەکی و ناوخۆییەکان کرد، کە مەبەستیان بوو بەچۆکیدا بهێنن و کابینە حکومەتییەکەی لێ هەڵوەشێننەوە، هاوکات توانیویەتى گڕوتینێکی زۆر بە گەشەى ھەرێمی کوردستان، ببەخشێ؛ کردنەوەی بازاڕى جیهان بۆ کاڵاى کوردى و بەخشینی ئومێد بۆ وەبەرهێنەر و جوتیارانى ناوخۆیى، بڕیارى تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ وەرگێڕانى کتێبی کوردى بۆ سەر زمانە بێگانەکان کە نیشانەى ئەوەیە کورد دەیەوێ وەکو خۆى لە لاى ئەوانى تر بخوێندرێتەوە، پەرەسەندنى ژێرخانى ئابوورى و کردنەوەى چەندین کارگەى ستراتیژى و خوڵقاندنى دەیان هەزار هەلى کار بۆ گەنجان، گەشەدان بە کەرتى ئابوورى و کردنەوەى دەرگا بۆ وەبەرهێنەرە بەتواناکان، پەرەسەندنى کەرتى رێگاوبان و نۆژەنکردنەوەیان، دژایەتیکردنى گەندەڵى، هەبوونى پاکێجى تایبەت بە چاکسازى و گەڕاندنەوەى سەدان ملیار دینار بۆ خەزێنەى حکومەت، راگرتنی شکۆى هەرێمى کوردستان وەک هەرێمێکى فیدراڵ لەنێوان خواستە دوژمنکارییە دەرەکییەکان و دەنگە ناوخۆییە نەخوازراوەکان و لە گۆڕنانى خەونى نەهێشتن و بێهێزکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کردنەوەى دەروازەى سنوورى زیاتر لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ...هتد.

هەر دەرەنجامى ئەم سیاسەت و ئەم روانینە ستراتیژییانەیە، کە واى لە وەزیری وزەی ئەمەریکا کردووە بڵێت: بەڕێز "مەسرور بارزانی موعجیزەیە".
لێرەوە، زۆرمان نەگوتووە ئەگەر بڵێین ئەوەى بووەتە داینەمۆى نووسینی میژوو لەم بڕگەیەى ژیانى سیاسیماندا، سەرۆکی حکومەت روانگە و ھزر و ستراتیژێکە لەسەر بنەمای بەرز راگرتنی شکۆ و کەڕامەتی تاک و ئیرادەیەکى بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکان، کارکردنە بۆ بەدیهێنانى گۆڕانکارى لە ژیانى تاکى کوردستانى بە ئاڕاستەى خۆشبەختی؛ بینینی بەربەست و ئاڵنگارییەکانە وەک دەرفەتێک؛ "مەسرور بارزانی" مۆدێلێکى نوێی سیاسەت و حوکمڕانییە لە میژووى کورددا و دۆکترینێکە بۆ بنیاتنانى "کوردستانێکى بەهێز".

سالار تەحسین سەیدۆ دری

Top